ناونیشانی بابەت: داوای گەڕانەوەی بەردنووسی کێلەشین لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئورمییە دەکرێت
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەردنووسی #کێلەشین# شوێنەوارێکی مێژووییە لەنزیک ناوچەی کێلەشین سەربە شارۆچکەی #سیدەکان# لە باشووری #کوردستان# و نزیک سنووری شاری #شنۆ#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراوەتەوە. لە ساڵەکانی هەشتاکان، واتە لە جەنگی نێوان (ئێراق و ئێران) بە بیانووی پاراستنی بەردە شوێنەوارییەکە لەلایەن ئێرانەوە، گواستراوەتەوە بۆ مۆزەخانەی نیشتمانیی #ورمێ# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا دەکرێت ئەم بەردە شوێنەوارییە مێژووییە بگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنی خۆی.
ناوچەی کێلەشین لەسەر ڕێگای سۆران بۆ شاری شنۆ، لە بەرزایی دوو هەزار و 860 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، بەرزیی بەردنووسی کێلەشین یەک مەترە و پانییەکەی 60 سانتیمەترە، بە نووسینی بزماری (مێخی) بە دوو زمانی ئۆرارتۆ و ئاشووری لەسەری نووسراوە.
نووسینەکەی سەر ئەم بەردە لە (43) ڕستە پێکهاتووە، مێژووەکەی بۆ 800 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، لە هەر دوو لایەکانی نووسین هەیە، کە لایەکی بە نووسینی #ئورارتو# و لایەکەی دیکەیش بە ئاشوورییە. ئەم بەردەنووسە لەلایەن (ئیشیوینی و مینۆوا) ، کە هەردووکیان پاشاکانی خاکی (تۆشیبا) بوونە، نووسراوە و وەکوو دیارییەک بە خواوەندی خالیدی، خواوەندی شاری مۆساسیر دراوە.
فازڵ هاودیانی، مێژوونووس و لێکۆڵەر لە سنووری ئیدارەی سۆران، بۆ (باسکورد) دەڵێت: لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، چەندین شوێن و ناوچەی شوێنەواریی گرنگ هەن، پێویستیان بە کاری کنە و پشکنین و پاراستن هەیە، یەکێک لەو شوێنەوارە گرنگانەش بریتی بووە لە (بەردەنووسی کێلەشین) ، کە لە دوای ساڵی 1984 لە جەنگی نێوان ئێراق- ئێران، بە بیانووی پاراستنی بەردە شوێنەوارییەکە، لەلایەن ئیرانەوە گواستراوەتەوە ئێران و لە مۆزەخانەی نیشتمانیی شاری ئورمییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانراوە، من لەنزیکەوە سەردانی مۆزەخانەکەم کردوووە و چاوم بەم بەردنووسە شوێنەوارییە کەوتووە.
ئەو مێژوونووسە خوازیاریشە ئەم بەردەنووسە شوێنەوارییە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو شوێنەی، کە پێشتر لێی بووە، واتە بۆ کێلەشین لە سنووری شارۆچکەی سیدەکانی باشووری کوردستان و لەوێ پارێزگاریی لێ بکرێت، یان لە مۆزەخانەی کولتووریی شاری #هەولێر# دابنرێت، لە هەمووشیان گرنگتر، پێویستە هەوڵ بدرێت مۆزەخانەیەکی شارستانی و کولتووری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابمەزرێت، بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لە ناوچەکەدا دەدۆزرێنەوە، تیادا کۆبکرێنەوە و پارێزگارییان لێ بکرێت.
لای خۆیەوە پارێزەر پشتیوان ڕزگار، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: کەلوپەلە شوێنەوارییەکان نیشانە و هێمای نەتەوە و مێژووی کۆمەڵگە و موڵک و سامانی وڵاتن، پێویستیان بە پارێزگاری لێکردن هەیە، بۆ مەبەستی هێشتنەوەی سمبول ی مێژوویی نەتەوە لەهەر وڵاتێکدا، هەر جۆرە دەستدرێژیکردنێکیش بۆ سەر ئەو جۆرە کەلوپەلانە چ بە دزینیان بێت، یا لەناوبردنیان بێت، ئەوا دەچێتە چوارچێوەی تاوان و ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە، جا ئەگەر کەلوپەلە شوێنەوارییەکان لەلایەن تاقەکەسێک یا چەند کەسێکەوە بردرابن، ئەوا بەپێی یاسای ناوخۆی وڵات مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام ئەگەر پارچە شوێنەوارییەکان لەلایەن وڵاتێکەوە بردرابن و دەستیان بەسەردا گیرابێت، جا لە دەرەنجامی شەڕ و داگیرکردنی وڵاتەوە بووبێت، یا هەر هۆکارێکی دیکەوە، ئەوە ئەو کاتە بابەتەکە دەچێتە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و وڵاتەکە مافی هەیە داوای گەڕانەوەی کەلوپەلە مێژووییەکانی خۆی بکات و لەو وڵاتەی وەربگرێتەوە.
وتیشی: ئەگەر وڵاتەکە ئامادەنەبوو بە گەڕاندنەوەی کەلوپەلە شوێنەوارییەکان، ئەوا دەکرێ پەنا بۆ دادگایەکی نێودەوڵەتی ببردرێت، بە مەبەستی پابەندکردنی وڵاتەکە و ڕادەستکردن و گەڕانەوەی شوێنەوارییەکان, هەروەک میسڕ، کە داوای گەڕانەوەی چەند کەلوپەلێکی شوێنەواری لە بەریتانیا کرد و گەڕاندییەوە وڵاتەکەی، چەندان نموونەی دیکەی هاوشێوە هەن.“[1]