خۆزگە...
خۆزگە ئەمن نان بوومایە
شیرین شەهد و شان بوومایە
لەسەر سفرەی گشت هەژاران
وزەبەخشی گیان بوومایە
یا ئازاد بووم وەکوو مەلێک
لەسەر شنەی سوورەگوڵێک
دوور لە خەم و ئازاری دڵ
دەمچریکاند لەسەر چڵێک
یا کە ببمە لانەی ئەوین
لە بەحرێکی بێبنی شین
گەردانەیەک لە مرواری
بهۆنمەوە بۆ ملی زین
یا وەک گەرمی تیشکی هەتاو
وزە بدەم بە زەوی و ئاو
دڵی شەختە بتوێنمەوە و
ڕووناکی بم بۆ پیر و لاو
یا بفڕم وەکوو باڵندە
مرۆڤ بوونم کۆت و بەندە
کێڵگەی خەمی کوردستانم
سەرمەست بکەم لە تووی خەندە
یا گوڵێک بم لە ئینجانە
یا باخچەیەک لە ڕێحانە
لە بۆنی، بوون هەموو سەرخۆش
دوور لە پێک و لە مەیخانە
یا دارێک بم لەناو داران
سەمای پرچم لەگەڵ باران
گەڵام چەتری خۆشەویستی
جێژوانێک بێ بۆ دڵداران
دڵم دەڵێ: تۆ بەسۆز بە
لە جوانیدا، باخی ڕۆز بە
لەگەڵ شنەی خۆزگەکانت
تێکەڵ ڕۆحی، گەل و هۆز بە
#10-04-2019#
توو: تۆو
ڕۆز (Rose): گوڵەباخ
شان: شانەی هەنگوین
دیوانی #پێکەنین بەتامی گریان#
هۆزانەوان #نەسرین تەنیا#
[1]
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 281
Scrivi il tuo commento su questo articolo!