تێهەڵکێش لەسەر نیوە دێڕێکی حافز
نامەرد موغەننی وەختی مەقاماتە نەسرەوی
توخوا قەتارێ خۆشە بە ئەبیاتی مەولەوی
یاخۆ بە سۆزی شۆرەوە بەندێکی مەسنەوی
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
قیسمێکی قەوم لە بەحری تەحەممول شنا دەکەن
بەعزێ دوعا بە دەورە و بەعزێ سەڵا دەکەن
بەعزێ سەنا و بەعزێ بە چەرخە سەما دەکەن
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
گوڵگوڵ کرا میسالی گوڵستان زەمین بە خون
فرمێسکە جارییە وەکوو دیجلە ڕەوان و ڕون
هەر ناڵە و فیغانە لە جێی ساز و ئەرغەنون
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
قومدە لە خوێنی جەرگ و بنیشە لە خەڵوەتا
بژمێرە داغی حەسرەت و بەستە لە دەوڵەتا
ئولفەت بکە بە دەرد و مودارا لە نەگبەتا
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
قاتیل بە جامی خوێنەوە وەک ساقی بێتە خول
کوشتە بە ناڵە چەپڵەزەنان بێ بە دەست و پل
قازی بڵێ غەزایە نەوەک بێ بە دڵ خەجل
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
وەک عەینەمەل تەییارە بگرمێنێ بۆ سەفا
با ژن میسالی کوللە لەسەر ڕێگە بەربخا
خەفیە هەیە بە کەیفی بزانن نەوەک جەفا
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
تۆ بەستە بەستە حەمدی ببەستە لەگەڵ ئەسەف
گاهێ بدە لە تەپڵی سەر و گەﮪ لە سنگی دەف
دەمدەم بخوێنە حادیسەیی خۆشی بێ تەرەف
تا خواجه می خورد به غزلهای پهلوی
پەرتووکی: #دیوانی حەمدی#
هۆزانەوان: #حەمدی ساحێبقڕان# [1][2]