ئەجوائى ڕەمەزانى جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
ڕەمەزان هاتەوە یاخوا بەخێر بێتەوە.. لەسەردەمى مەدا ئەو مانگە پیرۆزە خۆشترین مانگەکانى سار بوو خەرکى زۆر بەپەرۆشەوە چاوەڕێى دەکرد . #هەولێر# بەعام خەرکى خواناس و ئایین پەروەر بوون، لۆیە زۆر قەدرى ئەو مانگەیان دەگرت و دریان پێ خۆش بوو. بەس ئەمەى مندار لۆیە حەزمان لەو مانگەى بوو چونکە دواى ئەو گێژنە دەهات کە گەورەترین مناسەبەى خۆشى منداران بوو.
ئەوجا پێش ئەوەى بچمە ناو تەفاسیلەوە دەمەوێ باسى ئەجوائى پێش هاتنى ئەو مانگە پیرۆزەتان لۆ بکەم.
تەبعەن ئەو سەردەمى مندارى مە مانگى ڕەمەزان دەکەتە زستانان، ئاخر هەر بیست سارەک ئەو مانگە دەوران دەکا لە هاوینەوە لۆ زستان. پێش هاتنى ئەو مانگە هەستت بە گۆڕانکارى دەکرد لەماڵەکانەوە. دوو سێ ڕۆژ پێشتر زەخیرەى ئەو مانگە حازر دەکرا. هەر لە قاورمەى ناو کووپەکانەوە، تا ئامادەکردنى هەرشتە و سەبەتەى نانى تیرى، تا دەگاتە ئامادەکردنى کولیچە و پاقڵاوەى ماران و گیز و مێوژى ناو توورەگەکان. ئەوجا پاقڵاوەى ماران وەستاى خۆى هەبوو، هەموو ژنەک نەیدەتانى درووستى بکات دەبایە زۆر شارەزابى، وەستایەتى و کارامەیى ژنەکان لەوەوە بەدەر دەکەت کە دەتانى چەند تەبەقە نانى تەنک لەسەر یەک دابنێ لە کاتى درووستکردنى پاقڵاوەکان، واتا هەر ژنەک تەبەقەى زیاترى دانابایە ئەوە لە هەموویان وەستاتر بوو.
هەر ڕۆژەک پێش هاتنى ڕەمەزانیش تۆپەکانى ناو شار پاگژ دەکرانەوە و بەفەردە پەڕۆ و پاتاریان لۆ دەهێنا لۆ ئەوەى کاتى ئێواران لەگەر بانگى مەغریبان تۆپەکە بتەقێنن. لە هەولێر ژمارەیەکى زۆر کەم تۆپ هەبوون یەکەکیان لە شێخەڵڵا لەسەر قەبرەکەى سەید زەکەریا کە دەکەتە پێش دەرکەى ئێستاى داونتاون. ئێواران پێش بانگ کە تۆپەکە دەتەقییەوە پەڕۆیەکان بە عاسمانیدا دەکەتن و ئەو ناوە هەمووى دەبووە بۆنى بارووت و سۆتەکى پەڕۆیەکان. ئەو تۆپ هاوێشتنە زۆر موهیم بوو، چونکى شار گچکە بوو زۆر کەس گوێیان لەبانگى مزگەفت نەدەبوو، دوایى کە تەلەفزیۆن پەیدا بوو هەر لەسەر شاشەکەوە تۆپەکانمان دەدیت، ئەویش وردەوردە نەما.
سفرەى جاران وەکى ئێستا نەبوو هەشتا نەوع خواردنى لەسەر بى و تەنها یەک قاپى لێ بخۆى. ئەو سەردەمە هەم خەرکى قەناعەتى هەبوو، هەم چاویشى تێر بوو، لۆیە سفرەى ئێواران یەک نەوعە خواردن بوو، زۆر بەدەگمەن ئەگەر دوو جۆرى لەسەربایە.
لەدواى نانخواردن و ڕۆژى شکاندن، خەرکى بەعام خۆى مەشغوولى شتەکى دەکرد، هەبوون هاتوچۆى جیرانیان دەکرد، هەبوون بەرەو چایخەنەکان بەرێدەکەتن لۆ بەسەربردنى شەوە درێژەکانى ڕەمەزان.
ئەوجا چایخانەکان عادەتەن جمەیان دەهات لەدواى بانگى عیشا، کورسییەکان بەشێوەى حەلقە ڕادەخران لۆ گەمەى سینى سینیانى، ئەگەر چایخەنەکان گەورە بوونایە وەکى گازینۆ عەبۆ و حاجى مستیل ئەوە لەهەر سووچەکى جێیەکەیان حازر دەکرد لۆ سینیانێ، ئەگەر گچکەش بایە یەک یان دوو جێگا دادەنرا.
ئەوجا زۆرجار ئەو گەمەى سینیانێ دەبووە حەدەسەکى گەورە ئەگەر گۆرانیبێژە گەورەکانى هەولێر دەعوەت بکرابان، عادەتەن هەر واش بوو، گەنجەکانى هەولێر یەک دوو قۆریاتزانى شارەکەیان بانگ دەکرد و لە کاتى یاریەکەدا دەیانکردە بەزم. گەورەترین حەفلەش ئەو وەختە بوو کە دەعوەتى گۆرانێبێژانى #کەرکووک# یان #پردێ# بکرابانە لۆ هەولێر، ئەو وەختى دەبووە موسابەقە لەبەینى قۆریاتبێژانى هەولێر و کەرکووک، لەبەینى #مشکۆ# و #هابە# و ئەوانی تر، ئەوجا خاوەن دوکانەکانى تەسجیلاتیش دەبووە ڕۆژى خۆیان، جیهازەکانیان دەهێنایە چایخانەکان و ئەو بەزمەى قۆریاتیان تەسجیل دەکرد و براویان دەکردەوە.
لەگەر دەستپێکردنى یاریەکە سینى پاقڵاوە و بیبسى و کۆکا کراشەیان دەکرد و هەتا بەرە بەیان ئەو بە زمانە بەردەوام دەبوون، دواتر زۆربەى خەرکەکە دەچوونە حەمامەکانى بازاڕ و دوایش لۆ ماڵەکانیان. لۆ شەوى داهاتووش عەینەن بەزم بەردەوام دەبوو هەتا کۆتایى مانگەکە بەو شێوەیە شەوانى ڕەمەزانیان بەسەر دەبرد.
زۆر کەم چایخەنە هەبوو یارى کەرەمستانێ تێدا بکرێ، چونکە ئەوە یارییەکى زیاترى عارەبان بوو لە هەولێر زۆر بەکەمى دەردەکەت، لە کۆرانە شەعبیەکانیش یارى کڵاوکڵاوێن هەبوو ئەویش تەقریبەن وەکى سینیانێ بوو، بەس ئەنگوستیلەکە لەبن کڵاوەکان دەشاردرانەوە.
ئەمن ئەو کاتى لە چایخانەکەى بابم لەناو نادى مۆزەفین شاگرد بووم، زۆربەى شەوانم لەوێ بەسەر دەربرد، ئەجوائى نادییەکەش زۆر خۆش بوو، لەو مانگەدا مەشرووبات مەنع دەکرا، بەس قومارکردن ئاسایى بوو، لۆیە لەو شەوە درێژانەدا زۆربەى مۆزەفەکان بە قومارەوە خۆیان مەشغول دەکرد، بەتایبەتى لەو مانگەدا یارى (پۆکەر–تیمۆ) زۆر باو بوو. دەستەدەستە لەدەورى مێزەکى گەورە خڕ دەبوونەوە، ئەمنیش لەهەر مێزەکى بەخشیشەکم وەردەگرت لە درهەمەک و دوو درهەم کەمتر نەبوو، لۆیە خڕم دەکردنەوە لۆ گێژنە دەبووە چەند دینارەک کە وەکوو پاشا سەرفم دەکرد. جارجاریش دواى بانگى عیشا یارى دۆمبەڵەش دەکرا لەنادییەکە.
ئەو سەردەمە هێشتا مۆدیلى موسەلسەلەو فەوازیر پەیدا نەبوون، ئەو سەردەمە بەرنامەکانى تەلەفزیۆن هەموویان دەبوونە بابەتى دینى، وەکى تەواشیح و ئیبتهالاتى دینى، بەرنامەى عیلمى و ڕیازى، یەک دوو موسەلسەلەى دینیش هەبوون پیشاندەدران، لۆیە خەرکى لەو مانگەدا زەوقیان بەتەلەفزیۆن نەدەهات، هەر لەبەر ئەوەش بوو خەرکى زیاتر دەچوونە دەرێ لەشەوانى ڕەمەزاندا.
مندارەکان شەوان دەهاتنە دەرێ و لەبەر ڕووناکى عاموودى کارەباى گەڕەک خڕ دەبوونەوە و یارى شێروخەتیان دەکرد لەسەر گووپ. ئەوجا گوێت لێدەبوو یەک دەیگۆت بنووم ئەویدیش دەیگۆت بنوو دوایى پێنج فلسەکەى هەردەدایە و دەیگرتەوە و دەستى دەبردە پێش دەستى مندارە نووستییەکە و پێى دەگۆت هەستە. جارى واش هەبوو، هەر چار پێنج کەسى بە یەکەوە هەردەستاند!. کچەکانیش لە تەنیشتیانەوە خەریکى یارى خانخانێ یان بازدانى سەر حەبل دەبوون. دایکانیش لەگەر ژنە جیرانەکان دادەنیشتن، بابەکانیش هەموویان لە مزگەفت و نوێژى تەڕاویحى بوون.
ئەوجا لە هەمووى ئیزعاجتر ئەوەبوو کە شەوان دۆڵچى لەگەڕەکەکان دەگەڕا، هەرچەندە کلتورەکى جوان بوو کە دەهۆل دەگەڕا لۆ ئەوەى خەرکى بەئاگا بینى لۆ پارشێوان، بەس زۆرجار کابراى دۆڵچى زۆر زوو دەکەوتە کۆرانان و هەر لەدواى سەعات دوازدەى شەوەوە گوێمان لە دۆڵەکەى دەبوو کە هێشتا زۆر زوو بوو لۆ پارشێوان، ئەمەى مندارانیش کە لەگەر دەنگەکە بەخەبەر دەهاتین هێشتا تێر خەو نەببووین لۆیە هەزار جوونمان دەدانێ.
هیچ باوەڕ ناکەم مندارى ئێستا زۆر بەهاتنى ئەو موناسەبەتانە دریان خۆشبى، چونکى ڕۆژانى ڕەمەزان لەگەر ڕۆژانى دى هیچ فەرقەکیان نییە و یەک نەزمە، ئەویش خۆ خەریک کردنە بە مۆبایل و پەپجى و تەڕەماش و تەڕەساس، لۆیە هەمیشە حەنینم لۆ سارى منداریمانە کە ژیانەکى سادە، بەڵام بەدرەکى زۆر خۆشمان بردە سەر.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!