ئەفەندییەکانى #هەولێر#
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
بەپێى سەرچاوە مێژووییەکان وشەى (ئەفەندى) ، وشەیەکى بە ئەسڵ یۆنانیە و مەعناى (سەرکردەى گەورە) دەگەیەنێ. ئەو وشەیەش لەسەردەمى حوکمى سەلجۆقییەکانەوە هاتیتە ناو زمانى تورکى و لەسەردەمى عوسمانییەکانیشەوە براوبوویتەوە و پێشتر بە کوڕى سوڵتان و میرەکان گۆترایە، دوایش بوویتە لەقەبى خەرکە خیندەوار و موسەقەفەکان. هەر لەو سەردەمەدا بە قازیەکانیش گۆترایە (قازى ئەفەندى) بە موفتییەکانیش (موفتى ئەفەندى)، بەران لەئەخیرى سەدەى نۆزدەیەم ئەو لەقەبە زیاتر بە میرەکانى دەسەڵات گۆترایە، لۆیە لەمیسر بە (خدێو) واتە سوڵتانى وراتەکەیان دەگۆت (ئەفەندینا).
هەڵبەت زۆربەى شارەکانى جیهان بە کەسایەتییە ناودارەکانیانەوە دەناسرێن، واتە هەندەک کەسایەتى و بنەماڵە لە هەندێ شاردا هەڵدەکەون کە کاریزمایەکى تایبەتیان هەیە و لەناو کۆمەڵگەدا زۆر بەدرەوشاوەیى دەردەکەون و ناویان لە مێژوودا دەنووسرێتەوە.
بەحوکمى ئەوەى مێژووى کۆمەڵایەتى ئێمەش لە کوردستاندا زیاتر بەندە بە ئایینەوە، لۆیە هەمیشە کەسایەتییە دیارەکانى ناو کۆمەڵگە هەتا پەنجا سارەک پێش ئێستا کەسایەتییە ئایینیەکان بوونە وەکى (بنەماڵەى شێخ کاکە و #شێخ مەحمودى حەفید# لە #سلێمانی#، لە هەولێریش بنەماڵەى ڕەسەن و گەورەى شار مەلا ئەبوبەکر ناسراو بە (کوچک ملا) و کوڕەکانى، مەلا ئەفەندى و عومەر ئەفەندى و محەمەد موفتى بابى ڕەشاد قازى کە لەسەردەمى خۆى موفتى گەورەى هەولێر بووە، لەگەر عوسمان ئەفەندى بابى ئەحمەد ئەفەندى یەکەم موتەسەریفى هەولێر.
بەپێى بەڵگەنامە مێژوویەکانەوە بنەماڵەى مەلاى گچکە زیاتر لە 900 ساڵ لەمزگەفتى گەورەى قەڵاوە خزمەتى شارى هەولێر و ئیماندارەکانیان کردیە هەر لەجەنابى مەلا ئەبوبەکرى یەکەمەوە هەتا دەگاتە ئەبوبەکرى چوارەم کە دەکاتە (مەلا ئەفەندى). بەردەوام لەحوجرەکانى مزگەفتى قەڵاوە عیلم و علومى ئاینییان براوکردیتەوە و ڕێنیشاندەرى خەرکى شارەکە بوونە و سەدان عالیم و خەتیب و مەلاى مزگەفتەکان لەبندەستى ئەو بنەماڵەیە دەرچوونە.
لەبەر گەورەیى و ئاستى بەرزى زانستە ئایینیەکانى ئەو بنەماڵەیە، هەمیشە وەکوو مەرجەعەکى گەورەى شارى هەولێر ڕێزیان لێگیرایە. سوڵتانە عوسمانییەکان بەوپەڕى ڕێزەوە تەماشاى عالیمەکانى ئەو بنەماڵەیان کردیە، تەنانەت چەندین خەڵاتى بەرزى دەوڵەتیشیان پێداون، یەک لەوانەش مەلا ئەفەندى کە سوڵتانى عوسمانى عەبدولحەمیدى دووەم (وسام خادم الحرمین)ى پێبەخشیوە، لەعیراقیش (وسام الرافدین) پێ درایە کە گەورەترین خەڵاتى دەوڵەتە بدرێتە کەسایەتییە دیارەکانى ورات..
قەسرى باداوەى مەلا ئەفەندى هەمیشە ئاوەدان بووە بە پادشاکانى عێراق و خێزانەکانیان، دەیان و سەدان وەزیر و سەرکردەى ئینگلیزى سەردەمى پاشایەتى ڕوویان لەدیوەخانە ئاوەدانەکەى قەسرى باداوان کردیە، هەتا باس لەوەش دەکرێ لەبەر ئەوەى مەلا ئەفەندى لەسەر ئاستى عیراق ڕێزێکى زۆر گەورەى هەبووە، لۆیە لە کاتى ئینقلابەکەى ڕەشید عالى گەیلانى خێزانى مەلیک هەر هەموویان ڕوویان لەماڵى مەلا ئەفەندى کردووە و لەسەر شەڕەفى ئەو پارێزراو بوونە و کەس نەیوێرایە لییان نێزیک ببتەوە.
هەندەک سەرچاوە باس لەوەش دەکەن کە لەسارانى بیستەکان کاتەکى مەسەلەى چارەنووسى ویلایەتى موسڵ هاتە گۆڕێ عوسبەت ئومەم، کە دەکاتە ئومەم موتەحیدەى ئێستا لێژنەیەکى دامەزراند لۆ ئەوەى ڕاى خەرکى کوردستان بزانن لەسەر ئیلتحاق کردن بەتورکیا یاخود مانەوە لەگەر عێراقدا، هەموو هەولێر مشوورى خۆیان دایە دەست مەلا ئەفەندى، ئەویش بڕیاریدا لەگەر عێراق بمێنیتەوە، ئەوەش بووە بڕیارى کۆتایى سەبارەت بە چارەنووسى ویلایەتى موسڵ و دەوڵەتان ڕێزیان لەو بڕیارەى مەلا ئەفەندى گرت و ویلایەتەکەیان لکاند بەعیراقەوە!.
دواى وەفاتى ئەو زاتە گەورەیەش کوڕەکەى عزەدین ئەفەندى جێ و مەکانى بابى گرتەوە و ماوەیەک وەک خەتیبى مزگەفتى قەرات بەردەوام بوو. بەران زۆرى نەبرد وازى هێنا و لەسەر داواى خەرکى هەولێر بووە ئەندامى پەڕڵەمانى مەلەکى وگەیشتە پلەى جێگرى سەرۆکى پەڕڵەمانى عێراق. زۆر شانازم بەوەى خزمەتى ئەفەندى (عزەدین مەلا)م کردووە و سارانەک یادەوەرییەکانم لۆ دەنووسییەوە کە بەداخەوە هەتاکوو ئەوڕۆش ڕووناکى نەدیتەوە و لەسندوقەکى قفڵکراودا مایتەوە. دواى وەفاتى ئەویش ئێستا حاکم ئازادى کوڕى درێژە بەخزمەتى هاوشارانى خۆى دەدا و بوویتە نوێنەرێ خەرکى هەولێر لەسەرۆکایەتییەکانى هەرێمدا.
یەکەک لەئەفرادى ئەو بنەماڵە بەڕێز و ناودارەش جەنابى (قازى ڕەشاد ئەفەندى) بوو، کە ئەویش بەیەکەک لەگەورەترین عولەماى هەولێر و عیراق دەناسرێ و دەرچووى ئەزهەرى شەریفە و نێزیکەى نیو سەدە خەتیب و ئیمامى مزگەفتى قەڵا و قازى و موفتى هەولێر بووە. جگە لەوەش یەکەک بووە لەشاعیرە هەرە بەرزەکانى هەولێر و یەکەم کەس بووە کە مەولودنامەى پێغەمبەرى خۆشەویستى بە زمانى کوردى براوکردیتەوە کە پەنجا سار زیاترە لەسەر زارى دەنگخۆشەکانى هەولێر لەرۆژى لەدایکبوونى خۆشەویستدا سەداى لە هەموو مزگەفتەکى هەولێر بەرەو عاسمان بەرز دەبتەوە. ئەوە جگە لەو گەنجینە گەورەى کتێبخانەکەى کە لەدواى خۆى بەجێهێشت و زیاتر لە 500 دەستنووسى مێژوویى زۆر بەنرخى تێدایە، بێجگە زیاتر لە سى هەزار کتێبى ئایینى و مێژوویى و کۆمەرایەتى لەناو کتێبخانەکەى.
هەڵبەت دیوەخانەکەى قازى ڕەشاد ئەفەندیش لەبیر ناکەین کە دەیان سارە هەر بە ئاوەدانى مایتەوە و بوویتە جێژووانى خەرکى ڕەسەنى هەولێر و مەڵبەندەکى ڕۆشنبیرییە کە دەیان ڕۆشنبیر و سیاسەتمەودار و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییە بەرزەکانى کۆمەڵگەى هەولێر لێى کۆ دەبنەوە و لەدواى ڕەشاد ئەفەندیش کوڕە بەڕێزەکانى کاک عوسمان و عەدنان و کەنعان و ئیحسان هەر بە ئاوەدانى هێشتیتیانەوە..
لەقەبى ئەفەندى لەمەلا ئەبوبەکرەوە لۆ عزەدین ئەفەندى و ڕەشاد ئەفەندى گوازرایتەوە، لۆیە لە هەولێر کە دەتگۆت ئەفەندى یەکسەر دەتزانى کە مەبەست ئەو بنەماڵە بەڕێزەى هەولێرە. تەبعەن وەکى پێشتریش گۆتم ئەفەندى وەکوو زاراوە بەو کەسانەش گۆترایە کە خەرکى خیندەوار بوونە، لەسارانى سییەکانەوە هەتا سارى حەفتایەکانیش لەقەبى ئەفەندى بە مامۆستا و فەرمانبەرانى حکومەتیش دەگۆترا.
ئەوەى جێى سەرنجە، خەرکى سلێمانى زۆر بەپەرۆشییەوە توراسى کاک ئەحمەدى شێخیان پاراستییە، هەتا قەبرەکەشیان کردیتە مەزارەکى پیرۆز لەلاى خەرکى سلێمانى، بەران بەداخەوە لە هەولێر ئەو بایەخە بە توراسى مەلا ئەفەندى نەدراوە، تەنها یەک شەقامیان بەناو کردیە. ئەوەش بە تەقسیر دەزانم لەلاى خەرکى هەولێرەوە دەرهەق بە بنەماڵەیەک کە ڕۆژەک لەرۆژان چارەنووسى هەموو هەولێر بەند بوو بەوانەوە، لۆیە پێویست بوو هەولێرییەکان وەکى بیلبیلەى چاویان توڕاسى مەلا ئەفەندى بپارێزن و فەزڵى ئەو بنەماڵە نەجیبزادەیە بەو شێوەیە فەرامۆش نەکەن.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!