داعیە و ماعیە
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
زەمانی زوو مەلای مزگەفت بەس لەموناسەباتدا دەردەکەتن. لەتازییەکان و مارەبڕین، جارجاریش لۆ سوڵحی عەشایەری بانگدەکران هەر چەندە لەو سەردەمەدا جەریمەی کوشتنیش کەم بوو، خەرکی بەعام لەخوا دەترسان و عەزیەتی یەکتریان نەدەدا، قاتیل و دز و جەردە زۆر کەم بوون، وەکی ئێستا نەبوو بەقەدەر ژمارەی مۆبایل و حیساباتی فەیسبووک بەربراو بن. ئیشی ئەو مەلایانەش تەنیا لەناو مزگەفتەکان بوو، پێشنوێژیان دەکرد، ڕۆژانی جومعەش خوتبەیان دەدا کە هەمووی وەعزی چاکە کردن و سیلەی ڕەحم و دوورکەتنەوە بوو لەجەریمە و دزی و بەرتیل خواردن. شەوانی ڕەمەزانیش لۆ نوێژی تەڕاویح لە مزگەفتەکان لەگەر خەرکی کۆ دەبوونەوە. ئەگەر مەلایەکت بدیتبایە سواری سەیارەیەکی کەشخە بوبیتن، دەبووە عاجباتی هەشتەمی دونیا، چونکی مەلاکان هەموویان ئینسانی پاک و زاهید لە دونیا و ئەرکیان بەس ڕێنیشاندانی چاکە بوو لۆ خەرکەکە. ئێستا مەلا بەخۆی و کەشیدەی سەریەوە سواری مۆنیکا و لەیلا عەلویی و وەنەشە دەبی. پێغەمبەری مەزن لەسەر دۆشەگەکی ڕەق و شەتوپەت دەنووست، حەزرەتی ئیمام عومەریش کراسەکەی حەفت پینەی پێوە بوو، لەساری قات و قڕییەکەشدا بەردی گەورەی لەزگی دەبەست لەبرسان لەکاتەکی ئەو خەلیفە و سەرۆکی موسڵمانان بوو، ئیمپراتۆڕییەکی فراوانی لە ئێران و توورانەوە بەدەستییەوە بوو. زۆرجار گۆتیتم، ئەگەر دین و خواپەرستی تێکەری سیاسەت کرا، هەردوکیان پیس دەکا، هەم دین پیس دەبی کە تەداخولی سیاسەتی کرد، هەم سیاسەتیش بۆگەنی دەکا ئەگەر دینی کردە ئامرازی بە کۆیلەکردنی میللەت.
لەو سارانەی دواییەدا کۆمەرە گەنجەک پەیدا بوونە کە تیجارەت بە دین و دیانەتەوە دەکەن، جیا لەمەلاکان کە زۆربەیان بوونە حیزبی و میزبی، هەر یەکە و بەپێی سیاسەتی حزبەکانیانەوە وەعز و خوتبە دەدەن و خەرکی بەناوی خواوە هەردەخەرتێنن، ئەو گەنجانەش ناویان لەخۆیان نایە بانگخواز. ئەمن لەسەرەتاوە وامزانی بانگخواز مەبەستیان ئەوەیە لە کاتی نوێژەکاندا بچنە سەربانی مزگەفتەکان و بانگ بدەن لۆ نوێژی، دوایی دەرکەت ئەو ناوەیان لۆیەی لەخۆیان نایە بەحیساب دەیانەوێ بانگخوازی لۆ دینی ئیسلام بکەن؟!.
زۆرم پێ عەجایبە ئەوانە لەناو موجتەمەعەکی ئیسلامی و خواپەرستی وەکی موجتەمەعی کوردیدا بانگی خەرکی بکەن لۆ ئیسلامەتی؟!.
چونکی ئەگەر ئەوانە بەحەق بانگخواز بن دەبی بچنە کیشوەری ئەفریقیا و وراتی هیندستان و ناو دارستانەکانی ئەمازۆن کە هەتاکوو ئێستاش خەرکی وایان تێدایە مانگا و مێش و پشیلە دەپەرستن، دەبوو لەوێ بانگ بۆ خوا بدەن، نەوەک لەناو کۆمەرگەیەکی کوردەواری کە ئەوڕۆ تاکە کۆمەرگەی دیندار و خوا پەرستە و هێشتا مزگەفتەکانی ئاوەدانن و خەرکی تاعەتی خۆیان دەکەن. کە دەشرێم ئەو گەنجانەی لەو سارانەدا پەیدا بوونە تاجیرن نەوەک خواپەرست، ناهەقم نییە، چونکی ئەوەتا هەر یەکەکیان هەردەکەوی یەکسەر دوای یەک سار فرسەت دەینی و خۆی دەکاتە کاندیدی پەڕڵەمان و بەدەنگی هەندەک خەرکی هەرخەرتای مانگانە معاشەکی زەبەلاح دەخاتە تەنگەی باخەریەوە و بە سەیارەی بن برند و حیمایەی هەشت کەسییەوە نەبی نایەتە ناو بازاڕیش لۆ شت کڕین. دەیان کەسمان لەو بابەتانە دیت کە لەسەر تەلەفزیۆنەکان هەندەک حەدیسی پێغەمبەریان حفز کردیە و تەرجومەی دەکەنە سەر زمانی کوردی و خەرکی وا دەزانن ئەوانە دوازدە عیلم و شازدە عیلمن، وەختی خۆی هەتا مەلایەک ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرت ڕوحی دەردەچوو لەگەر خیندن و حیفزی قورئان و حەدیس و فەتواکان، ئێستاکە تەحەدای ئەو بانگخوازانە دەکەم ئەگەر سوورەتەکی قورعانیان بەتەواوی لەبەر بی، یان 100 حەدیسی پێغەمبەری مەزن بزانن، یان بتانن لەسەر بانق و زەکات دوو قسەی بکەن. سنعاتەکە وا ڕەزیل بووە هەتا حزبە عەلمانییەکانیش بانگخوازی ئیسلامی خۆیان هەیە لەقالب گیرابن و ڕۆژانە بیانخەنە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانیانەوە، ئێستا تێگەشتن لۆ حەنینم لۆ سارانی پاکی و جوانییەکەی جاران هەردەستی.[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 78
Scrivi il tuo commento su questo articolo!