ئەرشیفى هەولێر
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
ئەرشیفکردن لەکۆمەرگەى مەدا بەعام، کلتوورەکى زەعیفە وەکى زاکییرەکەمان!. زۆر کەم هەن بایەخ بە ئەرشیف بدەن، تەنانەت نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەدیب و ڕۆشنبیرەکانیشمان گوێ نادەنە ئەرشیفکردن. یەک بە خۆم لەو کەسانەم کە سەتان نووسینم لە زۆربەى ڕۆژنامە و گۆڤارەکانى کوردى و عەرەبیدا بەدرێژایى پەنجا ساڵ براو کردیتەوە، ئێستا حەشتەبایان نەمایە، وەکى (تڕى بنگۆمى) ئاو ئاو چوونە. بە عەکسى من هاوڕێى تەمەنم کاک تاریق ئیبراهیم شەریفى ڕەحمەتى هەر پارچە کاغەزەکى بدیتبایە هەریدەگرتەوە و، سجلەکى گەورەشى هەبوو، بابەتەکانى خۆى تێدا ئەرشیف دەکرد، ژمارەى ئەو سجلانە سار بەسار زیاتر دەبوون هەتا خێزانەکشى ئیزعاج کردبوو نەیدەزانى لەکێندەرێى هەریانگرى، چونکى هەتا ژوورى میوانانیشى پڕ کردبوو. بەداخەوە نازانم ئێستا ئەو ئەرشیفە تاریخییە کەتیتە کێندەرێ.
عەلاکولین، ئێستا هەست دەکەم زۆر موقەسیر بوومە بەرامبەر خۆم و هەولێرەکەم، خۆزگە پەنجا سار پێش ئێستا ئەو عەقرەى ئێستام هەبایە و هەموو شتەکانى هەولێرم ئەرشیف کردبایە، لۆ ڕۆژەکى وەکى ئەوڕۆ زۆر قیمەتى دەبوو، چونکى خۆتان دەبینن لەچ ڕۆژەکى ڕەش و دەیجوورى داینە، تاکە شتەک هەبى درمان خۆش بکا، ڕابردووەکەمانە ئەویش بەداخەوە ئەرشیفنەکرا. خۆزگە ئەو سەردەمانە کامێرایەکى ڕەش و سپى وەکى ئەوەى ئەبوو سەباحم هەبایە و ڕۆژانە لە هەولێر بگەڕابامایە ڕۆژانەى شار و کەسایەتەکانى ئەو سەردەمەم تەوسیق کردبایە.
ڕەسمەکى کسۆکم بگرتبایە کە لەپێش کەبابخانەکەى حاجى مەعرووف چێشتەنگان بەخۆى و زەمبیلەکەیەوە دادەنیشت و هەرامەکەى لەبن دیشداشە خەت خەتەکەیەوە بەگۆڕێ دەکەت، هەندەک تووڕەشم بکردبایە لۆ ئەوەى لەو دەمەى چرکەم لەکامێرا دەهێنا دەستى خۆى بگەزتبایە. ئاخر کسۆک هەر جارەکى تووڕە بایە قەپارەکى لەنەرمە گۆشتەکەى دەستى دەگرت و نرکەیەکى لێدەهات و مندار لەبەر دەستى هەردەهاتن!.
خۆزگە ڕەسمەکى حەمەشێتم بگرتبایە لەو عانەى لەپێش دەرکەى نادى مۆزەفین دانى عەسرێ ڕۆژەکى هاوینە هەتا بەیانى ڕۆژى دوایى خەریکى هەرقەندنى شیشەکى ئاسنى نیو مەترى عاموودەکى تەلەفۆن بوو. ئەو دیمەنەم بگرتبایە کە دەهاتە ناو نادى یەک پەقرەج ئاوى دەهێنا و بەسەر شیشە سەببەکراوەکەى دەڕێشت لۆ ئەوەى نەرم بى و شیشەکە دەربینى.
خۆزگە ڕەسمەکى سەلیم قاقام بگرتبایە کە دەمى ئێواران دواى ئەوەى موشتەرى کێشکەکانى نەدەمان، قەفەسەکەى دەرکردەوە و کێشکەکانى بەڕەڵڵا دەکرد و دەیگۆت کێوە دەچن سبەینى دیسان دەیانگرمەوە!.
خۆزگە ڕەسمەکى ئەو مندارانەم بگرتبایە کە لەپێش دەرکەى مارەکانى #تەعجیل# و #عارەبان# و #خانەقا# و #تەیراوە# دا ڕەسم ڕەسمانییان دەکرد و لەولاشەوە لەقتەیەکى ئەو کیژۆرانەم بگرتبایە کە یارى خەتخەتۆکەیان دەکرد.
خۆزگە ڕەسمەکى ئەو پیاو و گەنجە سوورچیانەم بگرتبایە کە ئێواران لەناوەڕاستى جادەى شێستى لاى مزگەفتى سپى خەریکى کەلایانێ بوون.
خۆزگە سەرەکم لەبازاڕى چەخماچییەکانى قەیسەرى بدابایە لۆ ڕەسمگرتنى ئەو سەیارە سفەیفانەى بە تێل درووستیان دەکرد لۆ منداران و لەوێشەوە بچوومایە لاى نەجاڕەکان ڕەسمەکى ئەو ڕەوڕەوانەم بگرتبایە کە لۆ بەسەر پێ کەتنى مندارە ساواکان درووستیان دەکرد.
خۆزگە ڕەسمەکى مەعمەل سیفۆنەکەى مام ساڵح سیفۆنم بگرتبایە لەگەر لەقتەیەکى سەعیدى شاگردى ئەو کاتى سندوقە سیفۆنەکانى لە پشت پیکابەکە بار دەکرد و لەبازاڕ تەوزیعى دەکردن.
خۆزگە ڕەسمەکى ئەو پیرەمێردانەم بگرتبایە کە عەسران لە چایخانەى عەبۆ خەریکى دامەکردن بوون و دەنگیان دەگەیشتە سەر شێست مەترى کاتى بەردەکیان دەکردە ئاغا.
خۆزگە ڕەسمەکى مام مکایل بەقاڵ و مام تەحسین پۆدرە و حاجى یاسین و حاجى حیکمەت و مام وەهابى سینەما حەمڕا و گەسەکەى حسێنى سینەما سیروانم لەناو دوکانەکانیان بگرتبایە.
ئەوانە و هەزاران خۆزگەى تر کە لەدەستمان چوو ئەرشیفیان بکەین لۆ ئەوەى جیلى ئێستا بزانن جیلە ئاڵتونیەکەى باب و باپیرانیان چەندە بەسادەیى و درخۆشى ژیانیان بەسەر دەبرد پێش ئەوەى تاعوونى خود موختارى ماڵى هەموومان وێران بکا و وراتەکەمان لەناو بەحرى گەندەڵیدا بخنکێندرێ.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!