ئەم هەڵبەستە پێشکێش کرا بە کۆنگرەی ڕێزگرتن لە دوازدە بلیمەتی کورد کە لە پاییزی 75 لە شاری #سنە# گیرا.
ئەگەر دونیا وڵاتی من بە دەریایەک بشوبهێنێ
نەهەنگی وا دەبینێ پڕ بە دڵ کڕنۆشی بۆ دێنێ
ئەگەر دونیا سرنجێکی بداتە دوڕڕی دەریاکەم
لە ئەڵماس و لە مرواری و دوڕڕی خۆی چاو دەچوقێنێ
وڵاتی من ئەگەر مەیدانی تەقڵەی شۆڕەسوارانە
کۆڕی کوردە کە پێشەنگە و بە دڵ چالاکی دەنوێنێ
وڵاتی من ئەگەر باخێکی دڵبزوێن و ڕەنگینە
هەموو هەر سەروی ئازادە و کەچی بەرهەم وەدی دێنێ
لە تەشقی ئاسمانی ئەم وڵاتە بەرزەفڕ زۆرن
هەڵۆ زاتی نییە لەم ئاسمانە سایە بنوێنێ
گزنگی خۆری زێڕینی وەکوو مەیلی خودا گەرمە
تریفەی مانگی زێوینی گەلی گەشتر لە هەر شوێنێ
دڵی تەنگم لە تاوی دوازدە ئەستێرەی کوژاوەی کورد
دەمێ وەک شەم دەتاوێت و دەمێ وەک نەی دەناڵێنێ
مەکەن مەنعی کەلامی ناقس و بێ کاکڵی ناسر
لە گوڵزاران ئەگەر بولبول نەما قاژوو چ بخوێنێ[1]
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#
#1996-06-17#
#بەردەڕەشان#