عەزیزەکەم جەفا مەکە
منی کڵۆڵ دڵم بلووری ناسکە
من بەرگەی جەفا ناگرم
ئەوینی شاعیران گەلێک موقەددەسە من شاعیرم
هەموو شەوێ جووتێک پەری لە جوانترین کچانی حاکمی سیحر دێنە زەوی
دەمبەنە نێو کەژاوەیەک دەمخەنە سەر باڵی شنە، دەمبەنە مەڵبەندی مەکۆی ئەوین و ئیلهام و شیعر
دڵێک کە تۆ پڕت کردۆ لە یاد و خەم لەژێر خۆرینی تاڤگەی تریفەدا پەرۆشی لێ دەشۆنەوە
گوێیەکانم غوسڵ دەدەن کە دەنگی تۆم پێ بیستووە
لەشم بە زەمزەمی وەفا بە نوێژ دەکەن
دەڵێن لە مڵکی مەخلووقاتی بێ وەفا لەنوێژ چووە
دەمیان دەنێنە نێو دەمم
دەروونی کەیلم پڕ دەکەن لە نارەنار و زەمزەمەی نەخوێندراو
زبانی من دەکەن بە شاکلیلی ڕەمز و ڕازی سۆزی پڕ لە سام
و سیحری سەت وتەی نەبیستراو
هەزار وشەی نەنووسراو
جەفا مەکە و بزانە ئەی خوماری سیحری دڵبەری
شاعیر، یانی لەشی مرۆڤ، تێکەڵاوی ڕوحی پەری. [1]
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#
#1994-08-19#
#بەردەڕەشان#