گێژنەش تامى جارانى نەما!
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
تەمەنم گەیشتە 65 ساری یەکەمجارە لە ژیانم هەست بە خۆشى گێژنە نەکەم!. چاو دەگێڕم بەدەوروبەرمدا هیچ ترووسکاییەکى خۆشى نابینم. قەیرانى هەموو دونیا ڕوویان تێکردین، نەبوونى، فەقیرى، زوڵم و زۆردارى، پەتاى نەگریسى کۆرۆنا، ئەوە کارەساتى نەبوونى ئۆکسجینیشى هاتە سەر. تەماشاى مندار و نەوەکانیشم دەکەم هەست ناکەم ئەوانیش دڵخۆش بن. گێژنەکەشیان بوویتە ڕۆژەکى ئاسایى و هیچ گۆڕانکارییەک هەست پێناکەن!.
جاران گێژنە گەورەترین و خۆشترین موناسەبە بوو بەنیسبەت مندارەوە. بەپەرۆشییەوە چاوەڕیى ئەو ڕۆژەیان دەکرد.. خێزانەکان سەربارى نەبوونى، بەڵام هەموو ڕەنجى ژیانى یەک ساریان خڕ دەکردەوە لۆ ڕۆژانى گێژنە بەرکوو درى مندارەکانیان خۆشکەن، هەر لە کڕینى جلکوبەرگى تازەوە هەتا دابینکردنى مەسرەفى ڕۆژانى گیژنەیان.
مندار دەبایە هەموو جلکەکانى تازەبایە، وەکى ئەوەى لەو ڕۆژەدا لەدایک بووبى. نازانم بۆنى ئەو جلکە تازانەش لۆ ئەوەندە خۆش بوون، وەکى هاوڕێم ئاوڕەحمانى فەرهادى گۆتەنى، تەنانەت بۆنى پێڵاوە تازەکانى گێژنەش ئەوەندە خۆش بوو شەوى گێژنان لەبن سەرمان دادەنا!.
ئاى چەندە خۆش بوو کە بەمەقەس بەنە سپیەکەى گۆریەکانمان لێ دەکردەوە و لۆ پڕاوە لەپێمان دەکرد. ئەو دەستەسڕە سپیە چەندە جوان بوو کە قەدمان دەکرد و لەسەر قاتە تازەکەى گێژنە لە تەنیشت بالیفەکانمان دادەنا.
ئاى چەند خۆش بوو کە شەوى گێژنە دەخیلەمان دەشکاند و درهەم و نیو درهەمەکان دەکەتنە گۆڕێ و تۆزى دەخیلەکانیان لەسەر نیشتبوو..
ئاى خودایە دەنگى ئەو پرێمزە گچکەیەى مەنجەرە گۆشتەکەى لەسەر بوو، لۆ ئەوەندە خۆش بوو، دەتگۆت سەمفۆنیاى بیتهۆڤنە. ئەدى دەنگى پرێمزە گەورەکەى حەمام و مەنزەرى ئەو جورمەى حەمامێ کە جامە فافۆنەکە سەماى لەناو دەکرد و لەکن بەلوعەکەى ڕادەوەستا و پڕ ئاوى سارد دەبوو، لەولاشەوە داکم لەمەنجەرە گەورەکەوە جامەک ئاوى گەرمى پێمان دادەکرد. ئەدى هاوار و قیژەى خوشک و برا گچکەکانمان لەناو حەمامێ کە سابوونەکە دەچووە چاویان!.
ئەدى دەنگى (اللە اکبر)ى بڵندگۆى مزگەفتى #شێخەڵڵا# و #خانەقا# و مزگەفتى گەورەى بازاڕ و مزگەفتى حاجى لەقلەق هەموویان پێکەوە وەکى کۆرسى گۆرانى جەوابى (الرحمن علم القرآن، خلق الانسان، علمە البیان) یان دەدایەوە!.
ئەدى دیمەنى ئەو کچ و کوڕانەى سبەینى سەعات نۆ پۆل پۆل بە کەعب ولعالى و پێڵاوە تازەکانى باتاوە شۆڕ دەبوونەوە لۆ بن لەیلوگانى قەبرستانى چراغ کە ڕۆژى حەشر لەوێدا بوو.
ئەدى دیمەنى خاوەن عارەبانەکانى #سەیداوە#، #سێتاقان# کە بەریز لەنێزیک پردەکەى سەیداوە ڕادەوەستان و چاوەڕیى مندارەکان دەکرد یەک فەڕەیان پێ لێبدەن بە پێنج فلس.
ئەدى بۆنى کوببە برووشەکەى مام یوسف و مام سەید لەبن ڕەشمارە ڕەشەکان.
ئەدى دیمەنى ئەو مسەوڕانەى بن دیوارى قەبرستانەکە کە لەوحەیەکى گەورەى عەسابە و وەحشىیان دانابوو جێى سەرى مندارانیان بە بەتارى جێ هێشتبوو لۆ ئەوەى مندار بەکورسییەکەى پشتەوەى لەوحەکە سەرکەوى و سەرى لەناو کوونەکەوە دەربینى و خۆى وەکى ڕەئیس عەسابە پێشان بدات.
ئەدى دیمەنى ئەو گەنجانەى لەبن کێلى قەبرەکانەوە بە کۆمەڵ دانیشتینە لگاو و بیستویەک دەکەن.
ئەدى دیمەنى ئەو کوڕە هەرزەکارانەى لەکڕینى بیتاقەى سینەما لەناو قەرەباڵغیەکەوە دەهاتنە دەرێ چاکەتەکانیان شەتوپەت بووە و سەروپرچییان شاتەشێت بووە.
ئەدى دەنگى ئەو دمبکانەى لەناو سینەمەکاندا حەشریان دەکرد و، بۆنى بارووتى دەمانچە تۆمتەرەقەکان سەرى ئینسانیان کاس دەکرد.
ئەدى لەفە هێلکە کوڵاوەکەى مام نادرى پێش سینەما حەمرا و گەسەکەى مام حسێنى سینەما سیروان کە لە پیتزاى ئیتاڵى و دۆنەرەکانى هەموو دونیا بەتامتر و خۆشتر بوون.
ئەدى تامى ئەو بیبسیەى لەناو سینەمادا بەتەقەتەقى کلیلى بیبسیەکانەوە حەزمان دەچووێ، کە دەشمانخواردەوە چاومان پڕ ئاو دەبوو.
ئەدى دیمەنى بەربوونى ئەو حەشامەتەى ناو سینەما دواى تەواو بوونى فلیمەکان، کە هەتا چارەگەکى چاومان دەزوورایەوە هیچمان بەباشى نەدەدیت.
ئەدى مەنزەرى ئەو ژن و کچانەى لەعەرزى ئێواران بە پێچە و عەباوە بە پەلەپەل خۆیان دەکردە لۆجەکانى سینەما لۆ دیتنى فلیمەکانى عەبدولحەلیم و فەرید ئەتڕەش.
ئەو دیمەن و مەنزەرە دڵگیرانە ئێستا دەیانبینییەوە هەتا درمان بەگێژنان خۆش بى؟!.
ئێستا بەس مەنزەڕى مردنى ئازیزان و ڕەشپۆشى کەسەکانیان دەبینین!.
ژیانى ئەوڕۆمان یەکسانە بەخەم و خەفەت و نەبوونى و برسییەتى!.
جا گلەیى مەکەن ئەگەر دڵم بەو گێژنەیەش خۆش نەبى.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!