سەنعەتکارانی #هەولێر#
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە زەمانی مەدا هێشتا دونیا وەها پێشنەکەتبوو. پێویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەمان هەمووی (سونعى محەلى) بوون، خۆمان درووستمان دەکرد. ئەو وەختی سەلاجە و موجەمیدە نەبوو، لەجیاتی شەریکەی ئیدیال و فیستەڵ و هیتاشی و بیکۆ و میکۆ هەر لە دوکانی فەتاح نەجار و حاجی نەوزادی قەیسەری سەلاجەی دار درووست دەکرا کە ئیشی موجەمیدەی دەکرد. بن کووپەکانی ئاویش دەوری سەلاجەیان دەگێڕا کاتەکی ماست و پەنیرمان دەخستە ناو توورەگەیەکی گچکە و دەمانخستە بن کووپە و بەدرۆپەی ئاوی کووپەکە فێنک دەبوونەوە. ئاوی ساردیشمان هەر لەکووپە دەخوارد، شەوانی هاوینانیش شەربەی ئاومان دەبردە سەربان کە پێمان دەگۆت (بقبقە)
فەلاحەتیش کە پیشەى زۆربەى زۆرى خەرکى ئەو سەردەمە بوو، پێداویستەکانى هەر سەنعەتکارەکانى قەیسەرى درووستیان دەکرد، لەجیاتی تراکتۆری عەنتەر و جی ئێم سی، #جەنجەر# و تەورداس و خاکەناس و پێمەڕەو هەزار نەوعە شتی دی لەقەیسەری دابیندەکران. لۆ پێویستییەکانی مارانیش هەموو شتەکان دیسان سونعی محەلی بوون، وەکی قاپ و قاجاغ و چەقو و فەرش و سێری نان و تیرۆک و پەرەمێز و دۆشەگ و لێفە و کەنتۆر و مەعرەزى نوینان و شتی لەو بابەتانە.
ئەوجا با بێمە سەرباسی هەندەک لەو سەنعەتانەی کە لەزەمانی مەدا هەبوون و ئێستا ئینقرازیان کردیە. تەبعەن باس لەو سەنعەتانە ناکەم کە هەتا ئەوڕۆش هەر ماینە و هێشتا خەرکی ئیشیان پێیە. ئەو سەنعەتانەش کە نەمان ئەوانە بوون:
-مەنجەر سپیکردنەوە. هەندەک دوکان هەبوون لەناو قەیسەری بەتایبەتیش لەکن دەرکەکەى نێزیک مزگەفتى حاجى نوورەدین بەقارى، ئیشیان سپیکردنەوەی مەنجەر بوو. ئەو وەختی مەنجەری تیڤال و ستیل و تەڕەماشی لەو بابەتە نەبوو، قاپ و قاچاغ و مەنجەر زۆرتر لەفافۆن بوون، بەران لۆ برنجی هەندەک مەنجەری گەورە لەمس درووست دەکران، ئەویش لەبەر ئەوەی لەسەر ئاگر ڕەش دەبوون لۆیە خەرکی دەیانبرد سپی بکەنەوە. ئەوجا زۆرجار دەماندیت ئەو مەنجەرە گەورانە لەپێش دوکانەکان داندرایە و شاگردەک هەردوو پێی خستیتە ناو مەنجەرەکە و قوونی بادەدا، ماددەیەکی وەکی زیخیان تێدەکرد شاگردەکەش بە پێیەکانی زەختی لەسەر دەکرد هەتا مەنجەرەکە سپی بکاتەوە.
-چەقو تیژکردن: لەزەمانی مەدا خەرکی بەعام فەقیر و فەقەرات بوون وەکى ئێستا مەغروور نەبوون، لۆیە ئیمکانییەتیان نەبوو ئەشیای ناومارەکانیان بگۆڕن، کابرایەک هەبوو مەکینەیەکی پێ بوو کە لەسەر پشتی لەناو کۆرانان دەیگەڕاند و هاواری دەکرد چەقوو تیژ دەکەین. ئەوجا ژنی مارەکان هەر یەکە و چەقووەکانیان دەهێنایە دەرێ بە دە فلس تیژیان دەکردەوە. ئێستاش لەبیرمە چەقوویەکی گەورەمان هەبوو لە سنفی دووی ئیپتدائییەوە هەتا گەشتمە سانەویش ئەو چەقووەمان هەر مابوو، ئەوەندە تیژکرابوو، دووسی ملیمی مابوو ببتە دوو کەرتەوە!.
-مەکینەى ساوار: جاران باراش دەبرایە ئاشى ئاو کە تەقریبەن لە هەموو کۆرانەکانى هەولێردا یەک دوو ئاشى لێبوو. بەران جاربەجار هەندەک کاسبکار هەبوون بە مەکینەیەکى لەو بابەتە لەکۆرانان دەگەڕان، ئەوجا عادەتەن ئەو مارانەى دوور بوون لەئاشى گەنمەکانیان حازر دەکرد کاتەکى ئەو مەکینانە دەگەڕان بانگیان دەکردن و هەر لەناو مارەکاندا ئەو گەنمەیان دەهاڕى لۆ ساوار و برووش و ئەو بابەتانە.
-فەخفوری چاکردنەوە: لەناو بازاڕی چەخماخچییەکان وەستا هەبوون ئیشیان چاککردنەوەی فەخفوری بوو. هەر کاتەکی ئەمەی منداران چاپەستەکی شووشەمان بشکاندبایە، داکەکانمان دەیانبردە لاى ئەو وەستایانە و بە لەحیم چاکیان دەکردەوە و بە تێلیش دەوروپشتیان تووند دەبەست لۆ ئەوەی قایمتر بی، ئەوجا هەر کاتەکی لەسەر سۆبەی عەلائەدین و شەمسەدین و نوورەدین و نەجمەندیندا ئەو چاپەستە فەخفوورییە بەتێل بەستراوانەت بدیتبایە دەتزانى ئەوە یەک لەمندارەکان کەتنەکی بەمارەکەی خۆیان کردیە.
-دۆشەگچی (نەداف): دۆشەگی ماران زۆربەیان لەپەمۆ بوون. بەحوکمی ئەوەی شەوان لەسەری زۆر دەگەوزاین، پەمۆکانی گرژ دەبوونەوە و گرد و مردیان پەیدا دەکرد. لۆیە جاربەجار لۆ نوێکردنەوە و نەرمکردنەوەى دەیانبردە لای ئەو نەدافانە، ئەوانیش بە ئالەتێکی دار کە شێوەی لەتیروکەوان دەچوو بە چەکووچەکی داری گەورە پەمۆکەیان خاو دەکردەوە، ئیدی موشکیلەی گرد و کۆسپەکانی نووستنمان بەرۆژەکی کۆتایی دەهات.
-پینەچی جلکوبەرگ (ڕەواف): لەزەمانی مەدا زۆربەى خەرکی کەمدەرامەت بوون وەکی ئەو گەندەڵ و مەندەڵ و گەجەر و گوجەرانەى ئێستا نەبوون شەق لەدەفتەر دۆلارى بدەن، لۆیە جلکەکانیشیان زۆرجار پینە دەکرد، ئەوجا کوورتەک و شەڕوار و چاکەت هەبوو پێنج شەش پینەی لۆدەکرا، تەبعەن هیچ پارچە پینەیەکیش ڕەنگی ئەسڵی جلکەکە نەدەبوو، لۆیە بەوازیحی دیار بوو کە پینەیە. بەران هەندەک ئەفەندی هەبوون کە ئەو وەختی زۆربەیان جغارە خۆر بوون، جارجار ئاگرى جغارەکانیان دەکەتە سەر چاکەت و پانتۆرەکانیان و دەسووتا، ئەوجا لەبەر ئەوەى دوورینى ئەو قاتانە گران بوو، لۆیە بە ناچارى دەیانبردە لای ئەو وەستایانە و ئەوانیش بە عەینی داوی ڕەنگی چاکەت و پانتۆرەکە لۆیان پینە دەکرد بەران ئەوەندە بە وەستایانە چاکیان دەکردەوە هەستت پێنەدەکرد کە ئەوە پینەکرایە.
ئەوجا پێش ئەوەى ئاگرى جغارەکەم بکەویتە سەر بێجامەکەم لێرەدا بەجێتان دەهێلم.[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!