حەمیمیەتى عیلاقات
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
خۆشى ئەو زەمانەى دائیمەن لەنووسینەکانمدا باسى دەکەم و بە زەمەنى ئاڵتوونى ناوى دەبەم، بەس لەوەدا دەبینم کە عیلاقاتى خەرکى زۆر خۆش بوو، ڕاستگۆیى و وەفا لەسەرى سەرەوەى هەموو شتەکاندا بوو، برا لەگەر برا، خوشک لەگەر برا، جیران لەگەر جیران، دوکاندار لەگەر کڕیار، تاجیر لەگەر شەریکەکەى، حوکمەت لەگەر هاوڵاتى، جۆرەک لە حەمیمیەت هەبوو لە هەموو عیلاقەکاندا. ئەمن بەخۆم چار خوشکم مێریدیان کردبوو، دەبایە هەر ڕۆژە و سەردانى مارى یەکەکیان بکەم، یان ئەوان بانگیان دەکردم لۆ نانخواردنى نیوڕانان و ئێواران، ڕۆژانى جومعە دەبایە هەرچى کچ و مێردى، کوڕ و ژنەکەى بە خۆیان و مندارەکانیانەوە لەمارى بابە گەورە و دایە گەورەدا خڕ ببنەوە، کەسیان غایب نەدەبوون. بێجگە لەوەش حەفتانە دەبایە سەردانى مارە مام و خارانمان بکردایە، عیلاقاتى عائیلى و خزمایەتى بەو شێوەیە بوو. لەدەرێش عیلاقەى بەینى تەلەبەکانى مەکتەب، سەعى کردن پێکەوە، گەمەکردنى کۆرانێ پێکەوە، چوونە سینەماشمان پێکەوە. عیلاقاتى جیرانەتیش ئەوەندە خۆش بوو ڕوحیان لەسەر یەکدى بوو، کەس نانى نیوڕانى بەبێ ئەوى دى نەدەخوارد، وەختى نانى نیوڕانان زۆر ئاسایى بوو لە هەموو گەڕەکى شارەکەمان مەنزەڕى ئەو مندارە گچکانە ببینى کە دوو قاپ برنج و مەرەگە، یان قاپەک دۆرمەیان بەدەستەوەیە و لەدەرکەى جیرانان دەدەن و چاوەڕێ دەکەن قاپەکانیان لۆ بەتار بکەن و بگەڕێنەوە مارى خۆیان. زۆر ئاسایى بوو، ژنە جیرانەکان پێکەوە عەسران بەتەرمۆزى چاو توورەگەیەک کولیچەوە دەستى مندارانیان بگرن و بچنە #گڵکەند# ى یان سەر ئاوى کەسک و سۆر، یان سەر #گردى قالینچە# و پێکەوە هەتا مەغریبان لەوێ دانیشن و بەدەم چاخواردنەوە قسەوباسى دونیا لۆ یەکدى بکەن. زۆر ئاسایى بوو هەتا پێکەوەش دەستى مندارانیان بگرن و بچنە بازاڕى قەیسەرى لۆ کڕینى جلک و بەرگ و قۆندرە و جانتاى مەکتەبى مندارانیان. زۆر ئاسایى بوو مۆزەفەکانى دائیرە عەسران لەگەر یەک بچنە چایخانەى سەید سەلیم و حاجى مستیل و گازینۆ عەبۆ هەتا ئێوارە پێکەوە تاوڵە و دۆمینە بکەن. زۆر ئاسایى بوو مەلاى مزگەفت لەموناسەباتى مەسیحیەکان بچتە کەنیسەکانى #عەنکاوە# و مام تۆما و مامۆستا ئەنتوان و کاک پەتروسیش لەتازیەى موسرماناندا لە تەنیشت مەلاى قورعان خیندا دانیشن. زۆر ئاسایى بوو دختۆر عیادەى خۆى بەجێ بهێلى و بەسەر قەراتێ بکەوى لۆ ئەوەى بچتە فەحسى پیرەژنەکى نەخۆشى شارەکەى. زۆر ئاسایى بوو کوڕى جیرانەکان لەسەر پێ ڕاوەستن لەتەعزییەکاندا و ئاو و چا بگێڕن و تەعزییە بەڕێوە ببەن. ئەو دیمەنە جوانانە ئێستا باویان نەمایە، لەجیاتى ڕاستگۆیى و وەفادارى خەرکەکە موسابەقەیانە لەسەر پلە و پۆست و مەساڵح. لەبۆ مەسڵەحەتى خۆیان تەقریرى حیزبى لەسەر یەکدى دەنووسن لۆ ملشکاندنى یەکترى. لەجیاتى عیلاقە خۆشەکەى خوشک و برایەتى ئێستا بەسار لەیەکدى ناپرسنەوە. مەلاى مزگەفت لە هەموو خوتبەیەکى جومعەیاندا تۆمەتى کوفر دەخەنە پار برا مەسیحییەکانمان، تاجیر بە فرت و فێر و قۆڵبڕین معامەلە لەگەر خەرکى شارەکەى دەکا، نانى حەرام دەرخواردى مندارەکانى خۆى دەدا. مۆزەف دزى لەمارى میللەت دەکا، جیران خیانەت لەجیرانى دەکا. کەتینە زەمانەکى هەرچى ڕەفتارى جوان و ڕەوشتى بەرزە لاى خەرکى نەمایە. هەر لەبەر ئەوەشە جیلى مە لە ئێستادا ناتانن لەگەر کلتوور و سەقافەت و ئەخلاقى ئەو زەمەنەدا خۆیان بگونجێنن، خۆیان بەغەریب دەزانن لەناو کۆمەرگەدا، ئاخر لێمان مەگرن گەلۆ، بەو خوایە ئێستا لەزەمەنەکدا دەژین وەکى ئەوە وایە ئەو خەرکەى دەوروپشتمان لەکەوکەبەکى دى لۆمان هاتبنە خوارەوە لۆیە هەست بەغەریبى دەکەین، غەریبییەکى زۆرزۆر قووڵ.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 49
Scrivi il tuo commento su questo articolo!