جمکە هونەرییەکانى جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەم ڕۆژانەدا هەواڵى مردنى هونەرمەندى کۆمیدى گەورەى میسرى (جۆرج سیدهم)م بیست. ئەم هەواڵە ئیلهامى نووسینى ئەو بابەتەى پێمبەخشى لەسەر جمکە هونەرییەکانى زەمەنى ئاڵتونى کە دوو دوو یان سێ سێ هەمیشە لەکارە سینەمایى و هونەرییەکاندا بە یەکەوە دەردەکەوتن، تا وایلێهات ئەگەر پێکەوە نەبوونایە کەس تەماشایانى نەدەکردن.
لەساڵانى پەنجاکاندا جمکەى (انور وجدى ولیلى مراد) لە بوارى سینەمادا دەرکەوتن. ئەو دوو هونەرمەندە لە زۆربەى فلیمەکانیان بە یەکەوە دەبوون، تەنانەت دوایى زەواجیشیان کرد، بەڵام (انور وجدى) زوو وەفاتى کرد و (لیلى مراد)یش تەقریبەن لە بوارى تەمسیل دوور کەوتەوە.
لە بوارى شانۆشدا، (مارى منیب وعادل خیرى) لەدەیان مەسرەحییە پێکەوە دەردەکەوتن، کە ئەو سەردەمە زەمەن زەمەنى مەسرەحیات بوو. هەر لەو سارانەدا (فؤاد المهندس و شویکار)یش هاتنە بوارەکە و ئەوانیش زەواجیان کرد، لە زۆربەى مەسرەحیاتەکاندا پێکەوە دەبوون، دواتر لە فلیمەکانیش هەر پێکەوە بوون.
هەر لەو سەردەمەدا سێ جمکى سەعیدى لەهەندەک فلیمان دەرکەوتن کە (عمر الجیزاوى و محمد التابعی وسید بدیر) بوون، ئەوانە بەحیساب پیاوە گیلۆکەکانى مەنتیقەى سەعیدین، واتە (دەشتەکیەکانى) میسر بوون، عەمامەیەکى سپى و دیشداشەیان لەبەر دەکرد و، لاچاوەکانیان بەبۆیاخ سپى دەکرد.
دیسان لەو سەردەمەش (غوار الطوشى وحسنى بوروظان) هاتنە مەیدان و ئەوانیش دەیان فلیم و مەسرەحیات و موسەلسەلەیان پێکەوە نمایش دەکرد. دواى ئەوانیش دوو کچى سوورى زۆر جوان بە یەکەوە دەرکەوتن کە ناویان (فتنة واغراء) بوو.
لە بوارى گۆرانیشدا، سەردەمانەک سێ کچى جوان دەرکەوتن ناویان لەخۆیان نابوو (ثلاثی المرح) کە پێکهاتبوون لە (وفاء محمد مصطفى و صفاء یوسف وسناء البارودی) هەندەک گۆرانى سێقۆڵیان هەبوو، بەڵام دوو گۆرانى زۆر بەناوبانگیان هەبوو کە لە هەموو مانگى ڕەمەزانەک زۆر دووبارە دەکرایەوە ئەویش (أهو جیە یا أولاد) لەگەڵ (وحوی وحوی)
بەڵام لە هەموویان بەناوبانگتر سێکوچکەى بە ناوى (ثلاثی أضواء المسرح) بوون کە هونەرمەندانى گەورەى کۆمیدى (سمیر غانم وجورج سیدهم والضیف احمد) بوون. لەدەیان فلیمدا پێکەوە بەشدار دەبوون و جەوێکى خۆشیان لەسەر شاشە درووست دەکرد. ئێستاش زۆربەى گۆرانییەکانى ناو فلیمەکانیان سەدان هەزار کەس تەماشاى دەکەن لە یوتیوب بەتایبەتیش مونۆلوجى (کوتو موتو یا حلوة یا بطة)
لەو سەردەمەدا جۆرە کارێکى هونەرى هەبوو پێیان دەگۆت (اسکیتش) ئەویش گۆرانى کۆمیدى بوو لەگەڵ تەمسیلکردن. تەبعەن بەناوبانگترینیان (ثلاثی أضواء المسرح) بوون، یەک سکتێتشیان هەبوو کە زووزوو لەتەلەفزیۆن دەردەکەوت بەناوى (سیولالارى) پێش پەنجا ساڵى ڕێک باسى تەلەفزیۆن دەکا کە ڕێک دەڵێى باسى ئەو ڕۆژەى ئێستایە.
لەو سکێتشەدا، کابرایەک لەگەر ژنەکەى لەماڵێ دانیشتینە تەماشاى تەلەفزیۆنى دەکەن. پیاوەکە لەگەر ژنەکەى دەکەونە شەڕ، لەسەر ئەوەى ژنەکە تەماشاى تەمسیلەکى دەکاو پیاوەکەش حەزى لێناکا. ئەوجا پیاوەکە کۆنترۆڵى بەدەستەوە دەگرى بۆ ئەوەى کەناڵەکە بگۆڕى. کاتەکى دەیباتە سەر کەناڵى ئەڵمانیا، دەبینى دوو زەلام (سمیر غانم وجورج سیدهم) بەجڵکى ئەڵمانى ڕاوەستاینە گۆرانى (سیولالارى) دەڵێن!. ئینجا کەناڵەکە دەگۆڕى و دەیباتە سەر ئیسپانیا، دەبینى عەینەن ئەو دوو کەسە بەجلکى ئیسپانى و گیتارەکەى دەستیان گۆرانى (سیولالارى) دەڵێن!. دیسان دەیباتە سەر کەناڵى یابانى، لەویش دیسان (سمیر وجورج) بەجلکى یابانییەوە گۆرانى (سیولالارى) دەڵێنەوە. دەیباتە سەر هەر کەناڵەکى عەینەن ئەو دووە دەردەکەون و گۆرانى (سیولالارى) دەڵینەوە، کابراش ئەعسابى تێک دەچى و تەلەفزیۆنەکە دەشکێنێ.
مولاحەزە بکەن ئێستا لەو هەزاران کەناڵە تەلەفزیۆنیانە، بیخەیتە سەر هەر کەناڵەکى باس باسى کۆرۆنایە، دارو بەرد بوویتە باسى کۆرۆنا!
هەر دەلێى ئەو سیولالارییە لۆ ئەو ڕۆژەى ئێستامان گۆترایە..
ئیدى ئەمنیش دەرێم (سیو سیو سیولالارى.. لارى لارى سیولالارى.. لارى لارى سیولالار.. هی ئەهی لا لارى!..[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!