عومری بابردیم
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
تەمەنم گەیشتە 65 سارى پڕ لەنەگبەتى ونەهامەتى، 35 سارم لەژێر سایەى حوکمى #بەعس#دا بردە سەر، ئەوە 30 سارى حوکمى بەناو ئازادیشى هاتەسەر، بەڵام 35 زائید 30 هیچ خۆشییەکى تێدا نەبوو لۆ منى عەبدولفەقیر..
چونکى هەر کە چاوم کردەوە حەڕەس قەومى ڕژانە ناو شارەکان و تەقوتۆق دەستى پێ کرد، جارەک شوعى بەعسى ڕاو دەنا، جارەکیش بەعسییەکان شوعییەکانیان بە پشتى سەیارە لەسەر جادەکان ڕادەکێشا!.
هەندەک هەراش بووم خۆم لەخانییەکى قوڕى #تەیراوە# ى دێتەوە، کە خانییەکى پڕ لەکێچ و ئەسپێ، سەقفەکى کاریتەى پڕ لەمشک و مار کە شەوان خشەیان دەهات و زەندەقمانیان دەبرد. کۆرانەکان پیس و خەلیس جۆگەرەکانى پێش دەرکەکان هەر کەسەکى پێیدا تێپەڕبایە یەکسەر دەیزانى کێ ئەوڕۆ حەمامى گەرم کردیە و منداران دەشوا، کێش لۆ نیورانێ سەروپێى لێنایە، چونکى هەر لەجۆگەرەکاندا کەفى سابوونى حەمامەکان دەهاتنە دەرێ و ڕیخى حەیوانەکانیش بە جۆگەرەکاندا شۆر دەبووونەوە ناو مەجرا سەرقەپاغکراوەکان!.
لەو ئەجوائەدا ژیانی منداریشمان بەرێ کرد لۆیە هەر ئەوەندەت زانی کۆلێرا و سۆریکە لەناو شاردا براو دەبوەوە.
کە گەیشتمە تەمەنى گەنجایەتى لەساری حەفتایەکان هەناسەکمان هاتەوە بەرێ دوای دەرچوونی بەیانی یازدەی ئازار و پێکهاتنى کورد وعارەب. ئیدی ناوی حەمامەکانی #هەولێر# گۆڕدران، حەمامی عارەبان بووە حەمامی یازدەی ئازار، کازینۆی لەیالی ئەربیلیش بووە شەوانی هەولێر.
ئەو خۆشیەش زۆری نەبرد، ساری حەفتا و چار بەینی شۆڕش و حکوومەت تێکچوو خەرکی بە کۆمەر ڕویان لەشاخ کرد، ئەمنیش یەکەک بووم لەو جاحێرانەی چوومە سەرێ و بوومە پێشمەرگە.. لەوێش خێرمان لە خۆمان نەدیت، چونکی هەرچەندە ئەمە لەجەبهەى پێشەوە سەنگەرمان لە دژی بەعس گرتبوو، بەران تفەنگی ژەنگاویان دەدایە مە و برنۆ دارشوشەکانیش لۆ کەسانەکى بوون کە لەحەیاتیاندا تەقەیەکیان پێنەکرد!.
دوای سارەک ئاشەکەمان بەتاڵکرا، گەڕاینەوە عێراق و نەفیکراین لۆ شارى دیوانیە و لەوێش موعاناتی دوورکەوتنەوە لە هەولێر و خزم و کەسوکار دەستى پێ کرد!.
هێشتا هەناسەکمان نەدا شەڕی عێراق و ئێرانى سارى هەشتا دەستی پێ کرد، هەر ڕۆژە و دوسێ جار تەیارەکانی ئێران دەهاتنە سەرمان ئەمەش بە ژن و مندارەوە غارمان دەدایە بن قادرمەکانەوە!.
زۆرى نەبرد بەیان لەتەجنید دەرچوو مەوالیدمان بانگکرایەوە لۆ عەسکەرى، ڕاپێچی معەسکەر تاجی کرام لە بەغدا. دواى سێ مانگ خۆم ڕانەگرت زوو فیرارم کرد، ئەوجا موعاناتی فیراری، دوو سار لە کونی ژورێ نەدەهاتمە سەر کۆرانەکەشمان، هەر ڕۆژە و مەفرەزەى موشتەرەکە گەڕەکەکیان تەوق دەکرد.
دواى تەسریح بوونیش جارەکى دى ڕاکەڕاکەى جەیشى شەعبى دەستى پێکرد، دیسان خۆمان دەشاردەوە نەبادا ملمان بگرن و ڕاپێچى جەبهەمان بکەن.. لە ترسى ئەوەش ساری هەشتا و پێنج جارەکیدی چوومەوە شاخ و بوومەوە پێشمەرگە، بە قۆندرەی لاستیق و پاکەتی بەغداوە چەند سارەکمان لەوێش بەرێکرد هەتا ڕاپەڕین کە خۆشیەکی خستە درمانەوە، بەران ئەو خۆشیەش زۆری نەبرد و موعاناتمان لەگەر حکوومەتی فیفتی فیفتی و ململانێى حزبایەتى دەستی پێ کرد کە شەڕی برا کوژیشی تێکەوت و جارەکیدی ئاوارە بووینەوە. لە هەمووشی ناخۆشتر کارەساتە گەورەکەی گەندەڵی بوو کە لەدواى ڕاپەڕین لە کوردستان سەرى هەڵدایەوە و هەتاکوو ئەوڕۆش بەردەوامە.. بەوەش تووشى دەیان قەیرانى بێ مووچەیى و قات و قڕى هەژارى بووینەوە.
ئەوە هەموو عومرە ناسک و نازدار و ترش و شیرینەکەی من بوو لەرۆژى لەدایکبوونمەوە هەتا ئەو تەمەنەى ئێستام ئاو بینە دەستت بشۆ..[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!