دوو دڵۆپ فرمێسک لۆ هەیاس و مەمەدە شێت
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
برادەرەکى بەڕێزى #هەولێر#یم لەنووسینەکیدا سەربردەى حیکایەتەکى زۆر کاریگەرى بڵاوکردەوە کە لە ناخى ناخمەوە هەژاندمى.. چونکى کاتەکى دیمەنى ئەو لەحزیەم هینایە بەرچاوى خۆم، نەمتوانى خۆم ڕابگرم و فرمێسک بەچاوانمدا هاتنە خوارێ.. دیمەنەکە ئەوەندە کاریگەرە ئەگەر ئێوەش لەزەمەنە ئاڵتونییەکەدا ژیابن و ڕوخسارى کەسایەتییە جوانەکانى شارەکەمتان لەبیر مابى، لەوانەش ڕوخسارى دوو کەسایەتى دڵگیر و گەلێک ناسراوى شارەکەم، ئەگەر چى هەردوکیشیان بەشێت ناویان دەرکردبوو.. ئەو برادەرە دەگێرتەوە کەوا ڕۆژێک مەمەدە شێت ئەستوورگەکى پڕ حەلواى دەدەنێ، ئەویش ڕێک دەچیتە لاى هەیاسە شێت و دەستى لۆ درێژ دەکا نان و حەلواکەى بداتێ!..
کاریگەرى ئەو دیمەنە ئەگەر بیننە بەرچاوى خۆتان زۆر ناخ هەژێنە.. چونکى هەیاسە شێت بەوە ناسرابوو کە شێتەکى زۆر دڕندەیە و دەست لەهیچ کەسەکى ناپارێزێ، هەر لەخۆڕا شیشەکەى دەستى دەوەشێنى و دەیان و سەدان کەسى بەو شیشە بریندار کردبوو..
مەمەدیش شێت نەبوو، بەڵام عەقلى تەواو نەبوو، ئەویش لەسەردەمى مەدا بەوە ناسراوبوو، کە پڕ بەرائەترین ئینسانى سەر زەوییە، ئەوەندە کەسایەتییەکى بێ دەخل بوو، کە مندارانیش شەڕیان پێ دەفرۆشت، دەستى نەدەکردەوە، ڕۆژانە خەرێکى کار و کاسبى و عارەبانەکەى بوو، لە دونیاش ئەوەندە بێ خەبەر بوو، نەیدەزانى چى لەدەوروپشتى دەگوزەرێ..
جا بیننە بەرچاوى خۆتان، مەمەد بەو هەموو بەرائەتەوە لەبەرامبەر دڕەندەترین بەشەرى ئەو سەردەمە ڕاوەستایە و نان و حەلواى لەدەمى خۆى دەگرتەوە و دەیداتە هەیاسە شێت..
دیمەنەکە ئەوەندە تراژیدییە، قەت تەسەوڕ ناکرێ، ئەتوو برێى هەیاسە شێت دەستى بکردایە و مەمەدى خەڵتانى خوێن بکردایە چى ڕوویدەدا، خۆ ئەو شێت بوو کەس لێى نەدەگرت؟.
توو برێى مەمەد چى بەخەیاڵدا هاتبیتن کاتەکى دەستى پڕ حەلواى لۆ هەیاسە شێت درێژ کردیە؟ برێى لێى ترسابیت و ویستبێتى بەو حەلوایە سۆزى لۆ لاى خۆى ڕابکێشى؟ برێى مەمەد زانیارى هەبووبى لەسەر دڕەندەیى هەیاس، لەکاتەکیدا مەمەد ئەسڵەن هەر عەقلى نەبوو پیاوى باش و خراپى لێک جیا بکاتەوە؟
توو برێى هەیاسە شێت مەمەدى ناسیبیتى و زانیبیتى کەوا ئەو ئینسانە چڵکەنەى بەرامبەری ڕاوەستایە پیاوەکى شێتە وەکى خۆى؟ توو برێى هەیاس و مەمەد لەکێندەرى یەکتریان دیتییە و شارەزاى یەکتر بن تا ئەو ڕادەیەى مەمەد نەترسێ و لەهەیاسى نێزیک ببتەوە؟ یان هەیاس ئەوەندە مەمەد بناسى کەوا پیاوەکى بێ زەرەوە و شەڕى پێنافرۆشى؟
پێم وایە ئەگەر ئەو سەردەمە فیدیۆیەک هەبوایە ئەو دیمەنە تۆمار بکرایە، سوێند بە هەموو موقەدەساتى ئیسلام، ئەو دیمەنە موستەحەقى جائیزەى ئۆسکار دەبوو.. چونکە دیمەنەکە ئەوەندە تراژیدییە ناخى هەموو ئینسانەک دەهەژینى..
دواى خیندنەوەى ئەو بابەتەم، داوا لەجیلى ئاڵتونى دەکەم ئەو دیمەنە لە مێشکى خۆیان بیننە بەرچاویان، ئەوجا تێدەگەن چەندە دیمەنەکى کاریگەرە.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!