بە ئینسان مەڵێن (حەیوان)
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەکولتوورى دواکەوتووى ئێمەدا وەسفى (حەیوان) بۆ مرۆڤ، جنێو و ئیهانە و بچووککردنەوەیە.. زۆر جاریش شوبهاندنە بە (بێ عەقڵى). لەبەر ئەوەى کولتوورى ئێمەش، کولتوورێکى سەقەتە بۆیە ئەم شوبهاندنەمان زۆر پێ ناخۆشە. بەڵام با بێینە سەر بەراوردێک لەنێوان ئینسان و حەیوان بزانین کامیان عاقڵتر و شەریفترن..
-حەیوان بە سنفى دڕندەکەشیەوە چەشنى خۆى ناکوژێ.. واتە شێر، شیر ناکوژێ و گۆشتى ناخوا.. پڵنگ، پڵنگ ناکوژێ. کەر، کەر لەناو نابا. مەیمون تاوانى کۆمەڵکوژى ئەنجام نادا.. ئەوە هەر ئینسانە بە بۆمبێک سەدان هەزار کەس لەناو دەبات!.
-حەیوان، ئەگەر گۆشتخۆریش بێت، لەدواى تێر بوون پەلامارى نێچیریتر نادا.. هەر ئینسانە بەهیچ تێر نابێ، لەتێر بوونیشدا هەر هار و شەڕانگێزە!.
-حەیوان، چەک بەکار ناهێنێ، متمانە بەهێز و بازووى خۆى لەمەیدانان شەڕ دەکا، ئینسان ئەوەندە بێ غیرەتە لە پشت گاشە بەردى گەورەدا نەبێ تفەنگ ناتەقێنێ، تەنانەت لە کاتى ڕاوکردنى حەیوانیشادا خۆى لە پشت داران دەشارتەوە لە ترسى پەلامارى حەیوانەکه!.
-حەیوان، درۆ نازانێ، دزى ناکا، قۆڵى کەس نابڕێ، فڕت و فێڵ لەگەڵ حەیوانان ناکا، جنیۆ بەکەس نادا، حەسوودى بەکەس نابا، تەعەداى ناموس لە حەیوانەکانی تر ناکا، بەڵام ئینسان هەموو ئەوانە ئەکا بە زیادەشەوە!.
-حەیوان، عەمەلیاتى تەجمیل ناکا، بەراز کەپوویەکى زۆر ناشرینى هەیە بەڵام چاکى ناکاتەوە، کەر گوێى زۆر درێژە بەڵام کوورتى ناکاتەوە، بزن هەرامەکەى لەدەرێیە نایشارێتەوە، کەرکەدەن قەپۆزى یەکجار ناشرینە جوانى ناکاتەوە. بەڵام ئینسان بەزەلامەکانیشەوە برۆ هەڵدەگرن و لێویان سۆر دەکەنەوە!.
-حەیوان هەرچییەکى دەسکەوێ ئەیخوات، ترسى لە بەرزبوونەوەى کۆلسترۆڵ و زەخت و شەکرەى نییە، ڕیجیمیش ناکا و قەڵەویش نابێ، ئینسان بەیەک لەفەى فەلافل تووشى سکچوون ورشانەوە دەبى!.
-حەیوان حەزى بچتە مێ، خۆى لەملى دەئاڵێنێ و دەیباتە بن دارەکى بەبێ مەلا و قازى زەماوەند دەگێڕن، نە پێویستى بە موقەدەمى سەد مسقاڵ زێڕ و نە موئەخەرى پێنج ملیۆن دۆلار هەیە. ئینسان حەتا ژنەکى مارە دەکا پانتۆڕى پێ دادەکەنن، کە ژنیشى تەڵاقدا دەرپێیەکەشى لەسەر دادەنێ!.
-حەیوان، نە پەڕڵەمانى هەیە درۆى بۆ بکا، نە ئەنجوومەنى سەرکردایەتى دزى بۆ بکا!.
-حەیوان نە پێویستى بە کارەباى نیشتمانیە وەکوو ترافیک لایت داگیرسێ و بکوژێتەوە، نە پێویستیشى بەموەلیدەى ئەهلیە گەڕەک بخنکێنێ لەدوکەڵ و گڕەگڕ!
-حەیوان، نە چاوەڕانى بەیاناتى وەزارەتى داراییە بزانى کەینێ معاشى تەقاعوددى دەدەنێ، نە پێویستیشى بە عابد مزورییە ئاگادارى بکاتەوە لەگەیشتنى پارەکەى بەغدا!..
-حەیوان، نە سایتى سپى دەکاتەوە، نە سەیرى تەلەفزیونى ڕووداویش دەکا تا بزانێ کەینێ باران دەبارێ، و کام ڕێگاى گوندەکان بەفر دایگرتووە!.
-حەیوان، نە لەجادەى #ئیسکان# لەسەر شەقام نێرگلە دەکێشێ، نە لە #کەلار#یش لەپێش دەرگەى مەکتەبى کچان ڕادەوەستێ، هەر ئینسانە ئەو حیزە فیعلییە دەکا.
جا توو شەڕەفتان گوناح نییە ئینسان بێننە ڕێزى حەیوانە موحتەڕەمەکانەوە؟[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!