موناسەباتی جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
جاران لەسارانی پەنجا و شێستەکان هەتا ناوەڕاستی حەفتاکانیش، #هەولێر#ییەکان ئیهتمامەکی زۆریان بەموناسەبەتەکانیان دەدا. هەر لەموناسەباتی دینییەوە هەتا موناسەبەتە کۆمەرایەتییەکان و عائیلییەکان. لۆ نموونە گێژنەکان خۆشترین موناسەباتی سار بوون. مەراسیمی زۆر گەورە ساز دەکرا، خەرکی بەعام خۆیان لۆ ئەو گێژنانە ئامادە دەکرد. هەر سارەکی مانگی ڕەمەزان دەهات دونیا بەعام دەگۆڕا. لەو سارانەدا مانگی ڕەمەزان دەکەتە فەسڵی زستانەوە، لۆیە خێزانەکان هەر لە هاویندا زەخیرەی زستان و ڕەمەزانیان دادەنا. گۆشتی قاورمەیان هیشک دەکردەوە و دەیانخستە ناو جەڕڕەوە لۆ زستانێ، باراش دەکرا، گەنم و ساوەر و گەنمەکوتا و بڕووش لەئاش دەهاتنەوە و لەفەردە هەردەگیران، بامیە هیشک دەکراو لەڕستە دەدرا. باینجان و خیاریش هیشک دەکرایەوە لۆ توچمە ی زستانان. ئاوی تەماتە لە هاوینان هیشک دەکراو لۆ زستان هەردەگیرا. کە ڕەمەزانیش دەهات، مەتعەمەکان دایاندەخست و بەفرسەتیان دەزانی هەندەک دەسکارییان تێدا دەکرد، وەکی بۆیاخکردنی دیوارەکان و تەعمیرکردن و نوێکردنەوەی کورسی و مێزەکان. لەو هەموو هەولێرە یەک دوو مەتعەم بەکراوەیی دەمانەوە ئەویش لۆ مسافران و میوانانی دەرێی شار، ئەوانەش هەمووی بەئیجازەی حکومەت و پارەیەکی زۆریشیان دەدایە ئەو ئیجازانەوە. کە لەگێژنەش نێزیک دەبوینەوە بازاڕی خەیات و قۆندرەفرۆش و بەزازەکان جممەیان دەهات، چار پێنج ڕۆژ پێشی گێژنە ئەو هەموو جلکە تازەیە و قۆندرە و هەتا دەستەسڕ و جەمەدانی تازەش حازر دەکران لۆ گێژنە. تەبعەن دەخیلەی مندارانیش پڕ دەبوون لەپارەی ڕۆژانە و شەوی گێژنە دەشکان و دە فلس و پێنج فلسەکان دەکەتنە گۆڕێ، هەندەک جاریش ڕوبعی کاغەزیشی تێدابوو. ئەوەی بەدرێژایی سار لەگەر کەسەکی عاجزبایە، یان کوڕ و کچان لەگەر یەکتری (دوشک) بانایە، لەگەر یەکەم ڕۆژی گێژنە و ئیحترامەن لۆ ئەو مناسەبەتە گەورەیە ئاشت دەبوونەوە و پێکدەهاتنەوە. لە ڕۆژی مەولودی پێغەمبەری مەزنیش (د.خ) شار بەعام دەڕازایەوە و شیرینی و ئاو و ساردی لەسەر جادەکان بەسینی ڕادەخران و هەمووی بەلاش بوو. مزگەفتەکان جممەیان دەهات و خەرکی گێیان لەمەولودنامەی قازی ڕەشاد ئەفەندی دەگرت کە بە کوردی نووسیبویەوە. لەوانەیە باوەڕم پێ نەکەن کە دەرێم لەو هەولێرە موناسەبەی ڕۆژی عاشوراشیان دەکرد، هەرچەندە هەموو هەولێر دوو خێزانی شیعەشی تێدا نەبوو، بەران چایخانەکان بەدرێژایی دە ڕۆژی موحەڕەم لەموکەبیرەکانیانەوە دەنگی ڕۆزەخینەکانیان براو دەکردەوە کە شینیان لۆ ئیمام حسێن دەگێڕا. موناسەباتی عائیلیش هەبوون کە خەرکی هەولێر زۆر ئیلتزامیان پێدەکرد وەکی مناسەبەی ژن هینان. لەنیوڕانی ڕۆژی گواستنەوەی بووک، لەماری زاوا و جیرانەکانیشی سفرە دەڕازایە و برنج و گۆشت کراشەی دەکرد، زۆرجار شێتەکانی هەولێریش وەکی بەرخۆکە و حەسەن پەنجا و پێنج لەکۆرانان دەگەڕان بزانن لەکێندەری حەفلەی ژن گواستنەوە هەیە لۆ ئەوەی نانەکی بەتام بخۆن. کە نانخواردن تەواو دەبوو سەتان سەیارە لەپێش ماری زاوا خڕ دەبوونەوە لۆ ئەوەی بچن بووکەخان بیننەوە. خەرکی ئەوەیان بە واجیب دەزانی، لۆیە هەر کەژاوەیەکی بووکان سەتان سەیارە بەناو شاردا دەگەڕان. کوڕ و کچان بە جلکی کەسک و سۆرەوە سەریان لەناو جامی سەیارە دەردەهێنا و هەلهەلەیان لێدەدا، ئێستا زاوا سێ چار برادەری فەیسبووکی، بووکەش هەندەک ڕەفیقی ئەنستگرامی دەباتە قاعەیەک و هەندەک سیلڤی دەگرن و ئاو بینەو دەستت بشۆ؟
کاتەکی منداریش پەیدا دەبوو ڕۆژی سوننەتکردنی کوڕەکان دەبووە مناسەبەیەکی گەورەی هەولێرییەکان. لەو ڕۆژەدا وەکی بووک گواستنەوە حەفلەیەکی زۆر گەورە سازدەکرا و گۆرانبێژان بانگ دەکران، ئێستا مندارەکە دەبەنە لای موزەمیدی گەڕەک بە سێ دەقەی مندارەکە سوننەت دەکا و تەواو. ئەو موناسەبەتە خۆشانەی جاران ئێستا هیچیان نەمایە، ئەگەر ماشبن زۆر کەمبووە، ئاخر لۆیە هەموو دەم حەنینم لۆ ئەو زەمانەی پێشانم هەردەستی، بەدەست خۆم نییە گریانم لۆ ئەوێ ڕۆژان دێ.[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 38
Scrivi il tuo commento su questo articolo!