تەلەفزیۆنى جاران و گۆرانبێژانى کورد و تورکمان
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
یەکەمجار کە پەخشى تەلەفزیۆن هاتە #هەولێر#ێ، خۆم یەکەم شاهیدى بووم، ئەودەمى لەگەر بابم لە چایخانەى نادى مۆزەفین بووین کە یەکەم تەلەفزیۆن لۆ نادى کڕدرا و مارکەى تەلیفۆنکن بوو.
پێشتر خەرکى هەولێرى ئاریالى تەلەفزیۆنیان لەسەربانى ماڵى مەحمود حیلمى دەدیت کە لەسەربەستەکەى #تەعجیل# بوو، بەس کەس نەیدەزانى تەلەفزیۆن چییە و، ئێستاش نەمزانى کوو لەو ماڵە پەخشى تەلەفزیۆنى بەغدا وەریدەگرت، چونکى هەتا ناوەڕاستى حەفتایەکانیش پەخشى تەلەفزیۆنى بەغدا زۆر بەزەحمەت دەگەیشتە هەولێرێ..
بەهەرحال تەلەفزیۆنى #کەرکووک# لە #18-11-1967# بەفەرمانى سەرۆک وەزیرانى ئەوساى عیراق تاهیر یەحیا دامەزرا، بەڵام هاوینى سارى 1968 پەخشى تەلەفزیۆنەکە گەیشتە هەولێر. یەکەم وەجبەى تەلەفزیۆنیش حاجى عەبدولموتەلیب هینایە هەولێرێ کە دوکانەکەى لەبەرامبەر کەباب کۆیسنجاق بوو لە ڕێزى چایخانەى سەید سەلیم. لەبیرمە دەمە و عەسر بوو حەمباڵەک و کوڕەکى حاجى عەبدولموتەلیب جیهازەکى تەلەفزیۆنیان هینایە نادى و لەقاعە گەورەکە دایاننا. مەجموعەک مۆزەفیش لەدەورى خڕ بوونەوە وەکى ئەوەى کەس ئەو عاجباتییەى نەدیتبى. ئیدى کوڕەکەى حاجى دوو سەعاتەک پێوەى خەریک بوو هەتا ئاریەلى لەسەربانى دانا و وایەرەکانى بەست و کەتە گەڕان لەقەناتەکان لۆ دێتنەوەى پەخشەکەى تەلەفزیۆنى کەرکووک.. کاتەکى ڕەسمى موزیعەکى لەسەر شاشەکە دەرکەت، بووە هەڵاو چەپڵەلێدان و تەماشاى کوڕەکەى حاجیم دەکرد گوونى زۆر گەورە ببوو و زۆر کەیفى بەخۆى دەهات کە وەک شارەزایەکى گەورە پەخشى تەلەفزیۆنى لۆمان هینا.
ئەو دەمى تەلەفزیۆنى کەرکووک بە پەخشى بەغدا بەسترابوەوە، واتە ڕۆژانە کەمتر لەیەک سەعات داندرابوو لۆ بەشى کوردى و تورکمانى ئەویش لەدواى قورعانى کردنەوەى پەخش سەعات شەشى ئێوارە، ئەوجا ئەفلام کارتون، لەسەعات شەش و نیو بەشى کوردى دەستى پێدەکرد لۆ بیست دەقە و دوایى دە دەقەش لۆ بەشى تورکمانى، سەعات حەفت پەخشەکە لەگەر تەلەفزیۆنى بەغدا دەبەسترایەوە و هەتا سەعات 11 و 12ى شەو پەخشى عەرەبى بەردەوام دەبوو. دوایى پەخشەکە زیادى کرد و بووە سەعاتەکى بەشى کوردى و نیو سەعاتیش بەشى تورکمانى..
تەبعەن لەبەر کەمى ماوەى پەخشەکە هیچ بەرنامەیەکى کوردى و تورکمانى نەبوون، بەس گۆرانى بوون، حەزمکرد لەو مەقالەیەدا هەندەک لەو گۆرانیبێژانە یاد بکەینەوە کە لەسەرەتاى دامەزراندنى بەشى کوردى و تورکمانى ڕۆڵیان هەبوو. لۆ ئەوەى لانی کەم وەکى ڕێزگرتنەک بە نەوەى ئێستایان بناسێنین.
ئەو تەلەفزیۆنەى لە کەرکووک دامەزرا لەسارى 1974 و بەحوکمى بەیانى 11ى ئازار بووە محەتەیەکى سەربەخۆى کوردى و لە بەغدا جیا بوەوە، ئەوجا بەشى تورکمانى زیادى کرد و بەشى سریانیش کراوەیە و بەرنامەى کوردى و تورکمانیش زۆر بوون.
یەکەم گۆرانیبێژانى هاتنە سەر شاشەکە لەو سەردەمەدا تەبعەن لەسەروویانەوە مامۆستایان #تاهیر تۆفیق# و #ڕەسوڵ گەردى# و #عەلى مەردان# و #فوئاد ئەحمەد# و #باکوورى# و #تەحسین تەها# و عەبدوڵڵا دڵسۆز و #عیسا بەروارى# و #محەمەد عارف جزیرى# بوون. دوایش، #شەمال سائیب# و #عومەر دزەیى# و #گوڵبەهار# و نەسرین شیروان و حەسەن جەزراوى و قادر مەردان و جەمال جەلال و محەمەد قەدرى.
لەبەشى تورکمانیش یەکەم گۆرانیبێژ عەلى قەلعەلى بوو، دواى ئەویش عەبدولواحید کورەچى و ئەکرم کۆپرلى و یەکەکیش هەبوو پیاوەکى خڕپن بوو ناوى سامى بوو ناوى باوکیم لەبیر نەمایە.. ئێستاش نەمزانى لۆ هەندەک گۆرانیبێژى زۆر ناسراو هەبوون لەو سەردەمە بەڵام هیچ گۆرانییەکیان لە تەلەفزیۆن نەبوو هەر چەندە زۆر ناوداریش بوون لەوانەش، #مشکۆ# ى ڕەحمەتى و #محەمەد ئەحمەد ئەربیلى# و یونس مەحمود و #هابە# ، کە ئەمن بەبیرم نایە ئەوانە لەو سەردەمەدا گۆرانیان لۆ تەلەفزیۆن تەسجیل کردبى.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!