ئەگلەنجە و مەولودی جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەزەمانی مەدا ژنهینان مەسەلەیەکی زۆر موعەقەد بوو، وەکی ئێستا نەبوو خەرکی بەماسینجەر و واتساب بتانن زەواج بکەن. ئەو وەختی هەریەک لەمە بگەشتبایە عومری زەواج، هەموو شتەکان لە ڕێگەى لێژنەیەک دەکرا کە پێکهاتبوو لە داک و خوشک و پلک و مامۆژنەکان. زۆر بەزەحمەت گەنجی ئەو زەمان بەحوب حوبین ژنیان دەهێنا، چونکی دڵدارى لەو زەمەنەدا ئاسان نەبوو، حوب و خۆشەویستی بەبێ هیچ موبەریرەک بەعەیبە دەزاندرا، ئەوە عەقلی موجتەمەعی ئەو سەردەمە بوو.
بێ لەوەش لەو زەمانەدا کوڕ نەدەبووە پیاو و لایقی ژنهینان هەتا عەسکەری نەکردبایە، دەیانگۆت کوڕ هەتا عەسکەری نەکا نابتە پیاو. ئەوجا کوڕ مەکتەبیشی تەواو بکردبا دەبایە عەسکەری تەواو بکا ئەوجا فکر لە ژنهینانی بکاتەوە. وەختی دەگەشتە ئەو عومرە و موستەحەقی ژنهینان دەبوو، لێژنەکە دەکەتنە خۆیان لۆ گەڕان بەدوای ژن لۆ کوڕەکەیان. زەمانەکە وابوو هەتا ڕەسمی کچەش پێشانی کوڕ نەدەدرا، هەموو شتەک لەلایەن ئەو لێژنەیەوە دەبڕایەوە، وەختەکی ژنەکە دەگوازرایەوە شەوی بەزاوا بوون مێرد ژنەکەی خۆی دەدیت، ئەوجا خۆی و شانسی وەکی بیتاقەى یانەسیب وابوو، یان جوان دەردەچوو یانیش ناشرین، لەهەردوو حارەتدا دەبایە ڕازی بایە و ملی شۆڕکا.
حادیسەیەک هەیە پێشتریش باسم کردیە ئەویش بەسەر مامۆستایەکی #هەولێر#یدا هاتییە، ژنەکەیان بەو شێوەیە لۆ هینا کە پێشتر نەیدیتبوو، قەرار دەدەن لۆ شەهرلعەسەل بچنە بەغدایێ. ژنەکە لەبن پێچەوعەبای بوو لەشەرمان لەناو سەیارەش لێی نەدەکردەوە، کاتەکی دەگەنە دوز#خورماتوو# دێنە خوزارێ لۆ نانخواردن، لەناو مەتعەمەکە کابرای زاوا بەژنەکەی دەرێ ئەو پێچەیەت لادە با دەم و چاوت ببینم، چونکی دەرێن بەغدا زۆر قەرەباڵغە دەترسێم لێم بزر بی، عەلەل ئەقەل کە دەچمە مەخفەرى شورتە لۆ ئەوەی لەدوت بگەرێن هەر نەبی وەسفەکی توویان بدەمێ؟!.
عادەتەن هەولێرییەکان مەراسیمی ژنهینانیان بە مارەکردن لای مەلا دەستپێدەکرد، دوایی هەندەک عائیلە حەفلەی ختوبە و نیشانیشیان دەکرد، هەندەکیان ئەو حەفلانەیان نەدەکرد چونکى بەمەسرەفەکی زیادەیان دەزانی.. ئەوجا ڕۆژی جیهاز دەهات، جیهاز ئەو دۆشەگ و لێفە و بەتانی و ئەشیای ناومار بوو کە ماری بووک دەیانناردە ماری زاوا لۆ ژوورەکەی خۆیان، ئەویش لەو پارەیەی کە بەناوی پێشەکی دەدرایە ماری بووکە. ماری زاواش بەدەوری خۆیان ئەشیایان دەکڕی لۆ ژوورەکەی زاوا وەکی کەنتۆری دووچاوە و کەنتۆری نوینان و سندوقی گچکەی جلکان، ئەوجا ماری کچە و ماری زاوا زۆرجار دەبووە لچبادان لەیەکدی گوایە هی ئەو زۆرترەو هی ئەویدی کەمترە!.
عەلاکولین دوای ئەوە ڕێکدەکەتن لۆ ڕۆژی گواستنەوەی بووکە. شەوی گواستنەوەکەش لەماری زاوا مەولود دەکرا، لەپاش مەغریبەوە هەندەک مەلا و تاخمی دەفلێدەرەکان دەهاتن و دەستیان بەمەولود خیندن دەکرد کە قازی ڕەشاد ئەفەندی موفتی نووسیبویەوە، خەرک دەچونە مەولودەکە، لەهاتنە دەریش یەکی زەرفەکی مەکتوبیان دەدرایێ کە بەداملی و چوکلێت و ترشوشیرینی تێدابوو. هەر لەوێ عارەقخۆرەکان تەبلیغ دەکران کە نەچنەوە دوای مەولود ئەگلەنجە دەکەن.
ئەگلەنجە پێدەچى کەلیمەیەکی تورکی بی، بەران مامۆستا مومتاز حەیدەری تەحلیلی وایە کە ئەو کەلیمەیە کوورتکراوەی کەلیمەی (ئاهەنگی گەنجان)ی کوردی بیتن، ڕایەکەشی زۆر مەعقولە. ئیدی شەو هەتا بەرەبەیان گۆرانی و موسیقا و خواردن و قوونبادان دەستی پێدەکرد، دوای تەواوبوونیشی زاوا و هەندەک لە برادەرە نێزیکەکانی دەیانبردە حەمام و جلکی نوێیان لۆ حازر دەکرد.
ڕۆژی دوایی لۆ نیوڕانەکەی خزم و ئەحباب خڕ دەبوونەوە لۆ نانخواردن و سفرە دەڕازاوە گۆشت و برنج و فاسۆلیا کراشەیان دەکرد، پاش نانخواردنیش سەیارە دەهاتن و دەچون بووکیان دەهێنا و فەڕڕەیەکى ناو شاریان پێلێدەدا، هەتا پێش مەغریب دیسان شایی و هەڵپەرکى بە دۆڵۆزوڕنا لەماری زاوا درێژەى دەکێشا، دوایی هەر کەس لۆ ماری خۆی.
حەفتەک پاش گواستنەوەش مناسەبەیەکی دی هەبوو ئەویش حەفتیانە بوو، خزم و کەس و ناسیار دەهاتنە ماری زاوا و هەریەکە و بەقەدەر ئیمکانییەتی خۆی پارە یان پارچەک زێڕی دەکردە هەدیە کە ئەوەش هاوکارییەکی جوان بوو لۆ بووک و زاوا. ئیدى دۆڵ دڕا تەقەى بڕا..[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!