سەما لەگەر گورگەکان
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
فلیمەکى ئەمریکى زۆر خۆش هەیە. ئەو فلیمە لە سارى نۆوەد نمایش کراو چەندین جائیزەى ئۆسکارى وەرگرت، یەک لەوانە ئەکتەرە سەرکییەکەى (کیفن کوستنەر) بوو. ئەو فلیمە بووە یەک لەو فلیمە تاریخییە ئەمریکییانە کە لەئەرشیفى نەتەوەیى کۆنگریس هەرگیرا وەکى سامانەکى میللى ئەمەریکا.
ئەو فلیمە باسى سەرەتاى داگیر کردنى ئەمریکا و لەناوبردنى خەرکە ڕەسەنەکەى لەهیندییە سۆرەکان دەکا، فلیمەکى زۆر نایابە. لە هەمووى خۆشتر ئەوەیە ئەو فلیمە باسى ناوى هەندەک لەو هیندیانە دەکا کە زۆر عەجایب و غەرایب بوونە. ناوەکانیان ناوى ئینسانى ئاسایى نەبووە، وەکى (جۆرج و مایکل و براد و دۆگلاس و ئەحمەد و محەمەد و عەریف شنیور و چخێور ) بەرکو ناوەکانیان لە سیفەتەک یا حادیسەیەکى بەسەر هاتى کەسەکان دادەندران. لۆ نموونە کچەکیان ناوى (تقف بقبضتها) واتە ئەوەى بەپێوە ڕاوەستایە و بۆکسان دەهاوێ. ئەوەش لۆیە ئەو ناوەى لێنرایە، چونکە جارەکیان زەلامەک دەستى لۆ دەبا، ئەویش بەپێوە بووە مستەکى لێ ڕاوەشاندیە!. زەلامەکیان ناوى تەیرە لووشکە لێدەرەکە بوو! کوڕەکى گەنجیان ناوى (ئەوەى زۆر پێدەکەنى)! سەرۆکى عەشیرەتەکەشیان ناوى (با لەپرچى دەدا).
ئەوجا خوا ڕەحمى کردیە ئەو سەقافەتەى هیندیە سۆرەکانى ئەو سەردەمە نەگەیشتە لاى خۆمان، ئەگەر نا ئێستا ناوى باپیرانمان دەبووە (ئەوەى چایەکەى بەسەردا ڕژا) یان (پیاوە دوو قاپ تەشریب خۆرەکە) یان ناوى خارەکمان دەبووە (ئەوەى نەفتى بەعارەبانە ڕادەکێشى) یان ناوى مامۆژنەکمان دەبووە (ئەو ژنەى عەبایەکەى با بردى) یان ناوى خارۆژنمان (ژنە لەسەربان بەربووەکە) . خۆ ئەگەر ئەوەش درێژەى بکێشابایە و بگەیشتبایە سەردەمى مە، دەبایە ناوى سەلیم قاقا ببایە (ئەوەى ئێواران کێشکەکان بەڕەڵڵا دەکا) ناوى چورچەى ببایە (ئەوەى نیشانە بە چڵمى دەگرى) بەهەیاسیشمان بگۆتبایە (شێتە شیش لەدەستەکە)!. بەران باشبوو ئەو ناوە عەنتیکانەى هیندییەکان نەگەیشتە مە، بەس شتەکى لەو بابەتە بە واقیعى لێرە ڕوویدایە با لۆتان باسبکەم.
دەگێڕنەوە لەسەردەمى عەسکەرى کابرایەکى عارەب ببوە عەسکەر، هەموو ڕۆژەک لەوەختى عەسکەرەکان لەتەدریب دەگەڕانەوە قاوشەکانى خۆیان، عەریفەکەیان هاوارى دەکرد (تعداد) واتە خڕ ببنەوە لۆ ناو خیندن هەتا بزانن کێ لەوێیە و کێ بەدزییەوە شۆڕ بوویتەوە لۆ ناو بازاڕێ.
ئەوجا لە هەمووى خۆشتر لە هەموو تعدادەکى عەریفەکە کە ناوەکانى دەخیندەوە دەگەیشتە ناوى یەک لەعەسکەرەکان هاوارى دەکرد (مضرطە عبدالکریم)!. عەسکەرەکانیش هەر کە گێیان لەو ناوەى دەبوو هەموویان دەپسان لە پێکەنینان. کابراش هەموو جارەکى تەریق دەبوەوە و هاوارى عەریفەکەى دەکرد: (عریفی آنى اسمى مضر اسم أبویە طە اسم جدى عبدالکریم) مو (مضرطە عبدالکریم)! لۆ ئەوانەى عارەبى نازانن (مضرطە) واتا (تڕکەن) .[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!