حەقی جیرانەتی
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
سارانی زوو #هەولێر# شارەکی گچکۆکە و ناسکۆکە بوو. هەمووی سێ چار گەڕەک بوو. #گەڕەکی عارەبان#، جولەکان، #تەیراوە#، #خانەقا#، #سەیداوە# و #سێتاقان# لەسارانی چل و پەنجایەکان هێشتا چۆلەوانی بوون. ناوی گەڕەکى #شۆڕش# و #ئازادی# و #ئیسکان# یش لەقوتی هیچ عەتارەکی ناو قەیسەریدا نەبوو. ئەگەر تەماشای خانییە کەونەکانی ئەو گەڕەکانەش بکەی، دەبینی کۆرانەکان زۆر تەسکبوون، خانى بەسەر خانییەوە بوو، وەکی ئەوەی هەموو خەرکەکە لەناو یەک خێزاندا بن. ئەو وەختی حەساریش هەبوو، چەند غورفەیەک لە تەنیشت یەک و حەفت هەشت خێزانی تێدابوو. نەحەمام هەبوو نە تەڕەماش، منداریان دەخستە ناو تەشت لەناو حەوشەکە دەیانشوشتن، داک و بابەکانیش دەچوونە حەمامەکانی بازاڕێ.
سەربانەکان هەمووی موشتەڕەک بوون، دیوارەکى نویی لەبەینیاندا هەبوو، هاوینان هەموو خێزانەکان لەسەربان دەنووستن. سەر لەئێواران کچە عازەبەکان دەچوونە سەربانێ جێیان ڕادەخست، شەوان کەدەچووینە سەرێ دۆشەک و بالیفەکانمان سارد دەبوون. شەربەی ئاو لەجێیەکی برند دادەندرا هەر بەبا فێنک دەبوەوە، جاریواش شفتی و گندۆرە لەت دەکراو لەسەربان دادەنرا ئەویش دەبووە بووز پێش نووستن دەمانخواردن.
داپیرە گەورەش حەکایەتی لۆمان دەگێڕایەوە کە زۆربەیان هەزار جار گێمان لێ دەبوو، وەکی حیکایەتى حوجبن حەلاق و دێوە ڕەشەکە و حیکایەتی پاشا و سێ کوڕەکانی بەناوی ئەحمەد و محەمەد و مەحمود. ئەوجا داپیرم دەیگۆت حوجبن حەلاق پیاوەکی زۆر درێژە سەری دەگاتە عاسمانێ، بەران ئەگەر هاتە پێشتان دەست لۆ دۆخینتان ببەن یەکسەر غاردەدا و بزر دەبی. دەمگۆت داپیرە ئەمن شەروارەکەم لاستیقى پێوەیە دۆخینى نییە!. دەیگۆت قەیدیناکە دەست لۆ لاستیقەکەت ببە!.
هەندەکجار کە مندار بووین لۆ واجیباتی بەیتی دەچووینە ماری جیرانەکانمان لەگەر تەلەبەکانی هاوتەمەنى مەکتەبمان پێکەوە واجیباتەکانمان دەکرد، هەندەک شەویش خەو دەمانیبرد و هەر لەمارە جیرانەکانمان دەنووستین لۆ سبەینەکەی قەیماغ و ماست و شیرمان لەوێ دەخوارد ئەوجا دەهاتینەوە مارێ و خۆمان دەگۆڕى و دەچووینە مەکتەبێ.
جیرانەتی لەو زەمانەدا زۆر پیرۆز بوو، حەقی جیران لەسەر جیران زۆر شتەکی موقەددەس بوو، کەس تەماشای کچی جیرانی نەدەکرد، هەتا لەبازاڕیش کاتەکی کچەکی جیرانمان بدیتبایە وەکی برا دەمانپاراستن.
عادەتەکی دیکەش هەبوو لەبەینی جیرانان، ئەویش ئەوە بوو هەر مارە جیرانەک نیوڕانان شیوی بکردبایە دەبایە دوو سێ قاپى لۆ جیرانەکانى بناردبایە. شیوی مە دەچووە ماری جیرانەکان ئی ئەوانیش لۆمە دەهات. ئەوجا ئەوان دۆرمەیان دەکرد ئەمەش برنج ئەویدی کفتە و هاکەزا نیوڕانان ئەنواع خواردن لەسەر سفرەکانمان دەبوو. عادەتەن ئێواران شیو نەدەکرا، ئەمنیش بەخۆم زۆر منجڕ بووم هەموو نەوعە شیوەکم نەدەخوارد، لۆیە خوشکەکانم دەکەتنە گەڕان لەمارە جیرانان بزانن کێ قاپەک شیوی نیوڕانى مایە لۆم بینن.
عیلاقەکە ئەوەندە خۆش بوو، ڕۆژانی چارشەممان ژنە جیرانەکان خڕ دەبوونەوە دەستی منداریان دەگرت و دەیانبردنە سەیران. ئەو وەختی سەیرانمان لۆ کن نافوورەى بوو (ساحەکەی پێش فندق شیراتۆنی ئێستا) یان دەچوونە کن محەتەی قیتارى، یان غاباتەکەی بەرامبەر خەستەخانەی جمهوری، لەوێ چایەک و کولیچەیەکیان دەخوارد لۆ ئێوارە دەگەڕانەوە. هەندەکجاریش ژنە جیرانەکان پێکەوە سەفەری موسڵیان دەرکرد و دەچوونە ئاوەکەى عەنکبریت، یان دەچوونە مەرقەدی وەکاشەی سەر ڕێی #کەرکووک# لۆ دوعاکردن.
ئەگەر یەک لەجیرانەکان تەعزییەی هەبایە خۆ جیرانەکانى دى نەیاندەهێشت کابرای ساحیب تازیە دەست لۆ گیرفانی بباتن. نانی سبەینان قەیماغ و لۆبیا و ماست، نیوڕانان دەیان مەنجەر برنج و مەرەگە و گۆشت دەگەیشتە مارى تەعزییەدار، ئێواران دەیان نەفەر کەباب، هەتا پاکەتە جغارە و قاوە و چایەى مزگەفتیش لەسەر جیرانان بوو. بێجگە لە دەیان تەنەکە ڕوون و فەردە برنج و شەکر و ئارد دەڕژایە مارى ساحێب تەعزییە. تازییەی ئەو وەختیش حەفت ڕۆژ بوو، وەکی ئێستا دوو سەعات نەبوو.
ئەو زەمان خەرک ئەخلاقی هەبوو خیانەتی لەجیران نەدەکرد. عالەم لەگەر یەک بەوەفا بوون. دوکاندار خیانەتی لەموشتەری نەدەکرد، ساحیب مەتعەم خواردنی پاکی دادەنا هەمووی فریش بێ غەل وغەش. نەجاڕ و حەداد و فیتەر ئیشی جوانیان دەکرد لەسومعەی خۆیان دەترسان. دختۆر فڕتوفێری لەنەخۆش نەدەکرد یەک تۆن دەرمانی لۆ بنووسی لەبەر ئەوەی شەریکی سەیدەلیەیە!. دەوڵەمەند خێروخێراتی خۆی دەکرد نەوەکی ئێستا پارە دزراوەکانیان ببەنە بانقەکانی خاریج خەرکى ئەوێ ئیستیفادەى لێبکا!. مۆزەف لە خزمەتی خەرکیدا بوو نەوەک حزب و حزبانۆکێ. ئەخلاق لەو پەڕی بەرزیدا بوو، ئێستا دەبی حەسرەت لۆ ئەخلاق بکێشین. باوەڕ بکەن هەر نەمانی ئەخلاقە ئەو هەموو کارەساتەی بەسەر ئەو میللەتە قوڕبەسەرەمانی هینایە. ئەوجا تێبگەن..[1]
باقی وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!