ئادابى جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
ئەخلاق و ئاکار و هەڵسوکەوتى تاک، ڕەنگدانەوەى داب و نەریتى گشتى کۆمەڵگەیە. ئەوەش مەعناى ئەوەیە ئەگەر کۆمەڵگە تەندرووست بوو، تاکەکانیش تەندرووستن. چونکە دەوروبەر کاریگەرییەکى زۆرى بەسەر ئینسانەکاندا هەیە، لۆیە ئەگەر کەسەک لەناو کۆمەڵگەیەکى دیموکراتدا بژى لەجیناتەوە دیموکراتخواز دەبى، ئەوەى ئەولادى شەوارعیش بیتن، لەبەرزترین کایەى دەوڵەتیشدا هەر بەئەخلاقى ئەولادى شەوارع هەڵسوکەوت دەکا. لۆیە کاتى خۆى ئەگەر دەوڵەت بیویستبایە کەسەک بکاتە ڕەئیس بەلەدییە یان مودیرى تاپۆ یان مودیرى خەزینە، دەگەڕا لەدووى کوڕى بنەماڵە دیار و خانەدان و نەجیبزادەکانەوە کەسەکى هەردەبژارد لۆ ئەو پۆستانە، چونکى ئەوانە ئەخلاق و ئاکارى خانەوادەکانیان هەرگرتییە و لەبەر سومعەى عائیلەکانیان بە دەستپاکى و داوێنپاکى و ڕەوشتبەرزییەوە ئەرکى سەرشانیان بەڕیوە دەبرد.
کۆمەڵگەى #هەولێر# لەوەتى هەیە، کۆمەڵگەیەکى تەندرووست بووە. کۆمەڵگەیەکى خواناس، میواندۆست، خێرخواز، چاکەکار، ئاشتیخواز بووە. ئەو بەهایانەش بەگشتى کاریگەرییان هەبووە لەسەر خەرکى شارەکە. ئەگەر چى ئێستا وەزعەکە گۆڕایە و بەحوکمى ئەو گۆڕانکارییە گەورانەى لەو سى سارەى دواییەدا ڕوویانداوە، شیرازەى کۆمەڵگەى کوردەوارى بە تەواوى تێکچووە، تاکى کۆمەڵگە زۆر دوورکەتیتەوە لەئادابە جوانەکانى جاران. خەرکەکى پوولپەرست و هەلپەرست و چرکاو خۆر و قۆڵبڕ زیاتر دەرکەتینە کە دوورن لە هەموو قیەم و ئەخلاق و بەها کۆمەڵایەتییە ڕەسەنەکانى جارانى هەولێر. هەر لۆ بیرخستنەوە حەزمکرد هەندەک ئادابى جارانتان لۆ باسبکەم کە جیلى مە پێوەى پابەند دەبوون و لەگەر جیناتەکانیان تێکەر ببوو، کە بەداخەوە لەناو جیلى ئێستادا زۆر بەکەمى دەیانبینین.
-ڕێزگرتن لە گەورە: جاران داک و باب ڕۆڵى گەورەیان هەبوو لەپەروەردەکردنى مندارەکانیان بە شێوەیەک کە ڕێز لە کەسانى لەخۆیان گەورەتر بگرن. ئەوجا ئەوەش هەموو مەجالەکانى ژیانى دەگرتەوە، هەر لەرێزگرتنى برا و خوشکى گەورەى خێزانەوە، هەتا مودیرى دائیرە و پیاوە بەتەمەنەکانەوە. هیچ کوڕەک نەیدەتانى لەپێش برا گەورەى جغارەش بکێشى. زۆر عەیبەکى گەورەش بوو ئەگەر کوڕە گەنجەک لەناو ئامانە جێیەکەى خۆى نەداتە پیاوەکى پیر یان ئافرەتەک کە سەردەکەت، کەسەکى وا هەبایە زۆر بەچاوەکى سووک تەماشاى دەکرا.. کەس نەیدەوێرا لەبەرامبەر کەسەکى لەخۆى گەورەتر پێ لەسەر پێ دابنێ، وەکى گۆتم ئەو شتانە لەگەر جیناتەکانمان تێکەر ببوو، لۆیە ئێستاشى لەگەردابى یەک بەخۆم ناتانم لەبەرامبەر کەسەکى لەخۆم گەورەتر یان هاوتاى خۆشم پێ لەسەر پێ دابنیشم.
-جاران کە دەچوویە میوانى و سفرە دادەندرا، هەتا ساحێب مارەکە نەیگۆتبا فەرموو کەس دەستى لۆ خواردنى درێژ نەدەکرد، کە میوانیشت دەهات نەدەبوو دەست لەنانخواردن هەرگرى هەتا میوانەکەت دەست نەکێشتەوە.
-جاران کە یەکەک لەجیرانەکانت دەمرد، دەبایە بەخۆشت تازییەدار بى، نەدەبوو بەهیچ شێوەیەک هەتا سێ ڕۆژى ڕادیۆ و تەلەفزیۆن پێبکەى، کە لەتووش کەسەک بمردبایە جیرانەکانت تەلەفزیۆنیان بەپەڕۆیەکى ڕەش دادپۆشى.
-جاران ئەگەر جیرانەکى نوێ بهاتبایە گەڕەک، هەر ماڵە و جەمەک خواردنى حازر دەکرد و جیران نەیاندەهێشت ماڵە تازەکە هەتا یەک حەفتە هیچ شیوەکى لێبنێ بەو حیسابەى مەشغوولى ڕێکخستنى مارەکانیان دەبن.
-جاران سێ چار برادەر بچووبانە چایخانە یان مەتعەمەکى لەهەستانەوەدا شەڕە خەنجەر ڕووى دەدا لەسەر ئەوەى کێ حیسابى چایە و خواردنەکان بداتن.
-هیچ ژنەک لەمارى خۆى نەدەچووە بازاڕ ئەگەر لە ژنە جیرانەکانى نەپرسیبایە چییان دەوێ لەبازاڕ لۆیان بینتەوە.
-لە بەهار و گێژنەى نەورۆزدا یەک گەڕەک بەکامڵى ڕێکدەکەتن و بە لۆرى یان گەلابە یان پاسەکى بیست و چار نەفەرى هەموویان پێکەوە دەچوونە سەیران، پێش سەفەریش لەسەر جۆرى خواردنەکان ڕێکدەکەتن و هەر یەکە و خواردنەکى تایبەتى ئامادە دەکرد.
-جاران سەربانى خانییەکانمان هەمووى موشتەڕەک بوو، دیوارەکانیشیان زۆر نوى بوون، بەڵام کەس نەیدەوێرا تەماشاى سەربانى جیرانەکانى بکاتن، زۆر عەیب و شوورەیى بوو تەماشاى کچ و ژنى جیرانت بکردبایە.
-کوڕ ئەگەر حەزى لەکچەکى بکردبایە، لە ژیانیدا نەیدەتانى دەست لەدەستى بداتن، لە ترسى سومعەى خۆى و کچەکەش هەتا پێى بکرابا بە نهێنى نامەیان دەگۆڕییەوە، یان جاروبار بەپێش دەرکەى کچە تێدەپەڕى بەرکو ئەوە خوایە لەو دەمە کچە بێتە دەرێ لە پشت دەرکەوە تەماشەیەکى شەرمنانەى بکا.
-جاران ئەگەر زەلامەک سەفەرى شارەکى دى یان وراتەکى دى بکردبایە، حەتمەن دەبایە لە گەڕانەوەى هەدیە لۆ مندارى خۆى و جیرانەکانى و کەسوکارى بهینابایە.
جیلى مە بەو عادات و تەقالید و ئادابە جوانانە پەروەردە کران لۆیە موجتەمەعەکەمان موجتەمەعەکى تەندرووست بوو.. بە داخەوە ئێستا ئەو ئادابەى جاران زۆر کەم مایە و کەتینە ناو ڕۆژگارەکى زۆر ناخۆش، لۆیە هەردەم حەنینم لۆ ئەو سەردەمانەیە کە کوڕ لە کچان زیاتر بەحەیا و شەرم بوون.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!