مەکتەبەى تەئمیم
نووسینی: #شیرزاد شێخانی#
لەکۆتایى سارانى شێستەکان خێزانێکى زۆر بەڕێزى #ئاکرەێ# ى بوونە میوانى #هەولێر#ەکەم. خانەوادەى حاجى ئیسماعیل ئاکرەیى کە ئەویش بەماوەیەکى زۆر کەم بووە یەکەک لەپیاوە ناودار و نازدارەکانى هەولێر و دوکانى خەیاتى لەکۆرانى خەیاتەکانى تەنیشت عیمارەکەى عوسمانى موهەندیس کردەوە. کوڕەکانیشى بوونە شاگردى سەید ئەحمەد بەرزەنجى بابى کاک هۆشیارى مەکتەبەى سۆلاف.
جەریدەکانى عێراق لەوسەردەمە (جمهورى، سەورە، التآخی، النور) ڕۆژانە دەردەچوون و بە سەیارەکانى خەتى بەغدا دەنێردرانە هەولێر و عادەتەن وەختى عەسر دەگەشتن. ئەو کاتە ئەمن لەگەر بابم لە چایخانەکەى نادى مۆزەفین ئێشم دەکرد، دەمدیت لەگەر گەیشتنى جەریدەکان مندارەکانى حاجى ئیسماعیل، ئەحمەد و ئازاد و موزەفەر و موسلیح و جومعەى براى وەردەبوونە حەدیقەکانى نادى و جەریدەکانیان دەفرۆشت. مۆزەفەکان زۆریان حەز لەجەریدەى بوو، چونکى ئەو سەردەمە هیچ سەرچاوەیەکى دى نەبوو لۆ زانینى ئەخبارى عێراق و دونیا، لۆیە جەریدە زۆر مەرغووب بوو.
ماوەیەک ئەو کوڕانە لەپێش دەرکەى نادى جەریدە و موجەلەکانیان ڕادەخست. دوایى عەلى ئەفەندى مودیرى نادى کوشکەکى گچکەیانى لۆ دانا کە هەمووى دوو مەتر مورەبەع نەدەبوو. ئەوجا سودفە وا ڕێکەوت دامەزراندنى ئەو کوشکە و ئیجازە وەرگرتنەکەى لەگەر سەردەمى تەئمیمى نەفت بوو لەسارى 1972، لۆیە قەرار دەرچوو کە لۆ بەرزراگرتنى ئەو دەسکەوتەى #بەعس# ناوەکەى بکرێتە (مەکتەبەى تەئمیم) هەر چەندە کاک جومعە و برازایەکانى زۆریان پێناخۆش بوو ناوەکى عەرەبى لە مەکتەبەکیان بنرێ، بەران دەسەراتیان نەبوو، لۆیە هەر وەکى ئەوەى هەندەک درى خۆیان خۆشکەن لەگەر ناوە عەرەبییەکەى لەسەر قیتعەکە نووسیبوویان (کتێبخانەى خۆماڵى) . بەران هەر بەناوى (مەکتەبەى تەئمیم) ناسرا.
لەبەر ئەوەى شوێنى مەکتەبەکە لەناو جەرگەى شار بوو، لۆیە زۆربەى نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەدیب و شاعیران ئێواران لەوێ خڕ دەبوونەوە، جا هەبوو بەدواى تازەترین کتێب و موجەلاتەوە بوو، هەندەکیش ئەوێیان کردبووە بارەگاى خۆیان دەبایە ڕۆژانە سەرەکى هەر لێبدەن، یەکیش لەوان بەندەى موخلیستان بوو، کە ڕۆژانە وەکى فەرزى نوێژى دەبایە سێ چار جار سەرەکیان هەرلێبدەم. ئەوجا چیینە ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەدییبەکان زۆرجار لەوێ یەکتریان دەدیتەوە هەر لە #عەزیزى مەلاڕەش# و #مەحمود زامدار# و عەباس عەبدوڵڵا یوسف و خالید جوتیار و هاشم سەڕاج و جەلال بەرزەنجى و کەریم دەشتى و سەعدوڵڵا پەرۆش و فەرید زامدار و ئیسماعیل تەنیا و ئەحمەد جەمیل و #جەلال بەیار# و #سەلام کۆیى# و #چەتۆ حەسەن# و دەیانیتر کە ناکرێ لێرە ناوى هەموویان بینم. زۆرجار لەگەرمەى هاتوهاوارى عارەبانچییەکانى دەوروپشتى مەکتەبەکە موناقەشاتى ئەدەبیش دەکراو دەنگەکان تێکەرى یەکتر دەبوون!.
ئەو سەردەمە کتێب نێزیکترین هاوڕێى جیلەکەمان بوو، زۆرجار کە کتێبەکى تازە دەهاتە بازاڕ لەمەکتەبەى تەئمیمەوە دابەشدەکرا. دەبایە خەرکى ناویان بنووسیبایە لۆ کڕینى، پێشتر بەرگەکەى دەهات و مەکتەبەکە قیتعەیەکى لەجامى دەدا کە بەم زووانە ئەو کتێبە دەگات، ئیدى بەلێشاو خەرکى خیندەوار دەهاتن و ناویان دەنووسى.
هەولێر هەمیشە باوەشى لۆ غەریبان کردیتەوە، دەیان سارە خەرکى خۆشناوەتى باڵەک و #کۆیه# و گوندەکانى دەوروبەرى ڕوویان تێکردیە ئەوانیش بوونە بەشەک لەتاریخە جوانەکەى شارەکەم، بەس باوەڕ بکەن ئەو خەرکانەش هەستیان بەغەریبى نەدەکرد لە هەولێرێ چونکى وەکى خێزانە ڕەسەنەکان تەماشا دەکران، ئێستا خەرکى وا نامۆ هاتینە شارەکەمان هەرچى سیمایەکى جوانى ئەو شارەیە نەیانهێشتیە، لۆیە ئێستا خەرکى هەولێر خۆیان غەریبن، ئەوانیش خاوەن شار، حسبى اللە ونعم الوکیل.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!