مزگەفت و عیبادەتی جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
ئەگەر تەمەشای فلیمە کۆنەکانی سارانی پەنجا و شێستەکان بکەن زۆر بەزەحمەت ئافرەتەکى لەسەر جادە دەبینن حیجابی کردبی، لەویش زەحمەتتر دیتنى پیاوی ڕیشدارە. ئەو وەختی ژنان بەعەزیە و کراسی قۆڵکوورتەوە دەسووڕانەوە، موعەلیمە موحتەرەمەکانمان بەتەنوورە و سفووری دەچونە مەکتەبەکان و منداری مەیان بە جوانترین و پاکترین ڕەوشت و ئەخلاق پەروەردە دەکرد. سستەرەکانمان بە کراسی سپی و قۆڵ ڕووتەوە شەوانە وەکوو مەلایەکەت لەسەر سەری نەخۆشەکانی خەستەخانە خەفەر دەبوون و ژیانیان دەپاراست. پیاوەکان مەگەر شاعیر یان ڕەسام بوونایە ڕدێنیان دەهێشتەوە، هیچ یەک لە باب و مام و خارەکانمان ڕدێنیان هەتا ناوکیان شۆڕ نەدەکردەوە لە مەلاى ئێستاش دیندارتر بوون..
خۆ ئەو وەختی ئەمەى گەنجانیش ئیحساسمان هەبوو حەزمان لە ئافرەت بوو، بەس چونکە باش پەروەردە کرابووین و ئەخلاقمان هەبوو، لۆیە قەت بەچاوی حیزەوە تەماشای ژنانمان نەدەکرد. مزگەفت لەو سەردەمەی مەدا بەس لۆ وەعزی چاکە و پیاوەتی خوتبەی لێدەدرا. ڕۆژانی جومعە هەموو خەرک دەچوونە نوێژ و باسی خوتبەش یارمەتیی فەقیر و فەقەرات، یان حەقی جیرانەتی یان ڕەحم و سۆزی ناو عائیلەکان بوو، هیچ مەلایەک باسى تورکیا و ئێران توران و شەڕى ئیسرائیلى لۆ نەدەکردین. ئێستا ڕۆژی جومعە بوویتە مناسەبەی وەتەنی خیتابی حەماسی تێدا دەخیندرێتەوە!. مەلاکان لێمان بوونە فۆلتیر و مۆنتیسکۆ خیتابی شۆڕشگێڕیمان لۆ دەرێنەوە ڕیش و سمێریشیان خستیتە ناو سیاسەتەوە!.
لەزەمانی مەدا کەس داوای فەتوای لەمەلا نەدەکرد بزانى سەفەری ناو تەیارە لە تەنیشت ژن حەرامە یا حەرار؟. کەس نەیدەپرسى نەوعی کراسی حەزرەتى پێغەمبەر (د.خ) چەندە کوورت و درێژ بوو هەتا وەکی وی کراسی کوورت بکاتەوە!. ئێستا هەندەک مەلاى سەلەفی دەیانەوێ بمانگەڕێننەوە سەردەمەی قەعقاع و خوبەیب و ئەبوو هورەیرە!. خۆیان سواری سەیارەی ئاخیر مۆدیل دەبن بەتەیارەش سەفەری پاریس و ئیسپانیا دەکەن، دەیانەوێ ئەمەش بگەڕێننەوە سەر پشتی حوشترەکان!.
لەزەمانی مەدا خەرکی بەئیمانەوە فەرزەکانی خۆیان بەجێ دەهێنا، نوێژى خۆیان دەکرد و ڕۆژییان دەگرت و زەکاتیان دەدا و بەس لە ڕۆژی جومعاندا چاویان بەمەلا دەکەت، ئێستا بەناخێری کەناڵە عاسمانییەکانەوە مەلا و خەتیب و ڕیشدرێژ سێ ژەمە لەسەر سفرەی نانخواردن لەگەرمانن!. هەندەکمان لێ پەیدا بوونە بەناوی بانگخوازیەوە داوای ئیسلامەتیمان لێدەکەن وەکی ئەوەی ئەمە کافر و جوو بین؟! ئەوانە لەجیاتى ئەوەى بچن بانگخوازى لەناو دارستانەکانی ئەمازۆن و چیاکانی هیندستاندا بکەن کە میللەتەکانیان دار و بەرد و مێش و پشیلە و گا دەپەرستن، دێن لەناو کۆمەرگەى کوردى مەدا باسى ئیسلاممان لۆ دەکەن کە ئەمەش لەسەفی یەکی ئیپتدائیەوە خوا و پێغەمبەری خۆمان دەناسین و ئیمانمان پێیان هەیە، کۆمەرگەى کوردیش ئیماندارترین کۆمەرگەى ئەو زەمانەیە!.
خوای گەورە ئەوەندە ڕەحمەتی زۆرە لۆیە ئیسلامەکەشی ئاسان کردیە کە هەموو کەسەک دەتانی تاعەتی خۆى بکا و لەئاگرى جەهەننەم خۆى ڕزگار بکاتن. خوداى گەورە پێمان دەرێ شایەتمان بینە، نوێژی خۆت بکە، ڕەمەزان بەرۆژی بە، پارەی زیادەت هەبوو زەکات بدە، ئەگەر پێتکرا حەجیشم لۆ بکە، ئەوانەش ئەرکانی ئیسلامن خودای گەورە لە ڕۆژی قیامەت لەسەر ئەو فەرزانە حیسابمان لەگەر دەکا، نەک لەسەر درێژی دشداشە و حیجاب و نیقاب. ئەو سەرلێشواندنی گەنجان بە هەزاران تەفاسیلى گچکەوە نەک خزمەتی ئیسلام ناکا بەرکو گەنجەکانمان زیاتر لەدین دوور دەخاتەوە. ئەو فەتوایانەى ڕۆژانە لەتەلەفزیۆنەکانەوە گێمان لێ دەبی ژیانی لێ تار کردینە.
ڕۆژەکیان کابرایەکی ڕیشدرێژی وەکی سەلەفیەکانی ئەوڕۆ دەچتە لای ئیمام ئەبوو حەنیفە و پێى دەرێ ئیمام، هەر جارەکی دەستنوێژ هەردەگرم زۆر قەلەق دەبم، دەرێم دەبى ئاو چووبیتە ناو ڕدێنەکەم، زۆر دەترسێم دەستنوێژەکانم بەتەواوی هەرنەگرتبی، نازانم چبکەم؟ ئەبوو حەنیفە پێی دەرێ عیلاجەکەت زۆر ئاسانە، شەوان پێش نووستن ڕدێنەکەت بخە ناو مەنجەرە ئاوەک هەتا سبەینی وازی لێ بینە ئیدى هەمووى تەڕ دەبی!. ئیمام بەو گەورەییەی خۆیەوە گاڵتەی بەعەقلی ئەو ئیماندارە هات کە ئەوها دەچتە ناو تەفاسیلەوە لەکاتەکی ئەبوو حەنیفە خۆی یەکەک بووە لەو ئیمامە گەورانەی کە ئیسلامی زۆر ئاسان کردیە لە مەزهەبەکەیدا.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!