ئینقڕازى شتە خۆشەکان
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
ئەو جارەیان باسى هەندەک لە شتە خۆشەکانى زەمانى کۆنتان لۆ دەکەم لە خواردن و کەلوپەلى ناوماران، کە هەتاکوو ئەوڕۆش هەندەکیان تامیان لەدەومان مایە و، وێنەى هەندەکیشیان لەبەرچاومان بزر نابن. ئەمن خۆم وا ڕاهاتیمە هەر شەوەک پێش ئەوەى خەو بچتە چاوم لەبن بەتانییەکەوە خەیاڵم دەبەمە سەر ئەو سەردەمە خۆشەى جارانەوە، ئاخر وەکى گۆرانییەکەى عوسمان عەلى گۆتەنى (من خۆم ئەزانم کوێم دێشێ، بەو داخەوە ڕۆژێک ئەمرم) ئەمنیش هەر بە داخى ئەوێ ڕۆژان سەر دەنێمەوە!
لەزەمانى منداریدا هەندەک خواردن هەبوون کە ئێستا وجودیان نەمایە، وەکى دیناسۆڕەکانى عەسرى حەجەرى ئینقڕازیان کردیە، بەڕاستیش نازانم لۆ لەو زەمانەى ئێستادا ناتانن ئەو شتانەى پێشتر زیندى بکەنەوه.
یەک لەوانە نەوعە شیرینیەک هەبوو پێمان دەگۆت (لەگلەگ) ئێستاش نازانم لەچ درووست دەکرا، بەس تەقریبەن وەکى گەزۆى #سلێمانی# وابوو، بەران زۆر نەرمتر و شیرینتر هەر کە دەتخستە ناو دەوتەوە یەکسەر دەتاوایەوە و تامەکى زۆر خۆشى هەبوو، ئەوجا ئەوانەى لەکۆرانەکانى شار دەیانگێڕا لۆ فرۆشتن دەیانخسنتە ناو سەبەتەکى گچکەى وەکى کەژاوەى مندارى ساوا بە پەڕۆیەکى سپى یان پەمبەیى دایاندەپۆشت. بێجگە لەویش نەوعە بەداملیەک هەبوو پێیان دەگۆت (ملبس) مام حەیدەرى ڕەحمەتى لە پێش دوکانەکانى جادەى باتا دایدەنا، ئەوەندە بەتام و لەزەت بوو، باوەڕ بکەن پەنجا سارە بەداملیەکى وەهام نەدیتەوە.
لەزەمانى مەدا کرێمەستى سەیدى ساحە بوو، هێشتا دوکانى ساردەمەنى و دۆندرمە نەهاتبوە گۆڕێ، لە هەمووشیان خۆشتر و بەتامتر کرێمەستى (عەدنان) بوو، ئەویش دوو نەوعى هەبوو، عادى و خسوسى، ئەمن دائیمەن خسوسیەکەم دەخوارد کە ساف شیر بوو، یەک تامى هەبوو لە ئایس کرێمى ئیتاڵى زۆر خۆشتربوو. ئەوجا هەندەک مێردمندار لەبازاڕ و کۆرانان دەیانگێڕا لەناو فلینەیەک دایاندەنا هەتا نەتاوێتەوە، هەندەکجاریش لەناو ترمزەکى گەورە و بەقایشەک لەملیان دەبەست و کۆران بەکۆران دەگەڕان. مەعمەلەکەشى لەناو مارەکى بوو لە پشت چایخانە کەونەکەى حاجى کانەبى لەبەرامبەر تەکییەى شێخ عەبدولکەریم.
خۆشترین پاقڵاوەش لە دونیا، پاقڵاوەى ماران بوو کە وەستاى ژنە #هەولێر#ییەکانى خۆى هەبوو. بێجگە لە شرووب و غورابیە کە ئەوانیش هەر لەماران درووست دەکرا. بەو ئاخیرانە کێکى بەعەینەکیش پەیدا بوو، مەشهورترین کەس کە لەناو شار دەیگێرا کوڕەک بوو پێمان دەگۆت قەمبوور، ئەویش حیکایەتەکى خۆشى هەیە لە کۆتایى ئەو مەقالەیەدا لۆتانى باس دەکەم.
باسى عەسەلیاتیش ناکەم کە سەربارى خڕ بوونەوەى مێشى هەر حەفت کیشوەرى دونیاش بەسەر سینییەکەیدا، بەس هەر تام و بۆنى خۆى هەبوو.
لەئەساسى ناومارانیش، ئەو وەختى هێشتا کەنتۆرى جلکان کەس نەیبوو، لۆیە دوو سێ باوڵى جلکان لەماران هەبوو، ئەویش لەتەنەکە درووست دەکراو هەندەک نەقشى ملەوەنى جوانیشى لەسەر دەکرا وەکى ئەسپى بوراق، یان دەستەکەى ڕەسمى چاوى تێدایە، یان ڕەسمەکى عومەر خەیامى شاعیر، ئەوجا دیمەنەکى ئاسایى بوو کە کچەک مێردى بکردابایە یەک دوو باوڵى جلکانیان لەگەر دەناردە مارى زاوا، ئاخر ئەو وەختى بەعام مەسەلەى ژنهینان زۆر بەتەکلیف نەبوو، یەک دوو قات جلکیان لۆ کچە دەکڕى، مارى بووک و زاوا پێکەوە هاوکارى یەکتریان دەکرد بە دوو دۆشەگ و دوو لێفە ئەسبابى ناو ماریان دادەنا.
ئەو وەختى خەرکى کەپوویان برند نەبوو، لەگەر ژنهینان مارى خۆیان جیا بکەنەوە، مارى وا هەبوو دوو کوڕ بە ژن و منداریانەوە لەمارە بابان لەناو یەک خانیدا دەژیان.
زۆر شتى دى ئەو زەمانەش ئینقرازیان کرد، وەکى (ڕادیۆى ترانسستەرى گیرفان، تاخم تراش، قەلەم پاندان، شەربە و کووپەى ماران، لۆکس و فانۆسى سەر دیوار و چرا گچکەى ئەدەبخانە، سۆبەى عەلائەدین و پرێمزى شیو و ناو حەمام، مافورى سەردیوار، گێسکى دەستى و باوەشینە، سیفۆن و مشن و تراوبى و کراش، شەکرى قەندى و سکر مکعبات، جگجگانێ و پەلیکانى و کەلایانى و جەرولحەبل، لگاو و قومارى بیستویەکى سەرقەبران، هەزاران شتى خۆش و جوان کە لەزەمانى مەدا مندارو گەنجان خۆیان پێ مەشغوور دەکرد.
ئەوە بێجگە لە نەمانى سەفرە و سیاحە و سەیرانى جاران کە دەچووینە بەستۆرە و درۆپە و لەدە و ئاوەکەیان دادەنیشتین نانمان دەخوارد و دواییش کچەکان دەچوون قاپەکانیان دەشوشت. ئێستا ئەوانیش ئاوەکەیان هیشکى کرد وەکى عومرى خۆمان کە تەڕایەتى تێدا نەما!.
بابێمەوە سەر حیکایەتى کاکە قەمبوور. ڕۆژەکى لەبەدبەختى خۆى ڕێی دەکەویتە پشت مارى چەلەبى، تووشى بە تووشى هەیاسە شێتى دەبى، هەیاس پڕى داداتێ و لەسەر عەردى درێژى دەکا و بە کەرپووچ دەکەویتە سەر پشتى بەحیساب دەیەوێ پشتى ئەو بەستەزمانە ڕاست بکاتەوە، قەمبوور بەحارەحار لەدەستى ڕزگارى دەبى، سەربارى ئەو هەموو کەرپووچەى پێى کەت هەیاس نەیتانى پشتى ڕاست بکاتەوە هەر بە قەمبوورى مایەوە.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!