#هەولێر# شارى غەریبان
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لەوەتەى بیناغەى ئەو هەولێرە داندرایە، شارەکى غەریبدۆست و مرۆڤدۆست بووە. ئەوەتە مێژووش باسى بەخشندەیى شارى هەولێر دەکا لەدێرزەمانەوە کەوا شوێنى غەریبى لێى بوویتەوە. هەر لە چار خواوەندەکانى ئاشوورییەکانى موسڵەوە کە لەسەر قەڵا پەرستگایان هەبوو، هەتا سوڵتان مزەفەرەدینى حاکمى دەوڵەتى ئەتابەکییەکانى حەلەب، تا سارانى هاتنى شەپۆلى عارەب و جوولەکەکان کە هەردوو #گەڕەکى عارەبان# و #تەعجیل# شاهیدى ئەوەن کە ئەو خەرکانە لە هەولێر بەئارامى ژیاینە و بووینە بەشەک لە مێژووى هەولێر و، خەرکى ڕەسەنى شاریش ڕێزیانى لێگرتییە بە جیاوازى ئایین و نەتەوەکەشیانەوە. هەتا هەندەک کەسایەتى بەئەسڵ عەجەمى ئێران و هیندستانیش لەو هەولێرە جێیان بوویتەوە.
هەولێر هەمیشە وەکى درەختەکى بەرز، خەرکى غەریبە لەبن سێبەرەکەى حەساینەوە.. ڕەنگە هەولێر یەکەک بى لەدەگمەنترین شارەکانى عێراق دواى بەغدا کە ئەوها میواندۆست و غەریبدۆست بیتن. بەشەکى خەرکى ڕەسەنى هەولێر لەئەسڵدا لەنەتەوە و ئایینى جودا بوونە، بەران چونکە هەولێر ئەو خاسییەتەى ڕێزگرتنى لەغەریبان هەبووە، خێزانى وا هەبووە کە هاتیتە هەولێرێ جارەکیدى لێى دەرنەچووە، لۆیە ئەوانیش بوونە بەشەک لە خێزانە ڕەسەنەکانى هەولێر و هیچ فەرق و جیاوازییەکیان لەگەر ئەهلى شاردا نەبووە.
ناتانم بگەڕێمەوە سەر مێژووى بوونى ئەو خەرکە غەریبە لەشارەکەم، تەنها دەتانم ناوى ئەو خێزان و کەسایەتییانە بینم کە لەتەمەنى خۆمدا ناسیویانم، هەندەکیانم لەبیر مایە، وەکى ڕەحمەتى (داود الطائی) کە بە (داود طویل) ناسرابوو وەکیلى تایەى بریجستون بوو دوکانیشى لە تەنیشت نادى مۆزەفینى قەدیم بوو. کوڕەکەشى هەتا ئەو ساڵانەى ئەخیر دوکانى چاککردنى تەلەفزیۆنى هەبوو لەلاى فولکەى #ئیسکان# بەرامبەر قاعەى شەعب. مام خدر وادى کە موزەمیدەکى زۆر کارامە و لێهاتوو بوو سارانەکى دوورودرێژ خزمەتى ئەهلى شارى هەولێرى کردیە، ئەوەندە پیاوەکى دڵسۆز و نازدار بوو، هیچ کەس هەستى نەدەکرد ئەسڵى عەرەب بیتن، کوڕەکەشى کاکە ڕیاز ئەویش ڕۆژنامەنووسێکى بەسەلییقە و لێهاتوو بوو.
لەپێش هەمووشیانەوە دیارترین و جوانترین و بەوەفاترین و ڕەسەنترین خانەوادەى عەرەبى هەولێر شێخ و سەیدەکانى تەکییەى حەزرەتى ڕەفاعى بوون، بەتایبەتیش لەکۆڵانى عارەبان خانەوادەى ئال سەید خەنجەرى خواناس و پیاو چاک و خێرەومەند لەکەسایەتییە ناسراوەکانى هەولێر بوون.
دەیان خێزانى تریش لەشارەکانى دى ڕوویان تێکردیه، ئەوە جگە لەو کەسانەى کاسبکارە دەستپاک و بەڕێزەکانى هەولێر وەکوو حازم حەدادى موسڵاوى و مام دیاب و مام نایف قەیماغ فرۆش و مام ئەحمەد عەلۆش و شەهابە عەرەبى #سەیداوە# کە گامیشیشیان ڕادەگرت.
بێجگە لە ژمارەیەکى زۆرى دختۆرەکان کە خزمەتەکى یەکجار زۆرى هەولێریانیان کردیە لەسارانى پەنجا و شێست و حەفتایەکان وەکى (دکتۆرە ئومەیە، دکتۆر نەسری عەبدولنوور، دکتۆر مزەفەر ئەلحسینی، دکتۆر فەرید ڕەشان) هەتا لەسارانى سییەکانیش دکتۆر سەبری ئەلقبانی خاوەنى مجەلەى بەناوبانگى (طبیبک) سارانەک لە هەولێر ژیایە و خزمەتى خەرکەکەى کردیە. کاتەکى عیادە شەعبیەکانیش لە هەولێر دامەزران دەیان دختۆرى عەسکەرى عەرەب خزمەتیان دەکرد. مامۆستاى گەورە بورهان ئەحمەد وەحیدیش یەکەک بوو لەکەسایەتییە عەرەبەکانى هەولێر کە سارانەک بووە ئەمین عامى تەربیە لە مەجلیسى تەنفیزى جاران. تەبعەن مەجموعە خێزانەکیش هەبوون کە عارەبى مەنتیقەى #گوێر# بوون لە هەولێر لەلاى غاباتەکەى کورەچییان نیشتەجێ بوون.
ئەو خەرکە بەڕێزانە هیچکات نەماندەزانى بەئەسڵ عەرەبن، و هیچکات بەغەریبەمان نەدەزانى، چونکە وەها تێکەڵاوى کولتوور و سەقافەت و دابوونەریتى هەولێریان ببوون، کە هیچ فەرقەکیان لەگەر خەرکە ڕەسەنەکە نەبوو، هەتا لەزمانى قسەکردنیش وەکى هەولێریان بوون، لۆیە وەکى خانەوادەى هەولێرى مامەڵەمان لەگەر دەکردن. ئێستاش کوڕ و نەوەکانیان وەکى باب و باپیرانیان ئینسانى موحتەڕەم و گران و سەنگینن چونکى ئەخلاقى هەولێریانەیان بەمیرات لۆ مایتەوە.
لەو ڕۆژانەدا پێویستیم بە وایەرەک بوو لۆ کۆمپیوتەرەکەم، چوومە جادەى مزەفەرییە، سەرم بە دوکانەکى دادا لە وایەرەکەم پرسى کابرا گۆتى (ماعندی، ڕوح المحل اللی بصفی) چوومە دوکانەکەى تەنیشتى کابرا گۆتى نینە سەیدا!. کە هاتمە دەرێ کابرایەکى بەنگەلادیشى لەوحەیەک پاکەتى پێبوو ڕێى لێ گرتم، ئاوڕم لە تەنیشتى دایەوە دەرۆزەکەرەکى سووریم دیت، لەو دەمە هەستم بەغەریبى کرد لەشارى غەریبدۆستانى هەولێردا!. تەبعەن تێدەگەن مەخسەدم چییە؟[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!