کیژەکەی کافرۆشخەجیج مۆنالیزای کورد، بەهۆی جوانییەکەی ئەفسەرێکی ئینگلیز لە هەولێر دەیڕفێنی و دەیبا بۆ بەریتانیا
(خەجیج جومعە مەولود شکاک) کە لەناو کوردان بە کیژەکەی کافرۆش ناسراوە، ساڵی 1934 لەو کاتەی کە تەمەنی لە کچێکی دوانزە ساڵیدا بەولاوە زیاتر نەبوو لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە نزیک تەکیەی شێخ عەبدولکەریم لە شاری هەولێر، لەلایەن ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئینگلیز کە ئەوکاتە ئێراق لەژێر فەرمانڕەوایەتی ئەوان دادەبێت، لە دوای چەند جارێک خوازبێنیکردن و وەرنەگرتنەوەی وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن باوکییەوە، لە ڕێگای گەڕانەوەی و جێهێشتنی دوکانی کافرۆشی باوکی بە چەند خولەکێک، دەڕفێنرێت. بە چەند مانگێکیش دوای ڕفاندنەکەی، باوکی خەجیج کچی کافرۆش پاش تۆمارکردنی داواکەی لەلایەن بنکەی پۆلیسی جووەکان لە گەڕەکی تەعجیل ئاگادار دەکرێتەوە کە کچەکەی لە وڵاتی بەریتانیایە.
شێرزاد محەمەد، برازاکەی خەجیج درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵێ باوکی خەجیج کە دەکاتە باپیرەی من، هەم سەرکردەیەکی سەربازی و هەم هەڤاڵ و دۆستی سمایل ئاغا سمکۆی شکاکبووە، لە دوای بە ناهەق کوشتنی سمایل ئاغا لەلایەن ڕژێمی شاهەنشایی ئێران لە ساڵی1930 بە نائومێدی باروبنەی تێکدەنێ و ساڵی 1934 گوندی گەنگەچین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێدێڵێت و خۆی و کچ و کوڕە جمکەکەی خەجیج و محەمەد لەگەڵ دوو کچی سمکۆی شکاک سافیە و سوورمێ لە هەولێر دەگیرسێنەوە.
کوڕە براکەی کچی کافرۆش دەڵێ، ئەو چی لە باوکی گوێ لێبووە ئەوەش بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە باپیرم لە ساڵی 1934 بە پەنابەریی کەوتە ئێراق و لە شاری هەولێر گیرسایەوە، ئەو کاتە خەجیجی پوورم و براکەی کە باوکی منە هەردووکیان تەمەنیان دوانزە ساڵ بوو، چونکە جمکبوون و لە ساڵی1922 لە دایکببوون، جگە لەم دووانەش باپیرم هیچ منداڵێکی دیکەی نەبووە.
ئەو برازایەی خەجیج دەڵێ، داپیرەم کە دەکاتە دایکی کچی کافرۆش بە بنەچە ڕووسی بووە، باپیرم لە دوای ژیانی هاوسەرێتیان ناوەکەی کردبووە مەنیج کە وەکوو باوکم دەیگێڕایەوە ژنێکی باڵابەرزی پرچ زەردی چاوشینی سووروسپی و جوان بووە، بەڵام باپیرم ئەوی بەو نیازە لە گەنگەچین جێهێشتبوو کە لە هەولێر جێگیربێت و پاشان بگەڕێتەوە و ئەویش بهێنێتەوە لای خۆی، بەڵام دوای دوو مانگ لە هاتنیان بۆ هەولێر لە ساڵی1934 باپیرم بە نیازی هێنانی ئەویش بۆ هەولێر سەر لە گوندەکەی دەداتەوە، بەڵام داپیرەم نائومێدببوو گەڕابۆوە ڕووسیا.
شێرزاد دەگەڕێتەوە سەرباسی پوورەکەی و هۆکاری ناونانەکەی بە کچی کافرۆش زیاتر ڕووندەکاتەوە و دەڵێ، لەبەر ئەوەش بە کچی کافرۆش ناسرابوو باپیرم کە هاتە هەولێر هیچ کارێکی نەدەزانی و کەسیشی نەدەناسی، بۆیە دوکانێکی لە نزیک سینەما حەمرا بە کرێ گرتوو کای دەفرۆشت، لەپاڵ کافرۆشییەکەی قەسپی حەشرەیشی دانابوو، بۆیە ئەو خۆشناوانەی لە گوندەکانی سەرەوە ترێ و میوەیان دەهێنایە ناوشاری هەولێر هەموویان کایان بۆ وڵاغەکانیان لە جومعە کافرۆشی باپیرم دەکڕی. هەرئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خەجیجی کچی بەو ناوە بناسرێتەوە.
شێرزادی تەمەن پەنجا ساڵە کە تاقە یادگاری بنەماڵەی کچی کافرۆشە لە هەولێر، لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێ و لە باوکییەوە دەگێڕێتەوە و باسی ئەو ڕۆژە دەکات کە خەجیجی پووری دەڕفێنن باپیرم خانووێکی لە حەساری ماڵی شێخ عەبدولکەریم لە نزیک گۆڕستانی شێخ ئۆمەر بەکرێ گرتبوو، بەیانییەک دوای نانخوادن، دوای ئەوەی باپیرم دەچێت بۆ دوکان، ئەوانیش هیچ خزم و کەسێکیان نەبوو لە هەولێر، وەکوو زۆربەی ڕۆژەکانی دیکە پوورم بە باوکم دەڵێ بابچینە دوکانی باوکم، دەچنە دوکانی باپیرم و ماوەیەک دادەنیشن و هەندێ قەسپ دەخۆن، پاشان پوورم دەڵێ، من دەچمەوە ماڵ و نانی نیوەڕۆ حازر دەکەم. باپیریشم دەڵێ تۆ بڕۆوە ماڵ و محەمەد با لە دوکان بێت من لەگەڵ خۆم دەیهێنمەوە.
شێرزاد دەڵێ خەجیجە شکاکی پوورم لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ، بەر لەوەی بگاتە تەکیەی شێخ عەبدولکەریم بە گوتەی ئەوانەی کە بینیبویان ئۆتۆمۆبێلیەکی پڕ لە چەکداری ئینگلیز پێشی لێدەگرن و بە پاڵ دەیهاوێنە ناو ئۆتۆمبێلەکە و دەیڕفێنن، یەکێ لەو کەسانەش کە ڕووداوەکە بە چاوی خۆی دەبینێ باپیرم دەناسێ و یەکڕاست دێتە دوکان و بە باپیرم دەڵێ ئینگلیز کچەکەیان ڕفاندی. پاش گەڕان و سوڕانێکی زۆر، تورکمانەکانی سەر قەڵات کە دەبینن جومعە کافرۆشی باپیرم بێکەسە لە هەولێر ئامۆژگاری دەکەن بچێتە بنکەی پۆلیسی جووەکان لە گەڕەکی تەعجیل و داوایەک لەسەر ڕفێنەرانی کچەکەی تۆماربکات، دوای سێ مانگ لە هات و چوون بنکە پۆلیسییەکەی تەعجیل باپیرم ئاگادار دەکەنەوە کە خەجیجی پوورم لە ئێراق نەماوە و بردوویانە بۆ بەریتانیا.
خەجیجی کچی کافرۆش لە تەمەنی دوانزە ساڵی دەڕفێنرێت و لە ساڵی 1936 دوای دووساڵ لە ڕفاندنی وێنەکەی بە ناوی کچی کافرۆش بە هەموو کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
شێرزاد محەمەد لە وەسفی خو و خەسڵەتەکانی خەجیجە شکاکی پووری دا، دەڵێ ئەوەی کە لە باوکم گوێ لێبووە، ئەو زۆری کەیف بە جلوبەرگی ژنانەی شکاکی هاتووە، بەردەوام فیستان و کراسی لەبەر کردووە و زۆربەی کراسەکانیشی سووربووە، چونکە زۆری حەز بە ڕەنگی سوور کردووە، قایشی زێڕیشی لەسەر کراس بەستاوە و باپیرم لەبەر خۆشەویستی زۆری بۆی کڕیوە. ئەو خواردنانەشی کەوا کچی کافرۆش حەزی پێکردووە، وەکوو شێرزاد لە باوکییەوە دەگێڕێتەوە کچی کافرۆش زۆری حەز لە دوو جۆرە خواردن بووە، کە یەکێکیان کفتەی حەجەمی و ئەوەی دیکەش گردۆر بووە کە جۆرە خواردنێکی شکاکانە و تێکەڵەیەکە لە برنج و ماست و گۆشت و هەمووی بە یەکەوە دەکوڵێنرێت.
شێرزاد ئەوەشی گوت، کە بەرپرسەکەی ئینگلیز بەر لەڕفاندنی کچی کافرۆش چەند جارێک خوازبێنی لە باپیری کردووە و ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە کە هەرچەندەی ئەوان داوابکەن لە لیرەی ڕەشادی و ماڵی دنیا، ئەو بۆیان جێبەجێبکات، بەڵام هەموو جارێک جومعە کافرۆشی باوکی دەڵێ ئێمە پەنابەرین لێرە و شەڕەفی خۆمان بۆ ماڵی دنیا نافرۆشین.
کە کچەکەشی دەڕفێنن، وەکوو شێرزاد دەیگێڕێتەوە باوکی لە داخی ئەوەی بەرپرسێکی گەورەی سمکۆ شکاک بووە و لە هەولێر پیشەی بوو بە کافرۆشی، هەروا لە غەریبی کچەکەشی شونبزردەبێت و دەڕفێنرێت، هەردوو چاوەکانی کوێر دەبێت.
بە گوتەی ئەو برازایەی کچی کافرۆش، لە دوای پێنج ساڵ بەسەر ڕفاندنی کچەکەی جومعەی باوکی کۆچی دوایی دەکات و لەسەر وەسیەتی خۆشی لەسەر مەیدان لە شەقڵاوە دەنێژرێت.
ئەو دووبارەی دەکاتەوە و دەڵێ ئەو قسانەم هەمووی بە منداڵی لە باوکم گوێ لێبووە کە برا تاقانەی پوورم بووە، ئەو چۆنی بۆ وتومە منیش ئەوە بۆ ئێوە دەگێڕمەوە.
بۆ سەلماندنی هەموو ئەو چیرۆکانەی کە شێرزاد لە بارەی باپیرەی کە یەکێ لە سەرکردەکان و هەڤاڵی سمکۆی شکاک بووە هەروەها پووری کە لەناو کورد بە کچی کافرۆش ناسراوە، ئەوەش دەکاتە بەڵگە کە بۆخۆشی وێنەیەکی کچی کافرۆشی لابووە وێنەکە ڕەش و سپی بوو، پوورم و باوکم و باپیرم بە یەکەوە گرتبوویان، باپیرم لە ناوەڕاستی هەردووکیان وەستابوو و دەستی خستبووە سەرشانیان. وێنەکەش هەمان ئەو وێنەی کچی کافرۆش بووە کە بڵاوکراوەتەوە.