ساڵی 1951 لە #هەڵەبجە# لەدایکبووە. خویندنی سەرەتایی و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی لە #سلێمانی# تەواو کردووە.
لە کۆتایی ساڵی 1969 بووە بە ئەندام لە کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی، کۆمەڵی هونەرە جوانەکانی ئێستا لە سلێمانی. پاش ماوەیەکی کورت بووە بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵی ناوبراو و سەرۆکی تیپی مۆسیقای کۆمەڵ. زۆربەی زۆری گۆرانییەکانی ئەو کاتەی کۆمەڵی ناوبراو لە ئامادە و دابەشکردنی ئەم بووە، وەکو گۆرانیی:
شەوی بەرات، کچە شۆخەکە - عوسمان عەلی
شەوانی شوانی، گوڵم گوڵم - سەڵاح مەجید
خەو و سەوزە - حەمەی نێرگز
بیبی خانم - پرتەو عەبدولعەزیز
ئەی وەی بەلەرزانە - عوسمان شارباژێڕی
لێوت خوێنی گەشمە - حەمە جەزا حاجی عەلی
پەلەمەکە - ئاوات فایەق
بەناز - مەحمود محەمەد سەعید
ئامین و ئامین، کەومل - ئەحمەد شوشەچی
گوڵی زەرد و سوور - محەمەد جەزا زەنگنە
ڕازیانە و ڕازیانە - دارا محەمەد عوسمان هەورامی.. و زۆر گۆرانیی تر.
پاشان لە ساڵی 1977 تیپی مۆسیقای مەولەویی دامەزراند و بووبە سەرۆکی ئەم تیپە لەو کاتەوە تا مانگی ئاپریلی 1982 زۆربەی زۆری گۆرانی و مۆسیقاکانی ئەم تیپە لە ئامادەکردن و دابەشکردنی ئەم بووە.
هەروەها لە هەمان ساڵدا لە قوتابخانەی بێخوودی سەرەتایی لە سلێمانی خولێکی مۆسیقای کردەوە بۆ منداڵان، کە زۆرتر لە 40 منداڵ لە کۆرسی یەکەمدا لە زۆربەی ئامێرە مۆسیقییەکاندا وانەیان وەردەگرت. پاش ماوەیەکی کەم توانی تیپێکی مۆسیقی منداڵانیان لێ دروست بکات کە لە زۆر بۆنەکاندا بەشدارییان دەکرد بەسەرکەوتووییەوە.
تیپی مۆسیقای منداڵانی بێخوود توانیی چەندین گۆرانی و پارچە مۆسیقا تۆماربکات و لە تەلەڤزیۆنی #کەرکووک# بڵاوی بکەنەوە. هەروەها لە میهرەجانی چالاکیی قوتابخانەکانی پەروەردەی هەموو شارەکانی ئێڕاق بە ناوی چالاکیی قوتابخانەکانی سلێمانییەوە پلەی یەکەمی هەموو ئێڕاقی بەدەستهێنا بە پێشکەشکردنی ئۆپەرێتی ڕووبار.
لە کارە هەرە باشەکانی ئەم تیپە ئەوە بوو کە زۆر بە نهێنییەوە لە ساڵی 1979 لە ژوورێکی قوتابخانەی سەرەتایی بێخوود لە سلێمانی کاسێتێکی پڕ لە گۆرانی و سروودی سیاسی و نیشتمانپەروەرییان زۆر بەنهێنی بۆ هونەرمەند ناسری ڕەزازی تۆمارکرد. وەکو: گۆرانیی وڕ و کاس و سەرگەردانم، دایە ماڵئاوا، ئەی شەهیدان، من پێشمەرگەی کوردستانم، هیوا هیوا و هتد. ئەم سروودانە بەنهێنی نێردران بۆ ڕادیۆکانی شۆڕش و لە هەموو کوردستاندا بڵاوبوەوە، تا ئێستاش لە زۆر ڕادیۆکاندا پێشکەش دەکرێن.
لە ساڵی 1982 ڕوودەکاتە دەرەوەی وڵات و لە هۆڵندا نیشتەجێ دەبێت. هەر یەکەم هەفتە بەیارمەتیی مامۆستا سالار قەراخیی برای، تیپێکی مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕکێ بەناوی تیپی هونەری ئاوارە لە ئەمستەردام دروستدەکات. ئەم تیپە زوو پەرە دەستێنێت و ئەندامەکانی زۆر دەبن، لەوانە: سالار سەلمان، کاروان قەرەداخی، کارزان قەرەداخی، شۆڕش عومەر، جۆرج عاشوتی و چەند هونەرمەندێکی تری ئێرانی و هۆڵندی. لە ساڵی 1983 ئەم تیپە کاسێتێک لە سروود و گۆرانیی نوێ تۆمار دەکات، کە زۆربەیان ئاواز و دابەشکردنی ئەم بووە، لەوانە: هەردێینەوە، کاکی برا هۆ خوشکی کورد، زۆران، یەکێتی، کوردایەتی، داستانی شەهیدێک و هیوا سەرکەوتنمانە.
هەرەوەها پاش ماوەیەک قەوانێک لەگەڵ تیپی مۆسیقای هۆڵندی بەناوی (ز. ئێکس) دەردەکەن.
تیپی هونەری ئاوارە سەرەتا ئاهەنگ سازدەکەن و بەشداریی دەیان ڤیستیڤاڵی مۆسیقی هۆڵندی و ئەوروپی لەناو هۆڵندا و زۆربەی زۆری وڵاتە ئەوروپییەکان دەکەن. لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی هۆڵنداوە چەندان جا ڕپڕۆگرامی تایبەتییان پێشکەشکردووە.
هونەرمەند لە هۆڵندا دەستدەکات بە خوێندنی باڵای مۆسیقا لە کۆنسێرڤاتۆریۆم و پاش شەش ساڵ خوێندن لە ساڵی 1991 خوێندن تەواو دەکات و لەو کاتەوە وەکو مامۆستای مۆسیقا لە قوتابخانەکانی هۆڵندا کاردەکات.
ساڵی 2001 قوتابخانەیەکی مۆسیقای کوردی لە هۆڵندا بەناوی قوتابخانەی مۆسیقای نامۆ دادەمەزرێنێت و لە قوتابییەکانی تیپێکی مۆسیقا دروستدەکات، ئەم تیپە بەشداریی زۆر بۆنە نەتەوایەتی و جیهانییەکانی کردووە و دەکات. توانیوویانە چەندینجار لە تەلەڤزیۆنە کوردییەکانەوە پڕۆگرام بەسەرکەوتوویی پێشکەش بکەن. ئەم قوتابخانەیە هەر بەردەوامە و ئێستا نزیکەی 30 قوتایی منداڵ و گەورە لەخۆدەگرێت، کە تێیدا فێری مۆسیقای کوردی و جیهانی دەبن لەسەر شێوازێکی هونەریی زانستی.
هونەرمەند چەندین کاری گەورەی کلاسیک و سەمفۆنیای نووسیوە و لەلایەن چەند ئۆرکێستێکی هۆڵندییەوە پێشکەشکراوە، وەک ئۆرکێسترای ڕیجۆیەتی و ئۆرکێسترای هەوایی ڤیلس کراخت لە هۆڵندا.