لە سالی 1953 دا لە ئامێزی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕدا لە #کەرکووک# چاوی بە دنیا هەڵهێناوە.
قوتابخانەی ئامادەیی لە شاری کەرکووک تەواوئەکات، دواتر ئەچێتە پەیمانگای کشتوکاڵ لە ناوچەی ئەبوغرێبی بەغدا، ساڵی 1981 پەیوەندیی بە هێزی پێشمەرگەی حیزبی شیوعییەوە ئەکات، لەبەر چوست و چالاکیی و لێهاتوویی، حیزب ئەینێرێت بۆ کۆلێجی سەربازیی لە وڵاتی یەمەنی دیموکراتیی. بە سەرکەوتوویی خولەکەی تەواوئەکات و دەستبەجێ ئەگەڕێتەوە بۆ خاکی نیشتمان.
هاوڕێ ملازم بڕوا دوای گەڕانەوەی، ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕا لە سەرپەرشتییکردنی شەڕەکاندا. ساڵی 1987 کاتێک کە پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانیی بە هۆی شەڕ لە ناوچەکانی سەرکردایەتییاندا، ناوچەی #گەرمیان#یان چۆڵکردبوو، بارێکی قورس کەوتبووە ئەستۆی هێزی پێشمەرگەی حیزبی شیوعی، بە مەبەستی پاراستنی ناوچەکە لە پەلامارەکانی ڕژێم و بەرزڕاگرتنی ورەی جەماوەر.
لە ڕۆژی #27-04-1987# دا کە زانیمان ڕژێم نیازی هەیە پەلاماری گوندی ئوسمالکە بدات، هاوڕێ بڕوا کەوتەخۆ و نەخشەیەکی مەحکەمی دانا، بە هاوکاریی هێزی بەرگریی کە لە لایەن ئیبراهیم شۆڤڵەوە سەرپەرشتیی ئەکرا، هەروەها ئەو پێشمەرگانەی یەکیەتی کە بیماربوون، یان بە ئیجازە لە ناوچەکە مابوونەوە، هەر دوو لا ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو لە شەڕەکەدا، چ بەرگریی میللی، چ پێشمەرگەکانی یەکیەتی.
سەرەتا کاتژمێری 10ی سەرلە بەیانیی، دوژمن هێرشیهێنا، هێزەکانی ڕژێم پێکهاتبوون لە جەیش، قوات خاصە و جەیشی شەعبیی، بە پاڵپشتیی تانک، فڕۆکە و هێلیکۆپتەر لە چەندان لاوە پەلاماری گوندەکەیان دا، بەڵام تا ئێوارە چەندان هێرشیان تێکشکا، هاوڕێ بڕوا پێشتر بە خەڵکی ناوچەکەی وتبوو، مەگەر دوژمن بەسەر لاشەی مندا تێبپەڕێت و زەفەربەرێت، بۆیە هەر ئەو ڕۆژە بە گوللە هاوەن بریندار بوو، تا ئێوارەیەکی درەنگ، دەست و پەنجەی لەگەڵ مەرگدا نەرم ئەکرد، بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە، تا دواجار لە ڕێگای بردنی بەرەو نەخۆشخانە، گیانی پاکی سپار بە خاک و نیشتمان و چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە، ئیتر خەڵکی ناوچەی جەباریی بڕیاریاندا لە داهاتوودا کۆرپەکانیان بە ناوی بڕواوە ناوبنێن.
هەر دوای چوار ڕۆژ بەسەر ئەم سەرکەوتنە، لە #28-04-1987# دا لە ئاوایی جەلال لە بناری گل شەڕێکی تری بەرگریی شیوعییەکان ڕوویدا، تیایدا هاوڕێیان قەیس عەرەب، مارف و عەدنان شەهید بوون.