بنکەی کەرکووک بۆ چارەسەری قوربانیانی ئەشکەنجە ڕێکخراوێکە ناحکومیە، کاردەکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی مرۆڤ و گرنگی دەدات بە قوربانیانی ئەشکەنجەو دەستدرێژی و توندوتیژی لە عێراقدا. هەوڵدەدەن کەسایەتییەکی بەهێز بۆ ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە لە توندوتیژی و ئەشکەنجەدان ڕزگاریان بووە، ئەمەش لەڕێگەی پێشکەشکردنی هاوکاری پزیشکی و دەروونی و یاسایی ببێبەرامبەر.
بنکەی چارەسەرکردنی قوربانیانی ئەشکەنجە لەشاری کەرکووک لە ساڵی 2005 دا بەهاوکاری و پشتگیری بنکەی چارەسەرکردنی قوربانیانی ئەشکەنجەی شاری بەرلین دامەزراوە کە دامەزراوەیەکی ئەوروپییەو پێشەنگە لە گرنگیدان بەو کەسانەی لە ئەشکەنجەو مامەڵەی خراپ و جینۆساید ڕزگاریان بووە. بنکەی کەرکووک یەکەم بنکەی چارەسەرکردنی قوربانیانی ئەشکەنجە بوو لە عێراقدا. لەوکاتەوە توانیویانە هاوکاری هەزاران ژن و پیاوو منداڵ بکەن کە تووشی کارەساتی جۆربەجۆر هاتوون لە ژیانیاندا.
کارەکانیان
- دابینکردنی هاوکاری پزیشکی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بێبەرامبەر بۆ ئەو کەسانەی تووشی ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە.
- باشترکردنی لایەنی جەستەیی و دەروونی ئەو کەسانەی سەردانمان دەکەن، هەروەها دووبارە گێڕانەوەیان کۆمەڵگا و خێزانەکانیان.
- پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی و دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ منداڵان و کەسوکاری ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەشکەنجە، کوشتن و جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەییەوە گیانیان لەدەستداوە.
- ڕاهێنانەوەی کۆمەڵایەتی و دەروونی ژنان و منداڵانی ئەو خێزانانەی کە لەئەشکەنجەو ئەزموونی ناخۆش ڕزگاریان بووە.
- ڕاهێنانی کارمەندانی تەندوستی کە ئارەزوومەندن لە یارمەتیدان و چارەسەرکردنی قوربانیان.
- ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگا و ئەو کەسانەی خاوەن بڕیارن لە عێراقدا دەربارەی باری نالەباری قوربانیانی.
- هەوڵدان بۆ هێنانەکایەی کەشێکی لەبار کە تیایدا تێگەیشتن و ڕێزگرتن هەبێت بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا.