#گوندی ئاکۆیان#
یەکێکە لە گوندەکانی سنووری قەزای #ڕەواندز#، ئەکەوێتە ناوەڕاستی دۆڵێک، کە لەلای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەم شارەوە درێژدەبێتەوە و زیاتر بە ناوی ئەم گوندەوە ناوی ئەم دۆڵە دێت (دۆڵاکۆ – دۆراکۆ - دۆڵی ئاکۆیان). گوندی ئاکۆیان لە بەری ڕۆژئاوا دەکەوێتە خوار بانێکی فراوان بە (بانەشان) ناوزەد ئەکرێت. لە بەری ڕۆژهەڵاتیشدا قەڵاتی ئاکۆیان بەسەر ناو گونددا دەڕوانێ و ناو گوند و شمێرینا لێک جودا دەکاتەوە، لە بەری باشووری ڕۆژئاواشیەوە کە بە گەری ئاکۆیان سەردەکەوێ دەگاتە گوندی فەقیان و بەرانبەریشی بە کراوەیی چیای هەندرێن باوەشی بۆ کردۆتەوە.
گوندی کۆن، بە بن بانەشانەوە بوو، ئێستا زۆربەی گوند هاتۆتە سەر جادەی سەرەکیی کە بۆ گوندەکانی بنمێردە و فەقیان و سەران و هەردوو گەرەوانی ژوور و ژێری دەچێت. ئەم شوێنەی گوندی لەسەر دامەزراوە، پێی دەگوترێت (درکۆ)، بە هۆی ئەوەی بەهاران ئاوێکی سپی و جوان لە زەوییەوە هەڵدەقوڵێ و تا ماوەیەک ئەمێنێتەوە. ئاکۆیان جاران یەکێک بووە لە گوندە گەورەکانی ئەم دۆڵە و نزیکەی دووسەد تا دووسەد و پەنجا ماڵێکی لەخۆگرتبوو، بەڵام دوای ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دوای وێرانکردنی لەلایەن ڕژێمی بەعس، وەک زۆرێک لە گوندەکانی کوردستان ئەوێش بچووک بۆتەوە بەهۆی ئەوەی زیاتر دانیشتوانەکەی ڕوویان لە شار و شارۆچکەکانی تر کردووە، هەریەکەی بە هۆکارێک. بەڵام ئێستاش زیاد لە سەد ماڵیک لەخۆ دەگرێت.
سەبارەت بە ناوی ئاکۆیان، ئەم بۆچوونانە هەن:
1. ئا+ کۆ= ناوەڕاستی کێوان.
2. ئاکۆ = کۆبوونەوەی خەڵک یان ئاکۆبووینەوە.
3. ئاکۆ = کۆی ئاوەکان.
4. بۆچونێکی تریش لە سەر ناوی گوندی ئاکۆیان هەیە، دەڵێن کەسێک لە حکومەتی سەردەمی خۆی یاخی دەبێ و دێتە گەلی ئاکۆیان نیشتەجێ دەبێت، پیاوێکی بە شان و شەوکەت و زەبەلاح بووە، خەڵک لێی ترساوە و گوتویانە دەڵێی ئەکوانی دێوە هەرکەسێکیش ویستبێتی سەردانی ئاکۆیان بکات گوتوویەتی دەچمە دۆڵی ئەکوان، دواتر ئەو ناوە بەسەر گوندی ئاکۆیان دابڕاوە.
5. ئەمانە هیچیان ناتوانیین بە تەواوی پشتیان پێببەسترێ تا بەتەواوی ڕیشەی ناوەکە نەدۆزرێتەوە.
$مێژووی ئەم گوندە$:
هەموو ئەو شوێنانەی ئاویان لێبووە و ناو چیا بووینە، مێژووێکی دوور و درێژی ژیانیی مرۆڤەکانی هەبووە، بەڵام بەهۆی کاولکاریی هێرشەکان و زۆرجاریش فەوتانی تەواوی خەڵکەکە یان ئاوارەبوونییان، چەندجارێک ئەم گوندانە لە نۆژەن دروستکراونەتەوە. ئەوەی بە بیری نەوەکان دێت و لە کتێبی مێژوویی شەڕەفنامەش ئاماژەی بۆکراوە، دوای ڕادەستکردنی دەسەڵاتی میرایەتی میرانی سۆران لە میر مستەفاوە بۆ میر محەمەدی کوڕی، میر مستەفا قەڵایەک ئاوەدان ئەکاتەوە لەم گوندە و لەوێ دەمێنێتەوە. ئەمە سەبارەت بە مێژووێکی نووسراو کە بە دیارییکراوی ساڵی (1814) بووە، چونکە لە ساڵی 1813 لەلایەن باوکییەوە پێشنیار بۆ میر محەمەد دەکرێ تا دەسەڵات وەربگرێ، بەڵام بەهۆی دانانی سێ مەرج لەلایەن (میر محەمەد) و پاشان دەبێتە (پاشای گەورە) بۆ باوکی ئینجا دەسەڵات وەرەگرێ، ساڵێکی بەسەردا دەچێت تا میر محەمەد دەسەڵات وەردەگرێ و میر مستەفای باوکی لەوێ دەگیرسێتەوە. گومانی تێدانییە چەندین ساڵ پێش ئەویش ئەم گوندە ژیانی تێدا هەبووبێ، چونکە هەڵکەوتەکەی وابووە، کە بۆ ژیان گونجاوبووە و هەموو هۆکارەکانی ژیانێکی ئاسایی تێدا بەرجەستەبوونە.
گوندی ئاکۆیان چەند جارێک کەوتۆتە بەر پەلاماری دوژمنانی کورد، وەک (تورک و ڕوس و عەرەب) لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەم تورکەکان گوندەکەیان تاڵان کردووە و بەشێکی ژن و منداڵیشیان کوشتووە، وە خەڵکیشیان بێ ئازوقە کردووە، بەو هۆیەشەوە بەشێکی تری خەڵک لە برسان مردوون، ڕووسەکانیش هەمان تاوانیان دووبارە کردۆتەوە، گوندی ئاکۆیان لە شۆڕشی ئەیلول زیانی زۆری بەرکەوتووە، لە ئەنفالی ساڵی (1988) بەڕەز و باخەوە سوتێنراوە و یەکسانی زەوی کراوە.
$شوێنە دیار و گرنگەکانی ئەم گوندە$:
1- گۆرەپانێکی گەورە هەیە پێی دەگوترێ گۆرە باغ کە باخچەی پاشا بووە.
2- لە سەروو گۆرەپانەکەش (گۆڕە باخ) قەڵاتێک هەیە پێی دەڵێن قەڵاتی ئاکۆیان. وەک ئاماژەیەک بۆ شوێنی میر مستەفا بەگ میری میرنشینی سۆران.
3- باخی پاشا یان باخچەی پاشا، ئاوەکەی لە ناو گەری (گەلی) ئاکۆیان واتا لە خوارەوە بۆ سەرکەوتووە.
4- کۆنگرە یان قونگرەیەکی پاسەوانی لە قەڵات هەبووە، بۆ پاسەوانی ئەم کۆنگرەیە، تاکو ساڵی (1976) وەک خۆی مابوو، بەداخەوە، کە ڕژێمی بەعس هات و ڕەبایەکی سەربازی لە قەڵاتی ئاکۆیان دامەزراند، ئەو کۆنگرە مێژووییەی تێکدا، کە تا ئێستاش ئاسەواری ماوە.
5- چۆمی ئاکۆیان: باخ و باخچەکانی گوندە، کە هاوینان خەڵکەکە لە ناو خانووەکانی گوند دەهاتنە دەرێ و ڕوویان لەو ناو باخچانە دەکرد بۆ حەوانەوە و شینایی کردن. ئەتوانیین بڵێین هاوینەواری خەڵکەکەش بووە و زۆر دڵگیرە.
6- لە گوندی ئاکۆیان (3) ئاشی ئاو هەبوون (2) یان تاکو ناوەڕاستی حەفتاکان ئیشیان کردووە، ئاشی ژێری هی ماڵی حاجی مەلا بوو، ئاشی ژۆری هی ماڵی مستەفا ئاکۆیی باوکی عزیز و ئەحمەد مستۆ بووە، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەریش باراشیان دەهێنایە ئەو ئاشانە، ئاشی زارگەری زۆر کۆن بووە هی سەردەمی پاشای گەورە بووە.
$سەرچاوەی ئاوەکانی گوندی ئاکۆیان$:
1- گەری (گەلی) ئاکۆیان سەرچاوەی ڕەسمی ئاوی گوندەکەیە.
2- کانی گۆرانگێ
3- کانی بێریلە
4- کانی مامشەمس
5- کانی بە تەشت
6- کانی ماتکان
7- کانی بن قەڵات
8- کانی کنێر
9- کانی مار
10- کانیە ڕووت
11- کانی نەبیە کۆری
12- کانی بەر ڕەزان
13- کانی بناوی ژێری
14- کانی بناوی ژۆری
$بەرەبابەکانی گوندی ئاکۆیان$:
1- ماڵە مەلا
2- ماڵە بەکر ئاغا
3- ماڵە وەستا
4- ماڵە عەمان
5- ماڵە مەروان
6- ماڵە غەفور
لە ڕووی ئاینیەوە. دوو مزگەوت و ناوندێکی پێگەیاندنی فەقێیانی هەبووە چەند کەسێک لەو گوندە ئیجازەیی مەلایەتیان پێدراوە و مەراسیمی دەرچوونیان بۆسازکراوە، بۆ نمونە (مەلا عەبدوڵڵا ئاکۆیی و شێخ مەلا عیزەدیین) ساڵی (1972) بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مەراسیمی ئیجازە پێدانەکەی بۆ گێڕدراوە. ئێستاش سێ مزگەوتی هەن.
$پەناگەکانی گوندی ئاکۆیان لە کاتی بۆردومانەکان$:
1- گەلی ئاکۆیان
2- گەلی زەنگڵان
3-گەلی مام غەفور
4- گەرەسپیلکە
5- گەلی سەران
6 گەلی تەندورێ
قوتابخانە:
1- یەکەم قوتابخانە لە ساڵی (1965) لە خانووی (حاجی حسێن ئاغا) لە گوندی ئاکۆیان کراوەتەوە، مامۆستاکەش (یونس ئەفەندی) #هەولێر#ی دەبێت دواتر (خورشید حاجی شەوکەت) دێت و دەوری باشی دەبێت لە پێگەیاندنی خوێندکارانی ئەو گوندە.
2- ساڵی (1971) بینای قوتابخانە لە بێگۆزان دروست کراوە، ساڵی (1974) خوێندکارانی ئاکۆیان لە (گەلی مام غفور) لە ژێر بۆردومانی تۆپ و ناپاڵمی فرۆکە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵیان ئەنجام داوە.
3- ساڵی (2005) قوتابخانەی ئامادەیی لێ کراوەتەوە.
4- نزیکەی (130) خاوەن بڕوانامەی جۆراوجۆری هەیە.
ئەو خزمەتگوزارییانەی گەیشتۆتە ئەم گوندە:
1. سالی (1972) ڕێگای ئوتومبێلی بۆ هاتووە.
2. دوای ڕاپەڕین، بنکەی تەندروستی بۆ دروستکراوە.
3. قوتابخانەی سەرەتایی و ئامادەیی.
4. تۆڕی ئاوی خواردنەوە.
5. ساڵی (2011) کارەبای نیشتمانی بۆ هاتووە.
6. گۆڕەپانی وەرزشی.
7. سێ مزگەوت.
8. شەش جۆگەی ئاودێری هەیە بەناوەکانی (بن بەرد، گوند تەلان، مەلیژیان، کە یەکێک هی سەردەمی پاشای گەورەیە).
9. جادەی گوندی فەقیان بە گەلی ئاکۆیان دا دەڕوات بە هۆی جوانی و فێنکی ئاو و هەواکەی بۆتە شوێنێکی خۆشی گەشتیاری.
10. لە 10-10-2010 لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی هاوڕێیانی کتێب کتێبخانەیەک لەم گوندە کرایەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێنی گونجاو و گرنگیی پێنەدانی لەلایەن حکومەتەوە، فەوتا.
یەکەمەکان:
1- یەکەم شەهیدی هاوڵاتی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول (یوسف حاجی مستەفا) لە ساڵی (1964) شەهید بوو.
2- یەکەم شەهیدی پێشمەرگە لە شۆرشی ئەیلول (ڕەسول حاجی مەحمود) لە09-09-1964 لە هەندرێن شەهید بوو.
3- یەکەم پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول (حەمەدەمین عەزیز) بووە، دواتر ئەویش لە سالی (1974) شەهید بووە.
4- لە 29-04-1974، بۆ یەکەم جار گوندی ئاکۆیانی بە فڕۆکە بۆردومان کراوە، کە بووە هۆی شەهیدبوونی (کەمال ڕەسول عەزیز) و چەندین کەسی تریش برینداربوون.
5- یەکەم شەهیدی پێشمەرگە لە شۆڕشی نوێ (ساڵح عەباس قادر) بووە، کە بە برینداری لە شەڕێکی قارەمانانە لە بەنی هەریر بە دیلگیراو لە 05-08-1978 لە موسڵ لە سێدارە درا.
6) یەکەم پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ کە لە بەرواری 10-09-1976 پەیوەندی بە شۆڕشی نوێوە کردووە، ئەحمەد حەمید عەزیز ناسراو بە (حەمە حەمید) بووە و کادیرێکی دیاری دۆلاکۆ بووە.
7- یەکەم خانەوادەی پێشمەرگە کە ڕژێم دەستگیریکردن لە هاوینی (1977) دایک و باوکی (حەمە حەمید) بوون. یەکەم کەسی ئاکۆیان، کە بوو بە مامۆستا (خورشید حاجی شەوکەت) بوو، کە ئێستا خاوەنی دکتۆرایە.[1]