خەندان ڕەهێل سەمەد
بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تەنها لە هەشت مانگی ئەمساڵدا بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە 731 هاوڵاتی بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لە دەستداوە و هەشت هەزار هاوڵاتیش برینداربوون.
ئەمڕۆ سێشەممە (19ی تشرینی دووەمی 2013) لە شاری #هەولێر# ڕێکخراوی پەرەپێدانی دیموکراسی و ڕێکخراوی دوا ڕۆژ بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی لاوان بە هاوکاری فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکومیەکان، کۆنفڕاسی کێشەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان و پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنیان ڕێکخست.
له و کۆنفراسەدا کە ژمارەیەک لە ئەفسەران و بەڕێوەبەرانی هاتوچۆ و شارەزایان و پسپۆرانی هاتو چۆ و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی ئامادەی بوون، عەمید عەبدولقادر سدیق، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: تەنها لە هەشت مانگی ئەمساڵدا بە هۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە 731 هاوڵاتی گیان لە دەست داوە لەگەڵ برینداربوونی هەشت هەزار هاوڵاتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.
وتیشی: لە ساڵی 2008 تا 2011، سێ هەزار 734 کەس بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوه و 28 هەزار و 536 کەسیش برینداربوون.
ئەوەش خرایەڕوو: لە ساڵی 2010 تا 2012، یەک ملیۆن و 648 هەزار و 287 مۆڵەتی تایبەت دراوە بە هاوڵاتیان، هەروەک له و دوو ساڵەدا یەک ملیۆن و 442 هەزار و 680 مۆڵەتی گشتی دراوە بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
هەر له و کۆنفراسەدا چەند توێژینەوەیەکی زانستی پێشکەش کرا بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی ڕێگا چارەی گونجاو بۆیان، هەروەک له و توێژینەوانە پێشنیاز کرا کە سندوقی (پشتیوانی کردنی هاتوچۆ و چاکردنەوەی ڕێگاکان) دابمەزرێت و داهاتەکەشی لە ڕێگای باج و سەرپێچیەکانی هاتوچۆ کۆبکرێتەوە لەگەڵ باجی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل.
#19-11-2013#