شەوی 2 لە سەر 3ـی ئایاری 2014 ژمارەیەک هەڵسوڕاو و چاودێری بزووتنەوەی گۆڕان لە نزیک بنکەیەکی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە شاری سلێمانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و پاشان لە تەلەفزیۆنەکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان وێنە و دانپێدانەکانیان بڵاو کرایەوە.
دەبوایە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لەبوونی حاڵەتێکی وەها ئاگادار بکرێتەوە و کۆمیسیۆن بڕیار بدات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا بکرێت، چونکە ئەوە لە چوارچێوەی سەلاحیاتی کۆمیسیۆنە کە بڕیار بدات کێ و چ لایەنێک پێشێلکاری کردووە و دەزگە ئەمنییەکانیش پێویستە پابەندی بڕیار و ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆن بن.
داوا لە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەین بە پێی یاسا و ڕێوشوێنەکانی خۆیان ڕێگە نەدەن هیچ جۆرە پێشێلکارییەک بەرانبەر دەنگی هاوڵاتیان و چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت.
لێرەدا بە گشت لایەک ڕادەگەیێنین کە دەبێ ڕەچاوی ئازادیی کارکردنی هەموو ئەو چاودێرانە بکرێت کە بە ئاگاداریی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە لایەن حزبەکانیانەوە بۆ ئەرکی چاودێریکردن لە کاتی هەڵبژاردن و جیاکردنەوە و ڕاگەیاندنی دەنگەکان ڕاسپێردراون.
جگە لەوەیش لەهەموو دۆخێکدا پێویستە مافی هاوڵاتیبوونی خەڵکیش پارێزراو بێت و بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی هەر گومانلێکراوێک نابێ وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
داوا لە گشت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندنەکانیان دەکەین بە پەرۆشی و هەست بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و کار بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بکەن و ڕێگە لە هەر هەوڵێک بگیرێت کە دەبێتە هۆی شێواندنی پێگە و ناوبانگی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان 4ـی 5ـی 2014