دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، تەنیا لەمانگی ڕابردوودا 24 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن تۆمارکراون، هۆکاری سەرەکی ڕوداوەکانیش بۆ دیاردەی چەکداری دەگەڕێنێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کە ئەمڕۆ پێنجشەممە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، لەمانگی هەشتی ئەمساڵدا 24 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش حەوت حاڵەت لەهەولێر بووە، 10 حاڵەت لەسلێمانی، سێ حاڵەت لەدهۆک و چوار حاڵەت لەگەرمیان بووە.
محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەخەندانی ڕاگەیاند "تەنیا لەماوەی یەک مانگی ڕابردودا 24 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن و خۆخنکاندن و خۆسوتان تۆمارکراوە، هۆکاری سەرەکی زۆربونی حاڵەتەکانیش بونی چەک و دیاردەی چەکداری و زۆربونی چەکی بێمۆڵەتە لەگەڵ بڵاوبونەوەی چەک لەناو بازاڕو شەقامەکاندا".
هەروەها جەختیکردەوە "لەئێستادا بەئاسانی چەک بەدەستی هەموو کەس دەگات، بەتایبەت لەدوای دروستبونی شەڕی داعش، قەیرانی ئابوریش یەکێکە لەهۆکارە سەرەکیەکانی زیادبونی ڕووداوەکانی کوشتن".
بەپێی ئامارەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لەو 24 حاڵەتەی مانگی ڕابردوودا 13یان کوشتن بووە بەچەک، لەگەڵ دوو خۆکوشتن، چوار خۆخنکاندن، سێ خۆسوتاندن و دوو هەوڵی خۆکوشتن کە دواتر گیانیان لەدەستداوە.
لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هۆکاری سەرەکی زۆربونی تاوانەکان بریتیە لەبەکارهێنانی چەک و زیادبونی دیاردەی چەکداری لەهەرێمی کوردستان، هەروەها "لەمانگی ڕابردودا حاڵەتێکی تری نایاسایی وەک بەشێک لەپێشێلکاری و سەرچاوەی تاوان تۆمارکراوە ئەویش بونی ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و بێ تابلۆو تابلۆی بیانیە".
وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وتی "لەمانگی شەشی ئەمساڵەوە دەستمان بەتۆمارکردنی وردی ڕووداوەکانی کوشتن کردووە، تەنیا لەمانگی شەشدا 42 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن ڕویداوە، لەمانگی حەوتیشدا 26 حاڵەت تۆمارکراون".
محەمەد گۆمەشینی دەڵێت "کۆی ڕووداوەکانی کە پەیوەستن بەخۆکوشتن و خۆخنکان خۆسوتان شتێک دیارنیە بەناوی تاوانبار، چونکە کەسەکە خۆی ئەو کارەی کردووەو هیچ یەکێک لەوانە نامەیەکی بەجێنەهێشتووە دوای خۆیان، هۆکاری سەرەکی ئەو ڕووداوانەش یان کۆمەڵایەتی بووە یان ئابوری بووە".
دوای بڵاوبونەوەی ئامارەکان، سەرۆکی بەشە تایبەتەکانی دەستەی مافی مرۆڤ ڕاسپێردراوە لێکۆڵینەوە لەرووداوەکان بکەن، بەوەی ئایا بکوژەکان دەستگیرکراون یاخود نا، بەوتەی گۆمەشینی.
ئەو ڕووداوانەی پەیوەستن بەتەقەکردنەوە وەکو کەیسی کوشتنی پارێزەرێک لەسلێمانی، یان تەقەکەرانی بارەگا حزبیەکان هەندێکیان هێزەکانی پۆلیس دەستگیریکردون و ڕەوانەی دادگا کراون، ئەوانەشی پەیوەستن بەکوشتنەوە بەشێکیان دەستگیرکراون و هەندێکی تریان خۆیان ڕادەستی پۆلیس کردووە.
وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت "هەندێکیشیان تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراون، دیارترینیشیان بکوژەکانی ویدات حسێن-ە".
لەنێو کوژراوەکانی مانگی ڕابردوودا، دۆسیەی ویدات حسێن عەلی (29 ساڵ) هەیە، کە ڕۆژنامەنووسێکی سەر بەئاژانسی ڕۆژنیوز –نزیک لەپەکەکە- بوو، دوای دیارنەمانی بۆ چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی لەنزیک دهۆک دۆزرایەوە کە ئاسەواری ئەشکەنجەدان بەجەستەیەوە دیاربوو، بەڵام تائێستا هیچ کەسێک بەتاوانی کوشتنی دەستگیرنەکراوە.
محەمەد گۆمەشینی ڕونیکردەوە کە بەپێی بەدواداچونەکانی ئەوان پۆلیس لێکۆڵینەوە لەروداوی کوشتنی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەکات و بەبڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمیش لیژنەیەک بۆ هەمان مەبەست پێکهێنراوە.
بەپێی یاسای ژمارەی (4)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی کوردستان، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەرکی چاودێریکردن و بەدواداچونی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی پێسپێردراوە.
- 01-09-2016