لە ماوەی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن لە #هەرێمی کوردستاندا# ڕووییداوە، نوێترینیان کوشتنی ژن و مێردێک بوو، وتەبێژی پۆلیسی #سلێمانی#ش دەڵێت، زۆرینەی حاڵەتەکان کێشەی کۆمەڵایەتین، دایکی ژنێکی گەنجیش کە بە فیشەک گیانی لەدەستداوە دەڵێت:کچەکەم کێشەی نەبووە خۆی بۆدەکوژێت.
لە شەوی 24ی ئەم مانگەدا، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، تەرمی ژن و پیاوێک بە کوژراوی لە نێو ماڵەکەی خۆیاندا دۆزرانەوە، لە ڕۆژی 16ی مانگیشدا تەرمی ژنێکی بیست ساڵ لە نێو ئوتومبێلێکدا لە ناوچەی دەباشان ی شاری سلێمانی دۆزرایەوە، ئەمە وێڕای چەندین حاڵەتی تر کە ڕوویداوە، لە زۆربەی شاروشارۆچکەکاندا، زۆربەی ڕووداوەکانیش کەسی لەسەر دەستگیرنەکراوە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەبارەی کوژرانی ژن ومێردەکەی گەڕەکی بەختیاریەوە وتی:کە ئەو ژن ومێردە خەڵکی شاری هەولێرن، پێدەچێت کوشتنەکەیان پەیوەندی بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هەبێت، لێکۆڵینەوەی پۆلیس بەردەوامە لەسەری.
ڕۆژنیوز بۆ بەدواداچوونی زیاتر چووە ئەو ماڵەی کە تەرمی ئەو ژن و مێردەی تێدا دۆزراوەتەوە، بەڵام هیچ یەکێک لە دراوسێکان زانیارییان لەسەر ڕووداوەکە نەبوو، تەنها یەکێک لە دراوسێکان بەبێ ئەوەی ڕێگای وێنەگرتن بدات بە ڕۆژنیوزی وت:ماڵێک بوون زۆر کەم دەمانبینین، جارجار لەگەڵ منداڵەکانیان دەمانبینین دەهاتنەوە یان دەڕۆشتن، بەڵام قەت نەدەهاتنە لامان، ڕووداوەکە بەلای ئێمەشەوە سەیر بوو.
(ئەو خانووەی تەرمەکانی تێدا دۆزرایەوە)
تەنیا نیاز، ناوی یەکێتی ترە لەو قوربانیانەی کە لەنێو ئوتومبێلێکدا تەرمەکەی لە ناوچەی دەباشانی شاری سلێمانی دۆزرایەوە، بەوتەی مێردەکەی تەنیا، شەو کە هەستاوە ژنەکەی لەماڵەوە نەماوە، لەدوای ئەوەی کە لەگەڵ کەسوکارەکەیدا بەدوایدا دەگەڕێن، لە دەباشان دەیدۆزنەوە، کە شوێنەواری گوللەیەک بە سەریەوەیەتی و دەمانچەی هاوسەرەکەی (کە ئەندامی هێزێکی ئەمنییە) لەنێو ئوتومبێلەکەیدایە.
(تەنیا)
ڕۆژنیوز بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر سەردانی پرسەی تەنیا-ی کرد، بەڵام کەسوکاری ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک لەسەر ڕووداوەکە بدەن، تەنها دایکی تەنیا، بە گریانەوە وتی:تەنها ئەوەم پێبڵن کچێک کە هیچ کێشەیەکی نەبێت بۆچی خۆی دەکوژێت، کچەکەی من شێت بووە لە خۆیەوە خۆی بکوژێت!؟.
سەرکەوت ئەحمەد، لەسەر ڕوداوەکەی تەنیا بە ڕۆژنیوزی وت:لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامە، ئەوەی تیمەکانی بەڵگەی تاوان کۆیانکردۆتەوە خراوەتە بەردەستی دادوەر، پزیشکی دادیش لەسەر ڕوداوەکە بۆچوونی خۆی وتووە، کە ئایا خۆکوژییە یان دەستی کەسێکی دیکەی تێدایە.
سەرکەوت ئەحمەد، وتیشی:وتەی کەسوکاری کوژراوەکەشمان وەرگرتووە، بەڵام تا ئێستا 100% نەگەشتوینەتە ئەوەی کە ئەم ڕووداوە خۆکوژی بێت، بەڵام بەلای خۆکوژیدا دەچێت، ئەو ڕێگەیەی کە ئەو لێوەی چووبێتە سەر شاخ بە بڕیاری دادوەر هەموو وێنەی کامێرەی چاودێریەکان وەرەگرین، ئەوکاتەش ڕوون دەبێتەوە کە ئایا کەسی لەگەڵدایە یان نا، تا ئێستا کامێراکان نەخراوەتە بەردەستی دادوەر.
لەبارەی زۆربوونی خۆکوشتن و کوشتن لەسنوری سلێمانیدا سەرکەوت ئەحمەد وتی:کێشەکان زۆربەی کۆمەڵایتین و لە دەروەی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە هاتوونەتە سلێمانی، قەیرانی داراییش کاریگەری هەیە لە سەر زۆر بوونی کێشەکان، بەڵام بەو شێوەیە نییە، چونکە هەتاوەک ئێستا کەس لەسەر پارە نەکوژاوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کە سلێمانی ئارامی تێک نەچووە، چونکە کێشەکان کۆمەڵایەتین، کەس نەهاتووە لەسەر شەقام خەڵک بکوژێت و ئارامی شار تێکبدات.
حاڵەتێکی دیکە کە هەر لەم مانگەدا ڕوویدا، ڕۆژی ڕۆژی 2ی مانگ، لە شارۆچکەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک، کچێکی تەمەن 16 ساڵ بەناوی (لینا وەلید) دیار نەما و دوای پێنج ڕۆژ پۆلیسی شارۆچکەکە دۆزینەوەی تەرمی ئەو کچەی ڕاگەیاند، بەڵا متا ئێستا ڕووننەبووەتەوە شێوازی گیان لەدەستدانەکەی.
(لینا)
لەو بارەی گیان لەدەستدانی لیناوە، ڕائید هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە ڕۆژنیوزی وت: تەرمەکە له ڕووباری خابوور نزیک گوندی چەمشکۆ دۆزراوەتەوه، تائێستا نەزانراوە کوژراوە یان خۆی کوشتووە.
25-06-2017