ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
بەرپرسێکی کارەبای #گەرمیان# ئاشکرای دەکات کە هیچ ئومێدیک نییە کارەبا لەمە باشتر بێت، چونکە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای حکومەت هەر ئەمەیە و هیچ هەوڵێکیش نییە بۆ زیادبوونی کارەبا و کارەباش زیادی نەکردووە، ئەندامی ڕێکخراوێکی مەدەنیش دەڵێت، ئەگەر وا بەردەوام بێت کاردانەوەی توندی هاوڵاتیانی لێ دەکەوێتەوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە گەرمیان، هاوڵاتیان نیگەرانن لەو ڕێژە کارەبایە کەمەی بە سنورەکەیان دەدرێت، بۆیە بەردەوام گلەیی و گازندەیان هەیە و داوای باشترکردنی ڕێژەی کارەبای نیشتمانی دەکەن.
عەلی حوسێن خاوەن دوکانێکی دانیشتوی شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلارە، لەبارەی خراپی کارەباوە بە ڕۆژنیوزی وت: ناڕازین لەو بڕە کارەبایەی پێماندەدرت، زۆر کەمە، بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما لێرە، پێویست بوو حکومەت جیاواز لە شوێنەکانی تری کوردستان کارەبای بە گەرمیان بدایە.
عەلی حوسێن وتیشی: خراپی و کەمی کارەبا زیانی بۆ خاوەن دوکان و فرۆشگاکان زیاترە، تا هاوڵاتیان، بە هۆی کەمی کارەباوە لەماوەی یەک مانگدا زیاتر لە 400 هەزار دینار زیانم پێگەیشتووە، دڵنیام خەڵکی تریش وەک من هەیە بە هۆی خراپی کارباوە زیانی پێگەیشتوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، شاهۆ عەبدوڵا، ئەندامی ڕێکخراوی ژیان، سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چاککردنی کارەبا بۆ ڕۆژنیوز وتی: وەک ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی سەردانی ئیدارەی گەرمیانمان کرد و لەگەڵ جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان کۆبوینەوە و پێمانڕاگەیاندن، کە خەڵک ناڕازییە لەو کارەباییەی کە هەیە، ئەگەر واش بەردەوام بێت کاردانەوەی توندی هاوڵاتیانی لێ دەکەوێتەوە.
شاهۆ وعەبدوڵا وتیشی: هەر لەوکۆبونەوەدا، بەرپرسی کارەبا ی گەرمیان، لەگەڵ بەرپرسانی کارەبای هەرێم گفتوگۆی کرد بۆ ئەوەی چاوێکیان لە خەڵکی گەرمیان بێت و کارەبای گەرمیان چاک بکەن، ماوەی چەند ڕۆژێکە هەست دەکرێ کارەبای گەرمیان باشتر بووە، بۆیە ئێمەش چاوەڕێین ئەگەر کارەبا خراپ بێتەوە، هەڵویستی ترمان دەبێت.
لای خۆیشییەوە، سیامەند بەرزنجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە لە سەر ئاستی کوردستان، بە ڕێژەی 5% کارەبامان بۆ دابینکراوە لە لایەن وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمەوە، بەم پێیەش دەتوانین 50% کارەبا بۆ هاوڵاتیانی گەرمیان دابین بکەین و بەمەش ناتوانین خواستی هاوڵاتیان وەک پێویست کارەبا دابین بکەین.
سیامەند بەرزنجی وتیشی: ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا 2400 مێگا واتە لەسەر ئاستی کوردستان، ئێمە وەک گەرمیان 100 مێگا وات کارەبا وەردەگرین لەو ڕێژەیە، ئەگەر ئەم ڕێژەیە لەوەرزی بەهاردا بوایە، ئەمانتوانی 18 کاتژمێر کارەبا دابین بکەین بۆ هاوڵاتیان، بەڵام بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرما و خواستی زۆری هاوڵاتیان بەتایبەت زۆری ڕێژەی بەکارهێنانی سپلیت، وایکردووە 10 تا 12 کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بکەین.
هەروەها ناوبراو باسی ئەوەشی کرد: ئێمە لە ڕووی گواستنەوە و تەکنیکەوە کێشەمان نییە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت 210 مێگاوات کارەبا بدات بە ئێمە، ئەتوانین 24 کاتژمێر بە هاوڵاتیان بدەین، ئەگەر 180 مێگاوات کارەبامان بداتێ، دەتوانین 18 کاتژمێر کارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین بکەین.
ئەو بەرپرسەی کارەبا وتیشی: هیچ ئومێدیک نییە کارەبا لەمە باشتر بێت، چونکە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای حکومەت هەر ئەمەیە و هیچ هەوڵێکیش نییە بۆ زیادبوونی کارەبا و کارەباش زیادی نەکردووە.
21-07-2017