ڕۆژی یەکشەممە 1ی 10ی 2017 لە سەلاحەددین سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان _ عێراق بە سەرپەرشتیی بەڕێز #مەسعود بارزانی# و ئامادەبوونی بەڕێز #کۆسرەت ڕەسووڵ# عەلی کۆبۆیەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پاش تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و هەروەها ڕاگۆڕینەوە لەبارەی کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکار و کاردانەوەکانی بەغدا لەبەرانبەر دەنگی ئاشتیانەی گەلی کوردستان و #ڕیفراندۆم# و چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ کاردانەوەکان و پێشبینیکردنی هەڵوێست و هەنگاوەکانی داهاتوو، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە بەو ئەنجام و بڕیارانەی خوارەوە گەییشتن:
یەکەم: کۆبوونەوەکە سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی کوردستان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و لایەنە سیاسییەکانی کرد کە بە یەکڕیزی و هاودەنگی و بە شێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنی بەشداریی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان کرد و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە مێژووییەی لە گەلی کوردستان کرد.
دووەم: کۆبوونەوەکە سوپاسی ئەرک و ماندووبوونی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەکات کە پاش ڕاپەڕاندنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم کۆتایی بە ئەرکەکانی هێناوە.
سێیەم: کۆبوونەوەکە جەخت لە بەردەوامیی زمانی حیوار لەگەڵ بەغدا و هەڵوێست و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان بۆ عێراق و دراوسێکان دەکاتەوە و پێشوازی لە بانگەوازی ئایەتوڵڵا سەید سیستانی لەمەڕ گرتنەبەری دیالۆگ دەکات و بە شێوەیەکی فەرمیش وەڵامی ئەو بانگەوازەی ئایەتوڵڵا سەید سیستانی دەداتەوە.
چوارەم: کۆبوونەوەکە جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکات و هەر جۆرە هەڕەشە و سەپاندنی سزای بە کۆمەڵ لەسەر خەڵکی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و پاڵپشتیی خۆیشی بۆ وەڵامی پارلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر بڕیار و ڕێوشوێنە خێراکانی بەغدا لەدژی خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە.
پێنجەم: کۆبوونەوەکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە دڵنیا دەکاتەوە کە ڕیفراندۆم و دەنگی ئاشتیانەی گەلی کوردستان بە هیچ شێوەیەک هەڕەشەی لەسەر سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکە دروست نەکردەوە و ویستی سەرەکیی گەلی کوردستان ئاشتی و پێکەوەژیانە و داوای کرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێز لە ئیرادە و دەنگی ئاشتیی گەلی کوردستان بگرێت.
شەشەم: کۆبوونەوەکە وێڕای دەربڕینی دەستخۆشی و پێزانین بۆ ڕۆڵی دەزگەکانی ڕاگەیاندن کە ڕۆڵێکی باشیان لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا هەبووە، تەئکیدی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕۆڵی ڕاگەیاندنی ناوخۆ لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا بێت و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە پێویستە لە چوارچێوەیەی یاسا سنوورێک بۆ ئەو هەوڵانە دابنرێت کە بە ئاراستەی دژایەتیکردنی مافی گەل و بەرپاکردنی شەڕی دەروونی و پێشێلکردنی سەرکەوتنی گەلی کوردستان کار دەکەن.
حەفتەم: کۆبوونەوەکە یەکڕیزی و یەکوتاریی هێز و لایەنە سیاسییەکانی بە کلیلی پاراستنی سەرکەوتنەکانی گەلی کوردستان زانی و، جەختیشی لە ڕەوایەتیی بڕیاری گەلی کوردستان و پارێزگاری لەو بڕیار و دەستکەوتەکان کردەوە. کۆبوونەوەکە دووپاتیکردەوە کە گەلی کوردستان خۆڕاگرانە سوورە لەسەر دیالۆگ، بە پشتبەستن بە میکانیزمی ئاشتیانە و هیچ هەڕەشە و گوشارێک لە بڕیاری 25ی 9ی 2017 پاشگەزی ناکاتەوە.
سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان _ عێراق
01-10-2017