ماوەیەکە هەڕەشە و چاوسورکردنەوە لە خەڵکی کوردستان لە لایەن پەرلەمان و حکومەتی عێراق و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە پەیوەند بە #ڕیفراندۆم#ەوە گەرم بوە. لەژێر ناونیشانی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقدا کە دەیان ساڵ ڕژێمی نەتەوەپەرست و شۆڤێنی بەعس و ڕژێمەکانی پێشووی عێراق، خەڵکی کوردستانیان سەرکوت و کۆمەڵکوژ دەکرد، دەیانەوێ مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە دانیشتوانی کوردستان قەدەغەو زەوت بکەن. پەرلەمانی عێراق دەستی عەبادی ئاوەڵا دەکات بۆئەوەی پارێزگاری لە یەکپارچەیی عێراق بکات و عەبادیش هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکات لە کاتی پێویستدا. هادی عامری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەوەی ڕاگەیاندوە کە دەیانەوێ عێراقێکی بەهێزو یەکگرتوو هەبێ و دژی دابەشکردن و هەرێم سازکردنە! لەپاڵ ئەم هەڕەشەو ڕاگەیاندنە ئاگرینانەدا، کەمپەینێکی ڕق و دەمارگیری لەلایەن ئەندام پەرلەمان و سیاسەتمەدارو سەرکردەی گروپ و لایەنە سیاسیە ناسیۆنالیستی و ئیسلامیە عەرەبی و تورکمانیەکان دەستی پێکردوە وهەموو هەوڵێکیان بۆئەوەیە کە ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بگرن، بەتایبەتی لەو ناوچانەدا کە بەناوچەی کێشە لەسەر ناودەبرێ!
ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی سیاسی کوردستان لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، مافێکی سەرەتایی و دیموکراتیکی خەڵکی کوردستانە. هاوکات ڕێگایەکە بۆئەوەی بەشێوەیەکی دیموکراتی و دوور لە شەڕ و خوێنرشتن ئەم کێشەیەی کە دەیان ساڵە بۆرژوازی کوردو عەرەب کاسبی لەسەر دەکەن، کۆتایی پێبێت و کرێکاری کورد عەرەب لەسەنگەری بۆرژوازیەکانی خۆیانەوە نیشانە لە سنگی یەکتر نەگرن! بەڵام حکومەت و پەرلەمانی عێراق کە ئاڵاهەڵگری فاشیزمی ئیسلامی و میراتگری ناسیۆنالیزم و شۆڤێنیزمی عەرەبین، ناتوانن ئەم مافە سادەو سەرەتاییە بە خەڵکی کوردستان ڕەوا ببینن.
ئەم هەڕەشەو شمشێر ڕاوەشاندنانەی فاشیزمی ئیسلامی موتوربەکراو بەشۆڤێنیزمی عەرەبی، ترس و دڵەراوکێی لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەدا بڵاوکردۆتەوە و مەترسی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دروستکردوە. لەولاشەوە، ناسیۆنالیزمی کورد دەیەوێ بە هەڵخڕاندنی هەست و سۆزی نەتەوەیی و دەمارگیری کوردایەتی بەرامبەر بەم هەڕەشەو هەنگاوە شۆڤینیستیانەی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ناوەند کاردانەوەی خۆی نیشان بدات.
ئێمە ئەم سیاسەتە نەتەوەپەرست و شۆڤینیستانەی پەرلەمان و حکومەتی عێراق و هەڕەشەکانیان بۆ ترساندنی خەڵک و ناچارکردنیان بۆئەوەی دەستبەرداری مافی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕایفراندۆم ببن، بە توندی سەرکۆنە دەکەین و دژی دەوەستینەوە. هەڕەشە ملهورانەکانی حکومەتی عەبادی و لایەنە ئیسلامی و نەتەوەپەرستەکانی عیراق و میلیشیا تاوانکارەکانیان، ئەو ڕاستیە بۆ خەلکی کوردستان چەند بارە دوپات دەکاتەوە کە هەرکات ئەم شۆڤێنستانە توانا پەیدا بکەن بە زەبری چەک و سەرکوت خەڵکی کوردستان ملکەچی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەو فاشیاستانەی خۆیان دەکەن. ئەمەش بەڵگەیەکە بۆئەوەی خەڵکی کوردستان پێداگری لەسەر ڕیفراندۆم و جیابونەوە بکەن، نەک دەست هەلگرتن لەو مافانە.
هاوکات حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان هەرجۆرە نەعرەتە و هاندانیکی نەتەوە پەرستانە لەلایەن ناسیۆنالیزمی کوردەوە وەکو کاردانەوە بەرامبەر نەعرەتەی شۆڤێنستی عەرەبی سەرکۆنە دەکات و کاردانەوەیەکی کۆنەپەرستانە و ناکۆکە لەگەل ئامانجی ئازادیخوازانەی خەلکی کوردستان. جەماوەری خەڵکی ئەم ناوچانە نەک هەر دوژمنایەتی و هیچ بەرژەوەندیکی ناکۆکیان نیە، بەڵکو ئەوان بەدەر لە ناسنامەی دروستکراوی نەتەوەیی و دینی و تائیفی، خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش و بە هاوپشتی دەتوانن سەرجەم دەسەڵات و هێزە ناسیۆنالیست و دینیەکان پاشەکشەپێبکەن و ناچاریان بکەن بە ملدان بە مافەکانیان. ڕیفراندۆمیش مافیکی دانیشتوانی ئەو ناوچانەیە و ڕیگایەکە کە بەدور لە هەر ملهوری و شەر و کێشەیەک هاوڵاتیان لە ڕیگای دەنگدانەوە چارەنوسی خۆیان بنوسن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بانگەوازی خەڵکی عیراق و کوردستان و بە تایبەتی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکات کە بە هوشیاریەوە مامەلەی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرست و شۆڤێنیستیانەی حکومەت و پەرلەمانی عێراق بکەن بۆ ئەوەی نەکەونە داوی ئەو پیلانە چەپەڵەوە کە ئەحزابی نەتەوەپەرست و ئیسلامی بۆ تیکدانی ژیان و ئەمنیەتی خەڵک دایانرشتوە. پێویستە یەکدەنگ و یەکدەست دژی هەرجۆرە دەمارگیری و هاندانێکی نەتەوەپەرستی بوەستنەوە کە لەهەر لایەکەوە دەستی بۆ دەبرێت و دەبێتە مایەی تێکدانی باری ژیان و گوزەران و ئاسایش و دەیان کاتەوە بە گژی یەکتردا. ئێمە هاوکات ئەوە ڕادەگەیەنین کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەرانسەری کوردستاندا بە ناوچە کێشە لەسەرەکان یشەوە مافێکی خەڵکە بەبێ ڕەچاوکردنی نەتەوەو دین و مەزهەبیانەوە. هەروەها پێویستە ئارامی و ئاسایش و ژینگەیەکی گونجاو ئازاد بۆ دەنگدانیان لە ڕیفراندۆم دا دەستەبەر بکرێت و بپارێزرێن لەهەر جۆرە هەڕەشەو ترساندن و ئیجبارکردنێک بۆ دەنگدان بە پێچەوانەی مەیل و ویستی خۆیانەوە.
بانگەوازی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز و لایەنەکانی بەرگریکار لە ئازادی و مەدەنیەت دەکەین لە عیراقدا کە دەنگی نارەزایەتی خۆیان دژی بریارە قەرەقوشیەکانی پەرلەمان و دادگای فیدرال و حکومەتەکەی عەبادی بەرزبکەنەوە و ئیدانەی بکەن و ناچاریان بکەن بە ملدان بە سەلماندنی مافی خەلکی کوردستان بۆ بەرپاکردنی ڕیفراندۆم و جیابونەوە. ئەگەر بوارێک مابیتەوە بۆ پیکەوەژیان ئەوە تەنها بە بریاری ئازادانەی خەلکی کوردستان مەیسەر دەبیت، نەک بە زەبری چەک و ملهوری.
#حزبی کۆمۆنستی کرێکاری کوردستان#
19-09-2017