دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە درێژایی دوێنێ پێشمەرگە ڕێگەينەدا هێزەکانی حەشدی شەعبی بێنە ناو هەولێر و دەشڵێت لە 16 ئەم مانگەوە 84 هەزار هاووڵاتی لە خەڵکی کەرکووک هاتوونەتە هەولێر.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2017 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئه و هێزەی حەشدی شەعبی کە ویستی بەره و هەولێر بێت لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕێگری لێکراوە و تێکشکێندرا و خەڵکی هەولێر لەناو شارەوە پاڵپشتییان لە پێشمەرگە کرد.
پارێزگاری هەولێر وتیشی لە ڕۆژی 16ی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ شەممە 84 هەزار کەس لە خەڵکی کەرکووک هاتوونەتە هەولێر و زۆربەیان لە ماڵی خزم و کەسوکاریان نێشتەجێبوون و بەشێکی تریشیان لە هۆتێل و شوێنە گشتییەکان حەوێنراونەتەوە.
لە بارەی ڕەوشی ئاوارە عەرەبەکانیشەوە ئەوەی خستەڕوو، گیانی ئاوارە عەرەبەکان پارێزراوە، بەڵام شەوی ڕابردوو لە شاری ئاشتی هەولێر کێشەیەک دروست بوو خەڵکێک ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر هەندێ ئاوارەی عەرەب، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگریکراوە و لەوکاتەشدا کەسێک سەرکێشی کردووە و کوژراوە.
پارێزگاری هەولێر نیگەرانی خۆشی بەرامبەر هێزەکانی هاوپەیمانان دەربڕی کە پشتیان لە کورد کرد بە تایبەت هەولێر کە شوێنی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بووە و تانک و چەکی ئەمریکی بە دەستی حەشدی شەعبییەوە بووە بۆ لێدانی پێشمەرگە.
روونیشیکردەوە، بەیاننامەکەی ئەمریکا جێی دڵخۆشییە و چاوەڕێی هەڵوێستی زیاترمان دەکرد، چونکە ئێمە خۆمان بە دۆستی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەزانین و ناکرێت ئەمریکا ڕێگەبدات چەکی ئەوان دژی کورد بەکاربێت.
لەبارەی هاوکاری ئاوارەکانیشەوە نەوزاد هادی، وتیشی تائێستا هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی هاوکاری ئاوارەکانی کەرکووکی نەکردووە، ئەوەی کراوە لە ناوخۆ بووە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکەی حەشدی شەعبی لە تەقتەق کشاوەتەوە و ئێستا هیچ مەترسییەک لەسەر ئه و ناوچەیە نەماوە.
لەبارەی لێدوانەکەی عەبادی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم، نەوزاد هادی ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی دەستووری عێراقییەوە دامەزراوە، دامەزراندنی پارێزگاکانی هەرێمیش بەپێی یاساکانی هەرێم بووە، بۆیە لە ژێر چەتری هەرێم دمێننەوە مامەڵە لەگەڵ عێراق ناکەن.[1]
21-10-2017