ڕۆژنیوز هاوڕێ کرێکار
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی #گەرمیان# ڕایدەگەیەنێت، نەبوونی #سایلۆ#ی وەرگرتنی #گەنم# کێشەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دروستکردووە، هەروەها ڕێگری نەکردن لە هێنانی سەوزە و میوە لە ئێرانەوە بۆ گەرمیان، کێشەیەکی دیکەی کشتوکاڵی ناوچەکەیە.
کیشەو گرفتەکانی کشتوکاڵ لە سنووری گەرمیاندا دوای هاتنەوەی سوپای عێراق بۆ سنوورەکە ڕووی لەزیادبوون کردووە، هەروەها نەبوونی سایلۆش گرفتێکی دیکەی جوتیارانی سنوورەکەیە، لەوبارەیەوە، شادیە حسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان بۆ ڕژنیوز دەدوێت.
شادیە حسێن، وتی: نەبوونی سایلۆی وەرگرتنی گەنم گەورەترین گرفتی کشتوکاڵییە لە گەرمیاندا، وایکردووە ساڵانە لەناوچەکە کەمترین ڕێژەی گەنم وەربگیرێت، ئەو شوێنەی بۆ وەرگرتنی گەنم دەست نیشان دەکرێت تەنها 30 بۆ 40 هەزار تەن گەنم دەگرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ڕەزامەندی دراوە بۆ دروستکردنی سایلۆ، تەنانەت لە ساڵی 2014 ڕەوانە کراوە بۆ کۆمپانیا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە دروستنەکراوە.
شادیە، وتیشی: پێشووتر ساڵانە 62 ملیار دابیندەکرا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە بۆ جوتیارانی هەرێم، لە دوای هاتنی قەیرانی دارایی ڕێژەی ئەو پاڵپشتیە کەمکراوەتەوە بۆ 19 ملیار دینار، ساڵی ڕابردووش لەو بڕە پارەیە یەک ملیار و شەسەد هەزار دینار بەر گەرمیان کەوت، ئەمەش گرفتێکی ترە، کە وەزارەت لەسەر ڕێژەی دانیشتوان ئەو بڕە پارە دابین دەکات و پشت بە ڕووبەری کشتوکاڵی نابەستێت، بۆیە گەرمیان لەم دابەشکارییە زیانی بەرکەوتووە.
ناوبراو باسی لەوەشکرد: بەهۆی ئەوەی لەمەرزی مونزرییەی سنوری شارۆچکەی خانەقین کە تایبەتە بە حکومەتی ناوەندی و ئێران، بە قاچاغ و بێ باج سەوزەو میوە دەهێنرێنە ناو گەرمیان، وای لێهاتووە بازرگانیکردنی میوەو سەوزە لە پەروێزخان کەمتربێتەوە، بەداخەوە لەبەر ئەم هۆکارە هەندێ جار بەربومی سەوزەو میوەی جوتیارانی خۆماڵی نافرۆشرێت لە بازاڕەکان و جوتیاران زیانیان پێدەگات، هەرچەندە لیژنەی ئابوری هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی بازاڕو ڕێگریکردن لە هاتنی باری قاچاغ، بەڵام لاوازن.
شادیە حسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو: دوو کێشە لە ناوچە دابرێنراوەکان هەیە، یەکەم، کێشەی موڵکایەتی و گرێبەستە کۆنەکان لەسنوری خانەقین، کە لە پێشووتردا کاتی تەعریبی ناوچەکەکراوە، جوتیارە کوردەکان دەرکراون و گرێبەستیان بۆ جوتیارە عەرەبەکان کراوە، ئێستا دوای هاتنی سوپای عێراق بۆ سنوری ئەو شارۆچکەیە ئەو کێشەیە سەریهەڵداوەتەوە، گرفتی دووەم زەوییە موڵکدارییەکانن، ئەو زەوییانەی ساڵی 1970 بە بڕیاری 117 زەوی خاوەن موڵکەکان دابەشکراوە بە سەر جوتیارەکاندا وەک قەرەبوو وەریان گرتووە، بەڵام لە تاپۆ ناویان نەکوژراوەتەوە.[1]
21-11-2017