هەر بەو شێوەیە کە میدیا نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا ڕووماڵیان کردووە، هەوڵە ئەمنیەتی و پۆلیسییەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کونتڕۆڵ کردنی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانە خەڵکییەکان، یان بەواتایەکی تر سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لە سەرانسەری ئێران، هەتا ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەسدانی دەیان هاووڵاتیی و دەسبەسەر و زیندانی کردنی هەزاران هاووڵاتیی دیکە.
ئەحمەد حەیدەری، نێعمەتوڵا ساڵحی، حسێن شەفیع زادە، عەباس کەریمی، بێهزاد شاسواری، عەلیڕەزا کۆمار، ئێحسان خەیری، ئارش خدری، سیروان پەسەندی، ئارمین سادقی، عەلی مۆئمێنی، نێعمەتوڵا شەفیعی، محەمەد ئیبراهیمی، شەهریار غوڵامڕەزا حەداوەند، حسێن ڕەشتوو، شەهاب حسێنی، حەمزە لەشنیزەن، محەمەد چوباک، ئەمین ڕەمەزانی، مەسعوود دەکیانی، قەلعە سەردی و موحسێن عادڵی، لەو کەسانە بوون کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بەهۆی هەڵسوکەوتی ئەمنیەتی و دەوڵەتی لەگەڵ ئەو کەسانەدا، گیانیان لە دەستداوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، میدیا و ڕاگەیەندنەکان باس لە گیان لە دەسدانی چەند هاووڵاتییەکی زیندانی بە تایبەتی سینا قەنبەری، وەحید حەیدەری، عەلی پۆڵایی، سارۆ قارەمانی، کیانووش زەندی و ئارام مۆعازی لە گرتووخانەکانی تاران، ئەراک، چالووس، ئەهواز و سنە دەکەن.
ئەگەرچی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی ئیددعای ئەوە دەکەن کە ژمارەیەک لەو زیندانییانە وەک سینا قەنبەری و وەحید حەیدەری خۆیان کوشتووە و سارۆ قارەمانی لە ڕەوتی شەڕ و تێکەڵچوونی چەکدارانەدا، کوژراوە، بەڵام سەرچاوە سەربەخۆکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئەو ئیددعایەی بەرپرسانی حکوومەتی ڕەت دەکەنەوە. لە هەمان حاڵدا دەوترێ، زیندانیی دیکە بە تایبەتی کیانووش زەندی و ئارام مۆعازی بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە لە گرتنگەکانی سنە گیانیان لە دەستداوە.
#ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان#، سەرەتا خەم و پەژارەی خۆی بۆ لە گیان لە دەسدانی دەیان هاووڵاتی و ناڕازیی مەدەنی دەردەبڕێ و خۆی بە شەریکی خەمی کەسوکار و خەڵکی ئێران دەزانێت. ئەم ڕێکخراوەیە بەپێی بڕیارنامەی 43/173ی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکراوی 9ی دێسامبری 1988 لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی مافی دەسبەسەرکراون، حکوومەت و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی گیانی سەرجەم دەسبەسەرکراو و زیندانییەکان دەزانێت.
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری وڵامدانەوەی ڕاستگۆیانەی بەرپرسانی دەوڵەتی، ئەمنییەتی و قەزایی لەبارەی گیان لە دەسدانی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو و زیندانیان و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ دەرکەوتنی ڕاستی و درووستیی ئیددعاکانی بەرپرسان، بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ گیان لە دەسدانە گوماناوییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویه.
ئەو ڕێکخراوەیە داوا لە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات بەرپرسیارەتی تەواوی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ پاراستن و داکۆکی لە گیان و سڵامەتی دەسبەسەرکراوان و لێکەوتەکانی دەسبەسەرکراوان و خۆپاراستن لە توندوتیژی قەبووڵ بکات.
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
ڕێکەوتی 26ی بەفرانبار 1396ی هەتاوی
#17-01-2018#