بەپێی ئامارەکانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، زیاتر لە هەزار و 200 کەسی کورد بەپێی یاسای تیرۆر لە هەرێم دەستگیرکراون، زیاتر لە دوو هەزار و 124 هاووڵاتی بە ڕەگەز عەرەب و تورکمان-یش بە تۆمەتی داعش بوون بە ماددەی تیرۆر دەستگیرکراون.
یەکشەممەی ڕابردوو 1ی تەموز، پەرلەمانی کوردستان کارپێکردنی بە یاسایی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژکردەوە، جگە لە فراکسیۆنی کۆمەڵ و بزوتنەوەی ئیسلامی سەرجەم فراکسیۆنەکانی دیکە دەنگیان بە درێژکردنەوەی یاساکه دا.
بەپێی ئامارەکانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، زیاتر لە هەزار و 200 کەسی کورد لەماوەی ساڵانی (2006 تاوەکو 2018) بە ماددەی تیرۆر دەستگیرکران.
هەربەپێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵانی 2015 تاوەکو 2018 زیاتر لە 2 هەزار و 124 کەسی بەڕەگەز عەرەب و تورکمان بە تۆمەتی داعش بوون بە یاسایی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.
مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند یاسایی تیرۆر کەموکوڕی زۆری تێدایە، چونکە یاساکە دەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی واڵاکردووە هەر کەسێک بیانەوێت بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیريبکەن، بەبێ ئەوەی پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت.
وتیشی هەندێک لە مادەکانی یاساکە پێچەوانەی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی تۆمەتبارە، بەو پێیەی لە یاساکەدا باس لە چۆنیەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار ناکات کە دەبێت بەپێی یاسا و مافەکانی مرۆڤ بێت تا کاتی دادگاییکردنی.
پێشتریش دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبووە، لەبەرامبەر دەستگیرکراوانی داعش و تیرۆر لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە تاوەکو 16/7/2016 کاری پێکرا، بەڵام دوای ئەم بەروارە لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواردەکراو، بەڵام لەمەودوا دەگەڕێنەوە سەر یاسایی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.[1]
#04-07-2018#