(ڕانانێکی کورت)
ئارام سدیق
زۆرجار بیر لەوە دەکەمەوە کە ڕابردوو هیچی تێدا نییە تا مرۆڤ یادی بکاتەوە، یان ئاوڕی لێبداتەوە، چونکە ڕابردوو دەستکاری ناکرێت و ناتوانرێت هیچی تێدا بگۆڕدرێت. بۆیە من هەمیشە دژی ئەو ڕابردووپەرستییەم کە زۆر کەس دەیکەنە بەشێک لە ژیانیان و بەردەوام دەیلاوێننەوە. ئەوەی سەیرە ئەوەیە زۆرجار ئەم لاوانەوەی ڕابردوو و یادکردنەوەیە دێتە نێو نووسین بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی ئەوتۆی پێ بێت بۆ ئێستا. من ناڵێم ڕابردوو نابێت یاد بکرێتەوە، بەڵکو دەبێت لە هەر یادکردنەوەیەکدا ئەوەمان لە خەیاڵدا بێت، کە تێیپەڕێنین و تێیدا نەچەقین و گیری تێدا نەخۆین. هەموو چەقینێک لە ڕابردوودا واتای لەدەستدانی ئێستا و ئاییندەیە. بۆیە بۆ ئەوەی ئاییندەمان هەبێت پێویستمان بە پەیوەستبوونە بەم چرکە ساتەی تێیداین، چونکە لێرەوە دەتوانین ئاییندە بنیاد بنێن. بەڵام ناتوانین بە پەیوەستبوون بە ڕابردوەوە هیچ نە بۆ ئێستا بەدەست بهێنین و نە بۆ ئاییندە.
لە هەفتەی ڕابردوو ڕۆمانی “گوزەرێک بۆ یادکردنەوەی ڕابردوو”ی نیکۆلاس سپارکسم خوێندەوە، کە ڕۆمانێکە “بەرزان عوسمان” کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ئەندێشە چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. ڕۆمانەکە باس لە پیاوێکی پەنجاوحەوت ساڵ دەکات، کە گوزەرێک دەکات بە تەمەنی حەڤدە ساڵەی خۆیدا و بەشێک لە چیرۆکی ئەو ساڵەی دەنووسێتەوە. لاندن، کە گێڕەرەوەی چیرۆکەکەیە و هاوکات هەر خودی خۆیشی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە.
ئەگەرچی چیرۆکەکە چیرۆکێکی سادە و هاوکات بە زمانێکی سادەش نووسراوە، بەڵام چیرۆکێکی بۆش نییە و لە هەناوی چیرۆکە چەندین تێمەی گرنگ هەیە، کە نووسەر کاری لەسەر کردوون. یەکێک لەو شتانە مەسەلەی عاشقبوونە. نووسەر بەشێکی ڕۆمانەکەی تەرخان کردووە بۆ کارکردن لەسەر عەشق و وەکو هێزێک دەیخاتەڕوو کە بەبێ ویستی مرۆڤ دێت و مرۆڤەکە ئاراستە دەکات. واتە ساتێکە کە مرۆڤ بڕیارەکانی لەدەست خۆیدا نییە. ئیتر لێرەوە نووسەر کاری لەسەر ئەوەش کردووە، کە هیچ هێزێک ناتوانێت ببێتە ڕێگر لە عەشق و ئەمەش لە پەیوەندی هاوڕێیەتی لاندن و جەیمیدا خستۆتەڕوو، کە سەرەتا تەنها هاوڕێیەتییەک لەنێوانیاندایە، واتر بەپێی نزیکبوونەوەیان دەبن بە خۆشەویست و لاندن ناتوانێک ئەو خۆشەویستییەی بۆ جەیمی هەیەتی بیشارێتەوە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە هیچ شتێک نابێتە بەربەست لە بەرامبەر ئەو عەشقەی کە لاندن بۆ جەیمی هەیەتی، چونکە ڕووبەڕووی چەندین ڕێگری ئایینی و کۆمەڵایەتی و دەبنەوە هەتا لاندن دەبێتە جێگەی گاڵتەپێکردنی هاوڕێکانی خوێندنگەکەی، بەڵام ئەو کۆڵ لە خۆشەویستییەکەی نادات و بەردەوامیش لە قوربانیدا بۆ ئەوەی جەیمی بەدەست بهێنێت.
ساتێک کە زۆر سەرنجڕاکێشە ئەو ساتەیە کە لاندن دەیەوێت جەیمی بخوازێت، بەڵام جەیمی ئەوە ڕەتدەکاتەوە و پێی دەڵێت کە ئەو نەخۆشی درێژخایەنی لەگەڵدایە. بەڵام لاندن زیاتر پێداگرە لەسەر عەشقەکەی و کاری زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بە جەیمی بگات، هەر بۆیە خۆی دەچێت بە باوکی جەیمی (کە قەشەیە) دەڵێت، کە کچەکەی زۆر خۆش دەوێت و دەیەوێت بیخوازێت. هاوکات کاریش بۆ ئەوە دەکات تا دایک و باوکی خۆیشی ڕازی بکات بۆ ئەوەی کە ئەو بە خۆشەویستەکەی بگات.
لاندن دەیەوێت بیسەلمێنێت هیچ شتێک نییە ببێتە هۆی ڕێگری لە عەشقەکەی بۆ جەیمی و ئەمەش وای لێدەکات زیاتر پێداگر بێت و تا زەماوەند لەگەڵ جەیمی بکات و دواجار زەماوەندەکەش دەکات و بە خۆشەویستەکەی شاد دەبێت.
سپارکس لە کۆی ئەم ڕۆمانەدا دەیەوێت پێمانبڵێت هیچ شتێک نییە ببێتە هۆی ڕێگری لە عەشقی ڕاستەقینە. ئەمە بێجگە لەوەی دەیەوێت ئەوەش بڵێت دەکرێت ئێمە یادی ڕابردوو بکەینەوە بەڵام بۆ ئەوەی وانەی نوێی لێوە فێربین و نەک بیلاوێنینەوە. ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی گوزەرکردنی لاندنی پەنجاوحەوت ساڵە بە تەمەندی حەڤدە ساڵی خۆیدا بەم ئەو نایەت ڕابردوو بلاوێنێتەوە و فرمێسکی بۆ بڕێژێت، بەڵکو ئەو یادی دەکاتەوە تا ئەو کەسانەی چیرۆکەکەی دەخوێننەوە ئەوانیش لە پێناو عەشق و هەر هیوایەکی دیکەی ژیانیان پێداگر بن و کۆڵ نەدەن تا بەدەستی دەهێنن.