یاخیبوون لە وشیارییەوەیە
ڕامانێکی کورت سەبارەت بە کتێبی مرۆڤی یاخی ئەلبێر کامۆ
ئارام سدیق
یەکێک لە کتێبە سەرنجڕاکێشەکانی ئەلبێرت کامۆ بەلای منەوە کتێبی مرۆڤی یاخیە. ئەم کتێبە لەگەڵ ئەوەی کتێبێکە زیاتر لە 50 ساڵ بەسەر تەمەنیدا تێدەپەڕێت، بەڵام کتێبێکە بۆ هەموو سەردەمەکان. مرۆڤ لە هەموو سەردەمەکان و لە هەموو جێیەکی دونیادا پێویستی بەم کتێبە و ئه و بیرۆکانە دەبێت، کە لە پشت ڕستەکانيەوە خۆیان حەشارداوە. ئەم کتێبە لە لایەن ئازاد بەرزنجییەوە کراوەتە کوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی و هونەری ئەندێشە بە چاپ گەیاندووە. لەم نووسینەدا هەوڵی ناساندێکی کورتی چەمکی مرۆڤی یاخی دەدەین و بزانین مرۆڤی یاخی کێیە؟
کامۆ لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا بەمشێوەیە باس لە مرۆڤی یاخی دەکات و دەنوسێت:ئه و مرۆڤەیه، کە دەڵێت نەخێر، بەڵام ئەم ڕەتکردنەوەیە مانای ئەوە نییه، کە حاشا لە هەموو شتێک دەکات، بەڵکو ئه و مرۆڤێکە کاتێک دەست بە بیرکردنەوە لە خۆی دەکات دەشڵێت بەڵێ. ئه و کۆیلەیەی کە بە درێژاریی هەموو ژیانی فەرمانی جێبەجێ کردووە لە پڕێکدا کە فەرمانی تازەی پێ دەدرێ، بڕیار دەدات جێبەجێی نەکات.
دواتر کامۆ لەبارەی ڕوودانی کاتی یاخیبوونەوە دەنوسێت: یاخیبوون کاتێک ڕوودەدات، کە مرۆڤی یاخی هەست بکات لە شوێنێک بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر هەقە.
لەم پێناسەیەی سەرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە یاخیبوون مانای ئەوە نییه، کە هەموو شتێک ڕەتبکرێتەوە، بەڵکو یاخیبوون خاڵی وشیاربوونەوەی تاکە بەرامبەر بە ناهەقییەک، کە لە گۆڕێدایە. واتە ڕەتکردنەوەی ئه و شتانەیه، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تاک لە قاڵب دەدەن و سنوور بۆ بیرکردنەوە و ئەفرادنەکانی دادەنێت. یاخیبوون لەپێناو ڕزگارکردنی تاکدایە لە هەژموونی کۆ، یان دەتوانین بڵێین یاخیبوون لەپێناو گەڕانەوەی تاکدایە بۆ لای خۆی و پرۆژەکانی.
کامۆ لە شوێنێکی تری کتێبەکەیدا دەنوسێت: هەموو بەهایەک نابێتە هۆی یاخیبوون، بەڵام هەموو یاخیبوونێک پشت بە هەندێک بەها دەبەستێت، یان ڕەنگە لە ڕاستیدا مەسەلەکە هەر مەسەلە ی بەها نەبێت. ئەگەر یاخیبوون لە پێناو گۆڕینی ژیاندا بێت، ئەوا ڕەتکردنەوەی کۆمەڵێک بەهای سەپێنراوە، هاوکات داهێنانی هەندێک بەهای دیکەیە، چونکە ژیان پێویستی بە ڕێگە و بنەمای تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە خۆی بدات. یاخیبوون بەگژداچوونەوەی پوچی ژیان و نائومێدی و ناعەدالەتییە. وەلی مرۆڤی یاخی باوەڕی بە هیچ جۆرە توندوتیژییەک نییە. ئه و چەندە باوەڕی بە ئازادی خۆی هەیە. ئەوەندەش باوەڕی بە ئازادی ئەوانی دیکە هەیە. کەواتە یاخیبوون لەپێناو پێشێلکردنی ئازادی هیچ کەسێکی دیکەدا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی ڕووبەرەکانی ئازادی و شکاندنی سنوورەکانی کۆیلەکردن و لە قاڵبدانی عەقڵی مرۆڤ. هەروەها یاخیبوون هەوڵێکیشە بۆ ڕەتکردنەوەی ئه و کۆتوبەندانی ئازادی عەقڵ سنووردار دەکەن و لە شوێنێکدا دەبنە ڕێگر لەوەی گوزارشت لە خۆیان بکەن. بەڵام تاکی یاخیبوو لە هەوڵی وێرانکردنی ژیانی ئەوانی دیکەدا نییە، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەدایە ئازادی سروشتی بۆ ئینسان بگەڕێنێتەوە و بڕوای بە ڕەتکردنەوەی ڕەها و حەقیقەتی ڕەها نییە، بەڵکو هەموو شتەکان لەسەر ڕیتمێکی ڕێژەیی دەڕۆن، کە ئەمەش نیشانەی هێشتنەوەی پانتاییە بۆ هەموو مرۆڤەکان تا گوزارشت لە خۆیان بکەن.
کتێبی مرۆڤی یاخی بەتەنها لە پێناسەکردنی ئەم چەمکەدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو کامۆ لە بەشی دووەمدا هەوڵی گرێدانەوەی ئەم چەمکەی داوە بە میتافیکاوە و بە چەندین نموونەش ئەمەی ڕوون کردۆتەوە. هەرچی بەشی سێیەمیشە تەرخانی کردووە بۆ یاخیبوونی مێژوویی و لەم بەشەدا باسی ئه و فیگۆرانەی نێو مێژووی کردووه، که بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەزموونی یاخبوونیان کردووە. هەرچی بەشی چوارەمیشە تەرخانە بۆ (یاخیبوون و هونەر) و کامۆ لەم بەشەشدا ئاماژە بە هەریەک لە ڕۆمان و یاخیبوون، یاخیبوون و شێواز، داهێنان و شۆڕش دەکات. هەرچی بەشی کۆتایی ئەم کتێبەشە کامۆ تەرخانی کردووە بۆ یاخیبوون و کوشتن. کە تێیدا باسی لە هەریەک لە کوشتنی نیهلیستیانە و کوشتنی مێژوویی کردووە.
ئەوەی لە هزری کامۆدا گرنگە ئەوەیە، کە دژی ئه و ملکەچییە عیرفانییەیه، کە تاک بەردەوام دەبێت بڵێ بەڵێ. مرۆڤی یاخی سەرەتا دەڵی نەخێر بۆ سیستم و نەخێر بۆ لە قاڵبدان و نەخێر بۆ کۆتکردنی عەقڵ و خەیاڵ، وەلێ دەڵێ بەڵی بۆ ئازادی و بیرکردنەوەی ئازاد و تاکبوون. هزری کامۆ لەسەر ئەوە بونیاد نراوه، کە کوێرانە هیچ ڕەتناکاتەوە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی هەر شتێک لای کامۆ، یان هەموو نەخێرگوتنێک، لە وشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت. تاک بە وشیاریەوە هەردوو وشەی (نەخێر و بەڵێ) بەکار دەهێنێت. نەک موریدئاسا تەنها سەری بەڵی ڕاوەشێنێت.
ئەوەی لە دواجاردا ماوەتەوە ئاماژەی بۆ بکەم ئەوەیە وەکو لە نووسینێکی دیکەدا لەسەر وەرگێڕانەکانی ئازاد بەرزنجی گوتوومه جوانی وەرگێڕانەکانی لە ئاستێکدایە نەک خوێنەر ماندوو ناکەن، بەڵکو دەڵێی بە کوردی نووسراوە. دەستخۆشی بۆ ئازاد بەرزنجی و ناوەندی ئەندێشە و ئەم کتێبە بەسوودە.