بابە تیرۆریزم چییە؟
ئارام سدیق
یەکێک لەو پەتایانەی ئێستا سەرجەم جیهانی گرتۆتەوە، پەتای تیرۆریزمە. ئەم پەتایە، بەجۆرێک کوشندە و گشتگیرە کەم جێگەی دنیا هەیە دەستی ئەم پەتایەی پێ نەگەیشتبێت و زیانی بەر نەکەوتبێت و نەبووبێتە ئامانجی گروپێکی تیرۆریست. ئەوەشی لە هەمووی مەترسیدارترە ئەو خاڵەیە، کە تا دێت پەتاکە زیاتر تەشەنە دەکات و ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنیشی تا دێت سەخت و سەختتر دەبێت. پاش هەر کردەیەکی تیرۆریستی ئەوەی بیری لێ دەکەمەوە ئەوەیە بۆچی مرۆڤ دەبێت هێندە دڵڕەق بێت مرۆڤەکانی دیکە بکوژێت؟ ئەم پرسیارە تا ئێستا دوای زۆرێک لە کردەوە تیرۆریستییەکان دێتە خەیاڵمەوە. یان ئایا چی وا لە مرۆڤێک دەکات هێندە بێبەزەیی بێت، کەسێکی نەناس بکوژێت؟
لیرەوە دەپەڕمەوە بۆ بەشی کۆتایی ڕۆمانی کەشتی فریشەکانی بەختیار عەلی، کە لەوێدا لە شوێنێکی ڕۆمانەکەدا وەفای ڕەفعەت بەگ، کە کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، بەراوردێک لەنێوان ڕێوی و مرۆڤدا دەکات و لەوێدا کۆمەڵێک پرسیار بۆ خوێنەر بە جێدەهێڵێت و یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە، کە ئایا هەرگیز ڕێوییەک بۆمبای ئەتۆمی بەسەر ڕێوییەکانی دیکەدا کردووە؟ دەشێت ئەم پرسیارەی وەفای ڕەفعەت بەگ لە دایکبووی بیرۆکەی ئەو دڵڕەقییە بێت، کە باڵی بەسەر مرۆڤدا کێشاوە، چونکە لەم سەد ساڵەی پێشوودا مرۆڤ چووە ئاستێکی زۆر بەرزی دڵڕەقی، بە چەشنێک لە زۆر جێگەکەدا هەموو سنوورەکانی مرۆڤبوونی سڕییەوە.
یەکێک لەو کتێبانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خوێندمەوە و پەیوەندی بەو دڵڕەقی و لە مرۆڤکەوتنەی مرۆڤەوە هەبوو کتێبێکی تاهیر بن جەللون بوو بەناوی بابە تیرۆریزم چییە؟، کە ئازاد بەرزنجی کردووەیەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دووتوێی 140 چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. لەم کتێبەدا تاهیر بن جەللون و لەشێوەی گفتوگۆدا لەگەڵ کچەکەیدا ویستوویەتی بە زمانێکی سادە و بەتایبەت بۆ لاوان، سەبارەت بە هۆکارەکان و دەرکەوتەکان و ڕەهەندەکانی مەسەلەی تیرۆر و تیرۆریزم بدوێت.
وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئێمە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژیين کەم ڕۆژ هەیە هەواڵی کوشتن، یان کردەوەی تیرۆریستیی تیا نەبیستین و بگرە هەندێجار بە چاوی خۆشمان دەیبینین؛ تیرۆرێک کە ئەگەر بێتو کار بۆ بەرلێگرتنی نەکرێ، ئەوا دەبێتە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان و بگرە هەموو جیهان.
تاهیر بن جەللون، بەدەر لەم کتێبە پێشووتر دوو کتێبی هاوچەشنی لەسەر دوو دیاردەی دیکەی سەردەم بڵاوکردۆتەوە، کە تاڕادەیەکی زۆر هەر بە هەمان تەکنیک نووسراون و گفتوگۆن لەنێوان خۆی و کچەکەیدا. یەکەمیان کتێبی ڕەگەزپەرەستی چییە؟ کە خەبات عارف کردوویەتی بە کوردی و دووەمیشیان لەسەر ئیسلام چییە؟، کە تا هەنووکە نەکراوە بە کوردی. ئەوەی لەم کتێبانەی بن جەللوندا گرنگە ئەو سادەییەی کتێبەکانییەتی کە لەم کتێبەشدا (مەبەستم کتێبی بابە تبیرۆریزم چییە)یە بەدوای چەندین پرسیاری گرنگەوەیە لە چەشنی تیرۆر چییە؟ کردەوەی تیرۆریستی لە مێژوودا کەی سەری هەڵداوە؟ هۆکارەکانی چین؟ پەیوەندی لەنێوان توندڕەوی و توندوتیژی و تیرۆردا چییە؟ پەیوەندیی ڕەگەزپەرستی بە تیرۆرەوە چییە؟ پەیوەندیی نێوان ئایینەکان و بەتایبەتیيش ئایینی ئیسلام و تیرۆر چییە؟ ئیسلامۆفۆبیا چییە؟ جیهادییەکان کێن و چۆن دروست دەبن؟ پەیوەندیی وەهابییەکان بە تیرۆرەوە چییە؟ ئایا پێویستە خوێندنەوەی تازە بۆ قورئان بکرێ؟ ئاخۆ هەموو توندوتیژی و تیرۆرێک ئایین لە پشتیەوەیەتی؟ پەیوەندیی هەژاری و بێکاری و پەراوێزخستن بە تیرۆرەوە چییە؟ پەیوەندیی پەروەردە و فێرکردن و ژینگەی خراپ و ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی بە لە پەرەدان بە توندوتیژیدا چییە؟ ئەو لاوانە کێن کە دەبنە تیرۆریست و بۆچی؟ ڕۆڵی میدیا و سۆشیال میدیا چییە لە ئاڕاستەکردنی مناڵان و لاوان بۆ کاری توندڕەوی و توندوتیژی؟داعش چۆن دروست بوو و لاوانی ئەورووپی بۆ دەبن بە داعش؟ ئایا دەوڵەتی قانوون دەبێ چۆن ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببێتەوە؟ ئەی چارەسەر چییە؟
بن جەللون لەم کتێبە قەبارە بچووکەدا و بە زمانێکی گەلێک سادە لەسەر ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکە هەڵوەستە دەکات و لایەنە جۆربەجۆرەکانی ڕوون دەکاتەوە. ئەوەشی زۆر پێداگری لەسەر دەکات لەسەر ڕێگەچارە بۆ کەمکردنەوەی تیرۆر، یان بنەبڕکردنی، ئەو ڕێگەچارەیەش کارکردنە لەسەر سیستمی پەروەردە و ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەکردنی تاکدا. بەدەر لەمەش ئەم نووسەرە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە نابێت بە هەمان میکانیزمی توندوتیژی ڕووبەڕووی تیرۆر ببینەوە دەڵێت: دەوڵەتێک کە یاسا تێیدا سەروەربێت بۆی نییە بەهەمان ئەو توندوتیژییە کوێرانەیەی تیرۆریستەکان پەنای بۆ دەبەن وەڵامیان بداتەوە، چونکە ناکرێت دوو جۆر عەدالەتمان هەبێت. یەکێکیان بۆ هاوڵاتیانی ئاشتیخواز و ئەوی تر بۆ ئەوانەی چەک هەڵدەگرن تا تاوانی دژ بە بێتاوان پێ ئەنجام بدەن.
نووسەر لە جێگەیەکدا لە دیاریکردنی یەکێک لە مەبەستەکانی تیرۆریزمدا باس لەوە دەکات، کە یەکێک لە مەبەستەکانی بڵاوکردنەوەی ترسە و نەک هەر ترس دەچێنێت، بەڵکو خۆیشی ترسناکە. هەر خودی ئەم ترسەیە کە هەنووکە بەشێک لە تیرۆریزی جیهانی کاری لەسەر دەکات بەتایبەت نموونەگەلی وەکو داعش، کە لە ڕێی چاندنی ترس و تۆقاندنەوە وەهمێکی گەورەیان بۆخۆیان دروست کرد. ڕێکخراوە تیرۆریستەکان زۆرترین کەناڵ و ڕێگە بەکاردەهێنن بۆ چاندنی ئەو ترسە و زۆرجار لە ڕێگەی کردە تیرۆریستییەکانەوە ئەم ترسە دەچێنن و زۆرجاری دیکەش لە ڕێی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی ترسناک و تۆقێنەرەوە. بن جەللون لە جێگەیەکدا ئاماژەیەکی کورت بە ڕۆڵی سۆشیاڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە چۆن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەیخەنە خزمەتی خۆیانەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێکخراوێکی وەکو داعش 46 هەزار ئەکاونتیان لە تیوتەر هەیە.
ئەم کتێبە قەبارە بچووکە لەگەڵ ئەوەی کار لەسەر ئەوە دەکات وەڵامی کۆی ئەو پرسیارانە بداتەوە، کە لەسەرەوە خستمانەڕوو هاوکات کتێبێکە مرۆڤ بێهیوا ناکات و کتێبێک نییە بۆ ئەوەی هیوای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە مرۆڤدا بکوژێک. ئەم هیوایەش لە چەندین جێگەدا ئاماژە پێ دەدات و تا دواجار لە کۆتایشدا دەنووسێت: ئەگەر بایەخ بە پەروەردە بدەین و لەو ڕێیەوە لە دروستکردنی نەوەیەکی نوێی لاودا بەشدار بین لەو وەهمانە ئازاد بووبێت کە وایان لێ دەکات بە ئاسانی بڕوا بە هەموو شتێک بکەن لە هەموو شتێک زیاتر پێویستمان بە هاندانی پەروەردەییە، چ لە ماڵەکاندا چ لە قوتابخانەکاندا چ لەنێو میدیاکاندا و هەموو شوێنێکی کۆمەڵگەدا. لای بن جەللون پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پڕۆسەیەکە دەبێت هەموان تێدا بەشدار بن. هەر یەکە لە ئاستی خۆیەوە بەشداری لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا بکات تا نەوە نوێکانی کۆمەڵگە هەڵنەخەڵەتێنرێن و تووشی سەرلێشێوان نەبن و نەبنە سووتەمەنی بۆ جۆشدانی کوشتاری ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
دەستخۆشی بۆ ئازاد بەرزنجی، کە بە هەڵبژاردنە وردەکانی، کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کردووە.