ئەنتۆلۆژیای چیرۆکی کوردی، یان بەلاڕێدابردنی خوێنەر
ئارام سدیق
چوار ساڵ لەمەوبەر یەکێتی نووسەرانی کورد، بۆ ناساندنی ئەدەبی کوردی بە دونیای عەرەبی دوو ئەنتۆلۆجیای بۆ شیعر و چیرۆکی کوردی چاپ کرد، کە هەردووکیان د. هیمداد حسێن سەرپەرشتی کردوون، کە خۆی هاوکات سەرۆکی یەکێتی نووسەرانیشه، واتە بەپێی ئەم پۆستە بێت دەبێت ئاگاداری لە دۆخی ئەدەبی و ئەوەی دەگوزەرێت لەنێو پانتایی ئەدەبی کوردیدا هەبێت . لە یەکەم ڕوانیندا بوونی ئەم جۆرە پرۆژانە جێگەی دڵخۆشین و هەنگاوی گرنگن، بەڵام لە ڕوانینێکی دیکە ئەوەی گرنگە ئەوەیە بنەمای ئەم کارە لەسەر چی وەستاوە و کێ بڕیاری داوە کە تەنها ئەم چیرۆکنووس و شاعیرانە بچنە نێو ئەم کتێبانەوە. من لەم نووسینە کورتەدا تەنها سەرنجی خۆم لەسەر کتێبی ئەنتۆلۆژیای چیرۆکی کوردی چڕ دەکەمەوە و لە دەرفەتی دیکەدا دەچمەوە سەر کتێبە شیعرییەکەش.
ئەنتۆلۆژیای چیرۆکی کوردی، کە کتێبێکی 408 لاپەڕەییە کە چیرۆکی 54 چیرۆکنووسی لە خۆگرتووە، وەکو گوتم لە یەکەم ڕوانینی ڕووکەشیدا وەکو هەوڵێکی گرنگ دەردەکەوێت، بەڵام دەکرێت بپرسین ئایا ئێمە هەر بە ڕاستی 54 چیرۆکنووسمان هەیە؟ ئەمە پرسیاری یەکەم. هەروەها ئایا ئێمە 54 چیرۆکنووسمان هەیە کە بە دونیا عەرەبی بناسێنین؟ ئەمەش پرسیاری دووەم؟ ئەی ئەم چیرۆکانە لەسەر چ بنەمایەک هەڵبژێردراون؟ ئایا ئەوەی لەبەردەستدا بووە بەزۆر خنراوەتە نێو ئەم کتێبەوە و تا (بەپەلە) پێشکەشی دونیای عەرەبی بکرێت. وەکو ئەوەی دونیای عەرەبی چاوەڕوانی کتێبگەلی لەم چەشنە بێت و خۆی دەستەودامان هیچی ئەوتۆی تێدا نەبێت بیخوێنێتەوە.
لە دونیادا کارگەلی لەم شێوەیە بە وردەکارییانە و بە ڕاوێژکارییانە کاری تێدا دەکرێت نەوەکو هەرچی لەبەردەشتدا بوو بخنرێتە نێو کتێبێکەوە و بەناوی ئەنتۆلۆجیای (چیرۆک/ شیعر)ەوە بدرێتە خوێنەر. وردەکاری لەوەی کە ئه و کەسانەی لە کتێبگەلی لەم چەشنەدان دەبنە نوێنەری ئەدەبی نەتەوەیەک و ئەوان وێنەی ئه و نەتەوەیە لای نەتەوەکانی دیکەی بەرامبەر دروست دەکەن. بۆیە هەمیشە باشترینەکان و کاریگەرترینەکان لەڕووی فۆڕم و تەکنیک و گوتار و دونیابینییەوە هەڵدەبژێردرێن. نەک هەرچی چیرۆکێکی نووسی لە پرۆژەی لەم چەشنەدا جێگەی بکرێتەوە.
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی هەر کتێبێکی لەم شێوەیە کە بیەوێت وێنەیەکی دروست لە چیرۆکی کوردی بدات بە خوێنەر پێویستە کارکردن بێت بۆ ناساندنی بەرهەم و ئەزموونی ئه و چیرۆکنووسانەی ئەزموونگەرن و خاوەنی تێکستگەلێکن کە لەڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و گوتارەوە تۆکمەییان تیدایە ، بە واتایەکی دیکە هەر کەسێک هات و چیرۆکێکی نووسی مەرج نییە چیرۆکنووس بێت و ڕووی ئەوەی هەبێت پێشکەشی خوێنەری زمانانی دیکە بکرێت. ڕاستە ئێمە مافی ئەوەمان نییە پاسپۆرتی چیرۆکنووسبوون بدەینە نووسەران، بەڵام لە کاریکی لەم شێوەیەدا مافی ئەوەمان هەیە کە دیارترین و کاریگەرترین دەنگەکانی چیرۆکی کوردی بە دونیا بناسێنین، یان لە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیەدا کۆیان بکەینەوە. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لەم پرۆژەدا ئەوە ڕەچاو نەکراوە بە بەڵگەی ئەوەی شەش لە دیارترین و کاریگەرترین چیرۆکنووسەکانی دوای ڕاپەڕین لەم کتێبەدا ئاماژەیان بۆ نەکراوە و جێیان نەکراوەتەوە کە ئەوانیش: (عەتا محەمەد، ئارام کاکەی فەلاح، عەتا نەهایی، کاروان عو مەر کاکەسوور، یوسف عزەدەین و هەورامان وریا قانیع)ن. ئەم شەش چیرۆکنووسە لەگەڵ ئەوەی دەنگی کاریگەر و دیاری چیرۆکی دوای ڕاپەڕینن هاوکات لە چیرۆکنووسە ئەزموونگەر و دیارەکانیشن و ناکرێت لە کتێبێکی لەم جۆرەدا جێگەیان نەبێتەوە. ڕاستە لەم کتێبەدا کۆمەڵێک چیرۆکنووسی دیار بەرهەمەکانیان خراوەتەڕوو و ئەمە جێگەی دەستخۆییە، بەڵام لەبیرکردنی ئەم چیرۆکنووسانەی سەرەوە، نەک کەلێنێکی گەورەیە بۆ ئەم کتێبە، بەڵکو خودی پرۆژەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. واتە ناکرێت تۆ ئاماژە بە چیرۆکنووسی زۆر لاوەکی نێو دونیای چیرۆکی کوردی بدەیت، بەڵام چیرۆکنووسە دیار و کاریگەرەکان فەرامۆش بکەیت.
دوا قسەی من لێرەدا ئەوەیە کە پەیامی هەر کتێبێکی لەم چەشنە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی دروستە لای خوێنەر لەسەر ئه و شتە مەبەستییەتی و وەکو ئەوەشی دیارە ئەم کتێبە د. هیمداد دەیەوێت وێنەیەک لە چیرۆکی کوردی بە خوێنەری عەرەبی زمان بگەیەنێت، بەڵام بە فەرامۆشکردنی ئه و چیرۆکنووسانەی ناومان بردن و چەندینی تر کە دەبوو لە پرۆژەگەلی لەم شێوەیەدا جێگەیان ببێتەوە کۆی پرۆژەی ئەنتۆلۆجیاکە دەخاتە ژێرپرسیارەوە و لەبری ئەوەی وێنەیەکی دروست لە چیرۆکی کوردی بە خوێنەر بدات وێنەیەکی شێواو، یان ناتەواوی چیرۆکی کوردی دەداتە خوێنەر و ئەوەندەی دەستی لە بەلاڕێدابردنی خوێنەردا دەبێت. نیو ئەوەندە دەستی لە دروستکردنی وێنە ڕاستەقینەکەی چیرۆکی کوردیدا نابێت.