خێزان و کارەساتەکان
ڕێبەرێک بۆ وڵاتی کارەساتەکان
ئارام سدیق
مێژووی دەوڵەتی عێراق، مێژوویەکی سیخناخ بە کارەسات و جەنگ و ماڵوێرانییە، بە شێوەیەک چەند ساڵێکی ئارامی نادۆزینەوە لەو سەد ساڵەی تەمەنی ئەم دەوڵەتە. هەر بۆیە ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی تاکەکان لەنێو ئەم جەنگەدا بە شێوەی تەندروست پەروەردە نەبن. بەڵکو زۆرجار تاکی لەڕێلادەر و مرۆڤی شکستخواردوو و ئینسانی بێ ئیرادە بەرهەم هاتووە. ئەمە بەرهەمی ئەو جەنگ و کارەسات و ماڵوێرانییەیە، کە تەمەنی ئەم دەوڵەتەی لەسەر بونیاد نراوە. دەوڵەتە پێشکەوتووەکان کە تووشی کارەسات و ماڵوێرانیش دەبنەوە زوو تێدەپەڕێنن و تێیدا گیرناخۆن، یان هەنگاونانێن بەرەو کارەساتێکی دیکە. ئەگەر نموونەی دەوڵەتێکی وەکو ئەڵمانیا وەربگرین دەبینین لە جەنگی دووەمی جیهانیدا تووشی شکستێکی گەورە بوویەوە بەشێوەیەک کە ئەو وڵاتە لە وێرانەیەک زیاتر نەبوو. بەڵام تەنها پاش دەیەیەک پێگە مێژوویی و سیاسی و ئابوورییە گرنگەکەی بەدەستهێنایەوە. بەڵام عێراق، کە من بە وڵاتی کارەساتەکان ناوی دەبەم، نەک توانای تێپەڕاندنی ئەو کارەسات و جەنگانەی نەبووە، کە ڕووبەڕووی بۆتەوە. بەڵکو لەم کارەساتەوە هەنگاوی ناوە بۆ یەکێکی دیکە و لەم جەنگەوە پەڕیوەتەوە بۆ جەنگێکی دیکە. وەکو ئەوەی ئەم دەوڵەتە مشەخۆرێک بێت لەسەر جەستەی جەنگەکان نەبێت نەتوانێت بژی.
بۆ ئەوەی زیاتر لە مەبەستی ئەم نووسینە دوور نەکەومەوە دەچمە سەر ناوەڕۆکی نووسینەکە، لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا کتێبی خێزان و کارەساتەکان- ڕێبەرێکی مەیدانی بۆ خێزان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونیم خوێندەوە، کە توێژینەوەیەکی مەیدانی گرنگە و دوکتۆر حسەین سەرمەک حەسەن نووسیویەتی و دانا مەلا حەسەن کردوویەتی بە کوردی و یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوی تاکۆ لە دوتوێی 302 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. نووسەر دایکبووی عێراقە و پزیشکی گشتی و دەروونییە و ئەم توێژینەوەیەی تەرخان کردووە بۆ کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی جەنگ و کارەساتەکان لەسەر تاک و لەوێشەوە لەسەر خێزانەکان.
ئەم کتێبە بێجگە لە پێشەکییەکی وەرگێڕ، هاوکات نووسەر پێشەکییەکی بۆ چاپە کوردییەکەی نووسیوە و دەستخۆشی لە وەرگێڕ کردووە کە ئەم کتێبەی کردووە بە کوردی. هاوکات نووسەر لە پێشەکییەکی دیکەدا باس لە وڵاتی عێراق دەکات وەکو وڵاتی جەنگ و کارەساتەکان و هەتا لە جێگەیەکدا کۆماری عێراق بە (کۆماری بێوەژنان و قەیرەکان) ناو دەبات و ئاماژە بۆ ئەو ئامارەش دەکات، کە بەهۆی جەنگەکانەوە یەک ملیۆن بێوەژن لە عیراقدا هەیە.
پاش ئەم پێشەکیانە نووسەر کتێبەکەی بۆ نۆ بەش و پاشکۆیەک تەرخان کردووە، کە هەر بەشەی تایبەت بە جۆرێک لە کارەسات و لێکەوتەکانی ئەم کارەساتانە و ڕۆڵی خێزان لەم نێوانەدا خراوتەڕوو. لە بەشی یەکەمدا نووسەر ئاماژە بۆ ڕووداوەکان و وەڵامدانەوەی خێزانەکان دەکات لە کاتی ڕووداوگەلێکی وەکو پێداکێشانی دوو ئۆتۆمبیل، کە تاکێکی نێو خێزان تووشی ڕووداوێک دەبێت. لێرەوە نووسەر دەپەڕێتەوە بۆ باسکردن لە کاریگەریی ئەم ڕووداوە لەسەر خێزان و ئەو شڵەژانە دەروونییەی تووشی دەبێت. هەمیشە و لەسەرەتای هەموو بەشێکیشدا بە نموونەیەک دەست پێدەکات و دواتر شیکردنەوە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی دەخاتەڕوو. بەشی دووەم تەرخانە بۆ کارەساتی جەنگ و کاریگەریی لەسەر خێزان و بەشی سێیەم تەرخان کراوە بۆ خێزان و کارەساتی مردن، چۆن لەپڕ کەسێک لە نێو خێزاندا دەمرێت و بۆشاییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی لای ئەندامانی خێزان دروست دەکات. هەرچی بەشی دواترە تەرخان کراوە بۆ کارەساتی بەدیلگرتن و کاریگەری ئەم کارەساتە لەسەر خێزانی بەدیلگیراوەکە. ئەم بەشە یەکێکە لە بەشە گرنگ و سەرنجڕاکێشەکانی کتێبەکە بەو پێیەی وڵاتی عێراق، کە وڵاتی جەنگ و کارەساتە یەک لە دوای یەکەکانە و بێبەش نییە لە هەزاران مرۆڤی بە دیلگیراو بەتایبەت لە جەنگی نێوان عێراق ئێران کە هەشت ساڵی تەواوی خایاند.
بەشی پێجەمیش تەرخان کراوە بۆ جیابوونەوەی هاوسەران و کاریگەریی لەسەر خێزان. بێگومان یەکێکی دیکە لە لێکەوتەکانی جەنگ و کارەساتەکان جیابوونەوەی خێزانەکانە کە ئاماری ئەمەش لەنێو عێراقدا بەردەوام لە هەڵکشاندایە. هەرچی بەشی دواترە تەرخان کراوە بۆ کارەساتی بێکاری و ئەو چەرمەسەریانەی تاک تووشی دەبێت و خێزان لە قەیرانەوە دەگلێنێت. نووسەر وەکو بەشەکانی دیکە بە نموونەیەکی سەرنجڕاکێش دەستپێدەکات و پاشانیش دەست بە شیکردنەوەکانی خۆی دەکات. هەرچی بەشی دواترە تەرخان کراوە بۆ نەخۆشی درێژخایەن و ئەو خەموپەژارەیەی کە بەهۆی ئەمەوە تووشی خێزان دەبێت و چۆن خێزانیش بتوانێت خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت. بەشی دوای ئەویش تەرخانە بۆ خراپ بەکارهێنانی دەرمان و ئالودەبوونی خێزان و هەرزەکار. بیگومان لەبەر ئەوەی وڵاتی عێراق وڵاتێکی بێسەروبەر و بێ یاسایە ئەمە ڕێگەخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی کە هەرزەکاران ئاسانتر تووشی ئالوودەبوون بە دەرمان و ماددە زیانبەخشەکان بن و هیچ شتێکیش نییە کە ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ئەم دیارانە بکات. هەرچی بەشی کۆتایشە تەرخان کراوە بۆ کارەساتی لاقەکردن و وەڵامدانەوە تاک و خێزان لەکاتی کارەساتی لەم شێوەیەدا. بێگومان وڵاتێکی وەکو عێراق کە وڵاتی قەیران کارەساتەکانە بۆیە ئەمە تەنها کاریگەریی لەسەر تاکە لایەنێکی دیاریکراو نابێت، بەڵکو کاریگەریی لەسەر تەواوی لایەنکانی دیکەش دەبێت و زۆرجاریش دەبێتە هۆی ئەوەی لادانی کۆمەڵایەتی ڕووبدات و نموونەی ئەمەش کارەساتی لاقەکردنە. کە نووسەر بە نموونەیەکی سەرنجڕاکێش دەست بە بابەتی ئەم بەشە دەکات و دواتر بۆچوونەکانی لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی خێزان لە کاتی ڕووداوی لەم چەشنەدا دەخاتەڕوو.
بەدەر لەم بەشانەی لەسەرەوە خرانەڕوو پاشکۆیەکیشی تێدایە کە تەخان کراوە بۆ شێوازندنی خود لە نێو گەنجانی عێراقدا، کە لێرەشدا نووسەر ئاماژەی بە شێواندنی جەستەیی خود دەکات و بە وردی سەرنجی خۆیشی لەسەر ئەم بابەتە خستۆتەڕوو.
ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها ڕانانێکی کورت بوو بۆ ئەم کتێبە و شیکردنەوە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی تەواوی بابەتەکانی کتێبەکە بۆ شارەزایانی ئەم بوارە بەجێدێڵم، بەڵام ئەوەی دەمەوێت پێداگری لێبکەم ئەوەیە ئەم کتێبە تەنها کتێبی چین و توێژێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو کتێبی تەواوی خێزانەکانە و پێویستە هەموو خێزانەکان ئاگاداری زانیارییەکانی نێو ئەم کتیبە بن. بەو پێیەی هیچ خێزانێک نییە لە قۆناغێکدا ئەزموونی یەکێک لەم کارەساتانەی نەکردبێت، یان نەیکات. بەو پێیەی ئێمەش تا هەنووکە بە عێراقەوە لکێنراوین و بەشێکین لەو کارەساتانەی ڕووبەڕووی ئەو وڵاتە دەبێتەوە کە ناوی عێراقە.
دەستخۆشی بۆ دانا مەلا حەسەن و ڕێکخراوی تاکۆ کە بەم جۆرە سەرچاوانە دونیابینی خێزانەکان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی فراوانتر دەکەن.