ململانێی عەقڵ و غەریزه
لە ڕۆمانی من و ئەوی ئەلبێرتۆ مۆراڤیا
ئارام سديق
زۆرجار دەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانێک دەکەیت و پاش ئەوەش کە تەواوی دەکەیت نازانی چیت خوێندۆتەوە، چونکە هیچی لا بە جێ نەهێشتوویت، یان ڕەنگە ئەوەی بەلای تۆوە گرنگە له و تێکستەدا نەبووە. بەڵام زۆرجاریش ڕێکدەکەوێت ڕۆمانێک هەر لە لاپەرەکانی سەرەتایدا بە جێبهێڵیت و واز لە خوێندنەوەی بهێنیت ئەویش لەبەر ئەوەیە کە هەر زوو هەستت کردووە ئه و ڕۆمانە هیچ ناڵێت، یان هیچی بۆتۆ پێ نییە. بەڵام زۆر تێکستیش هەن برینەکانی ڕۆحت دەخەنە بەردەمت ڕووی ڕاستەقینەی خۆتت پیشان دەدەن.
دوازدە ساڵ بەر لە ئێستا کاتێک ڕۆمانی زۆربام خوێندەوە ئەوکات لە زۆر دیمەنی ڕۆمانەکەدا هەستم به و زۆربایە دەکرد، کە لەناو مندا دەجوڵێت و دەیەوێت گوزارشت لە خۆی بکات. ساڵانێک دواتریش کاتێک تاوان و سزای دۆستۆیڤسکیم خوێندەوە سەرسامی لە ڕادەبەردەرم بۆ ئه و چیرۆکە و خستنەڕووی ئه و دۆخە سایکۆلۆژییەی ڕاسکۆلینکۆف هەبوو. هەرچۆن کاتێک ڕۆمانی عەترم خوێندەوە و دواتریش بە فیلم چیرۆکی گرینۆی بۆنساز و بکوژم سەیرکرد هەرگیز ڕقم لەم فیگۆرە بکوژە نەبۆتەوه، بەڵکو ئەم بۆنسازە بکوژە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشێک لە خەیاڵی منی داگیر کردووە . پەرجووی ئەم تێکستانە منیان لەگەڵ خۆیان برد و تا هەنووکەش لای من ماونەتەوە.
لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا کە ڕۆمانی (من و ئەو)ی ئەلبێرتۆ مۆراڤیام خوێندەوە، کە کارزان عەلی کردوویەتی بە کوردی و ئەندێشە چاپی کردووە، لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا هەستم به و بۆشاییە شاراوانەی نێوان من و ئه و کرد. بۆشاییگەلێک کە ڕەنگە بەشێکی کولتووری پاشکەوتوو و کۆمەڵگە ڕۆڵی تێیدا هەبووبێت، وەلی بەشێکی دیکەی مرۆڤ خۆی بۆ خۆی دروستی دەکات. ڕۆمانی (من و ئەو) ڕۆمانێکە کار لەسەر ئه و کەلێنە دەکات، کە لەنێو بوونی مرۆڤدا هەیە، ئەگەر باس له و کەلێنە بکەین، دەکرێت بڵێین ئه و کەلێنە جیاوازیی بڕیارەکانی نێوان عەقڵ و سۆز(غەریزە) دروستی کردووە. بەگشتی ئەم ڕۆمانە بەرپاکردنی شەڕی نێوان عەقڵ و غەریزەیە. شەڕێک کە تا دێت گەرموگوڕتر دەبێت. گەرموگوڕی ئەم شەڕە بەشی هەرە زۆری پەیوەندی بە زانستی نوێ و ئه و کەشفە نوێیانەوە هەیه، کە سایکۆلۆجیستەکان دەیدۆزنەوە. هەر بۆیە دەکرێت بڵێین ڕۆمانی من و ئه و دەچێتە خانەی ڕۆمانە سایکۆلۆجییەکانەوە.
مۆراڤیا لەم ڕۆمانەدا باس لە خودێکی پەرتبوو دەکات، خودێک زۆرجار بڕیارەکانی لە ژێر دەستی خۆیدا نییە، ئەگەر (عەقڵ) وەکو نوێنەری خۆی حساب بکەین، بڕیارەکانی ئەم خودە لە ژێر دەستی غەریزە سێکسییەکانیدایە. بە جۆرێک ئەم خودە کاتێک ئافرەتێکی جوان دەبینێت ناتوانێت جڵەوی غەریزەکانی بکات. هەربۆیە غەریزەکانی دەبێتە هۆی ئەوەی جوڵە و بڕیارەکانی ئاڕاستە بکەن. تەوزیفکردنی ئەم دووکەرتبوونەی مرۆڤ لەنێوان عەقڵ و غەریزەدا زۆر بە وردی کاری لەسەر کراوە، بەجۆرێک مۆراڤیا شۆڕبۆتەوە بۆ زۆر وردەکاری ژیانی فیگۆرەکە و هەتا زۆرجار تووشی بەزمی سەیرە و سەمەرەشی دەکەن.
لە پێشەکی ڕۆمانەکەدا (من و ئەو) بە ڕۆمانێکی سێکسی- فەلسەفی و هاوکاتیش بە ڕۆمانێکی تراژیدی-کۆمیدی وەسف کراوە، چونکە لە ڕۆمانەکەدا (ریکۆ) فیگۆری سەرەکییە و بە (من) ناودەبرێت و کەسێکی سەربەخۆیە و لە بواری سینەما و نووسینی سیناریۆدا کار دەکات لە دووتوێی ڕۆمانەکەدا دەیەوێت سیناریۆیەک لەسەر بزووتنەوە چەپگەراکان دابنێت، بەڵام ئەو، (کە من بە نوێنەری غەریزە لەم نووسینەدا ناوی دەبەم) دەبێتە ڕێگر و بەربەست لەبەردەمیدا و هەندێک لە داواکارییەکانی خۆیی بەسەردا دەسەپێنێت. واتە کۆی ڕۆمانەکە لەسەر ئه و ململانێییە بونیاد نراوه، کە لەنێوان (ریکۆ-من) لەگەڵ کەسی دووەمی خۆیدا (ئەو-غەریزە)دا تووشی دەبێت.
بەشێک لە توێژەران ئەم ڕۆمانە بە خستنەڕووی ئه و ململانێییەی نێوان کارل مارکس و فرۆید ناو دەبەن، به و پێییە لە ڕۆمانەکەدا ئاماژەدانێکی زۆری بۆ بزووتنەوەی چەپگەرا تێدایە و هاوکاتیش ڕۆمانەکە شۆڕبوونەوەیە بە نێو سایلۆکۆژیای مرۆڤدا و ئه و تیۆرانەی کە فرۆید کاری لەسەر کردوون.
مۆراڤیا ئەم ڕۆمانەی لە 1971دا نووسیوە و لە بارەی بیرۆکەی ئەم ڕۆمانەوە لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: بیرۆکەی ئەم ڕۆمانەم لە ڕووداوێکی ڕاستەقینەوە وەرگرتووە. مۆراڤیا لەبارەی ئه و ڕووداوەوە دەڵێت: ناسراوێکی هەبووە کەسێکی زۆر شەیدای سێکس بووە، وەلی کاتێک ئەم ناسراوەی دەچێتە ژیانی هاوسەرییەوە و دەیەوێت لە یەکەم شەودا بچێتە لای هاوسەرەکەی هیچ هەستێکی سێکسی نابێت. مۆراڤیا دەڵێت ئەم ناسراوەمان وەکو دواتر گێڕایەوە ئه و شەوە خەفەت زۆر دەخوات و لەگەڵ ئه و ئەندامی نێرینەی خۆی دەکەوێتە گفتوگۆ و زۆر سەرزەنشتی دەکات.
ئەوەی جێگەی ئەوەیە لێرەدا باسی بکەین ئەوەیه، کە ئەم نووسەرە توانیویەتی بە ئیلهاموەرگرتن لەم ڕووداوە ڕاستەقینەیە یەکێک لە شاکارەکانی نێو ئەدەبیاتی ئیتالی بخولقێنێت و له و گفتوگۆ سادەیەوە باس له و ململانێیەی نێوان هەردوو هێزی عەقڵ و غەریزە بکات، ململانێیەک کە زۆرێک لە مرۆڤەکان پێوەی گیرۆدەن. من و ئه و ڕۆمانێکە شایستەی خوێندنەوە ڕامانە، چونکە بەر کۆمەڵێک هەقیقەت دەکەوین، کە ڕەنگە پێشتر لە هیچ کتێبی تردا بەری نەکەوتبین.