خۆشەویستی ئه و شتەیە ناتوانین ناتوانين دەستبەرداری بین
ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی منداڵی سووتاوی ستیگ داگەرمان
ئارام سدیق
هەندێک کتێب ئه و هێزەی تێدایه، کە مرۆڤ بەره و ڕێگەیەکی دیکە ئاڕاستە بکات. ئیتر کتێبە باشەکان مرۆڤ بەره و ڕێگەیەکی ئارام و ئەرێنی ئاڕاستە دەکەن و کتێبەکانی دیکەش، یان مرۆڤ لە شوێنی خۆیاندا ڕادەگرن، یان بەره و لایەکی دیکە ئاڕاستەیان دەکەن.
زۆر کتێب کاریگەرییان لەسەر ژیانم هەبووه، بەڵام دوو له و کتێبانە لە ڕیزی پێشەوەی ئه و کتێبانەدا بوون کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرم جێ هێشتووە، بە جۆرێک منی پێش خوێندنەوەی ئه و دوو کتێبه جیاواز بووە لە منی پاش خوێندنەوەیان، ئه و دوو کتێبەش یەکەمیان، پەیام بۆ گریکۆ یادداشتەکانی نیکۆس کازانتزاکیسه، کە ئه و کتێبە ژیانی لا جوانتر کردم و وای کرد بە جۆرێکی دیکە لە ژیان و دەوروبەر بڕوانم. کتێبی دووەمیش له و ماوەیەی پێشوودا، خوێندمەوه، ڕۆمانی منداڵی سووتاوی ستیگ داگەرمانه، کە ئەم دوو کتێبە لە وەرگێڕانە جوانەکانی دلاوەر قەرەداغین . ئەم دوو کتێبە پێکەوە دەکرێت بڵێم جۆرە وەرچەرخانێکیان لە بیرکردنەوەی مندا دروست کرد، بە جۆرێک، چیتر من ئه و کەسە نەبووم، کە پێش خوێندنەوەی ئه و کتێبانە هەبووم. لەم نووسینەدا، دەمەوێت چەند سەرنجێکی کورت لەسەر ڕۆمانی منداڵی سووتاوی ستیگ داگەرمان بنووسم، کە لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشەیە.
لە پێشەکیی ڕۆمانی منداڵی سووتاودا، پێر ئولوڤ ئێنکیوست دەڵێت، هێشتا دوای شەست ساڵ، ئەم ڕۆمانەم وەکوو چیرۆکێکی بێهاوتای ڕیالیستیی ڕەوان بینیوە. ڕۆمانی منداڵی سووتاو لە ساڵی 1948دا نووسراوە و بە یەکێک لە هەرە مەزنترین ڕۆمانەکانی ئەدەبیاتی سوێدی دادەنرێت و لەسەر ئاستی دونیاش، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
چیرۆکی ڕۆمانەکە سادەیە و لەبارەی کوڕێکی گەنجی بیستوپێنج ساڵانەوەیە، کە دەکەوێتە دۆخێکی تایبەتەوە و پێوەندییەکی خۆشەویستی لەگەڵ ژنە تازەکەی باوکیدا دروست دەکات. بە جۆرێک گیرۆدەی ئه و خۆشەویستییە دەبێت، ناتوانێت لێی قوتار ببێت. بەشێک لە ڕەخنەگران هۆکاری نووسینی ئەم ڕۆمانە لای داگەرمان بۆ چیرۆکێکی واقیعیی ژیانی نووسەر دەگەڕێننەوه، کە پەیوەندیی لەگەڵ خەسوویدا هەبووە. زۆر جاریش ڕۆمانەکە بەوە تاوانبار کراوە، کە ئێجگار پڕ لە گرێی ئۆدیب و شیکاریی دەروونیی فرۆیدییە. بەڵام ئەم بۆچوونانە هیچیان نەبوونە هۆی ئەوەی نکۆڵی لە جوانی و سەرنجڕاکێشی و چێژبەخشیی ئەم ڕۆمانە بکرێت. بە جۆرێک، هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەوە، خوێنەر دەکەوێتە داوی پەرجووی حیکایەتە سادە و هێمنەکەیەوە و ناتوانێ دەستبەرداری بێت، تا دواڕستەکانی کۆتایی.
ڕەنگە پرسیاری سەرەکیی ئەم ڕۆمانە، گرێدانی خۆشەویستی بێت بە گرێی ئۆدیبەوە، بەڵام ئەمجارە گرێی ئۆدیب به شێوەیەکی دیکە خۆی پێشان دەدات. ئەویش ئه و کاتە دەبێت، کە بێنگت- فیگەری سەرەکیی ڕۆمانەکە عاشقی ژنە نوێیەکەی باوکی دەبێت و ناتوانێت عاشق نەبێت و لەبەردەم جوانی و عەشقی ئەودا خۆی پێ ناگیرێت و وەکوو بوونەوەرێکی دەستەوسان مل بۆ ئه و هێزە دەدات، کە خۆشەویستی هەیەتی و لەگەڵ خۆی ڕاپێچی دەکات.
لەم ڕۆمانەدا هێزی خۆشەویستی ئه و هێزە زاڵە ڕەشەبائاسایەیه، کە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەکات. هەتا لە شوێنێکدا داگەرمان دەڵێت، ئێستەکانێ خوازیارم دان بەوەدا بنێم، خۆشەویستی شتێکە ناتوانین نەیکەین. فیگەری سەرەکیی ئەم ڕۆمانەش بە جۆرێک لە جۆرەکانی، گیرۆدەبوونە، گیرۆدەی خۆشەویستیی دایکە نوێیەکەی بووە. بەڵام ئه و ناتوانێ ئەم دایکە نوێیە (ژنە تازەکەی باوکی) وەکوو دایک قەبوڵ بکات، بەڵکوو بە چاوی پڕ لە عیشق و خۆشەویستییەوە لێی دەڕوانێت ناشتوانێت دەستبەرداری ئەوە بێت.
یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ڕۆمانه، چیرۆکی نووسینی ڕۆمانەکەیە. ڕۆژنامەی ئێکسپرێسین بە ئەرکێکی ڕۆژنامەوانی ستیگ داگەرمان دەنێرن بۆ پاریس، تا ڕیپۆرتاژێکی تێروتەسەلی هاوشێوەی ئه و ڕێپۆرتاژە بنووسێت، کە ماوەیەک پێشتر داگەرمان، کە لەسەر ئەڵمانیا بە ناوی پایزی ئەڵمانیاوە نووسیویەتی بۆیان، بەڵام داگەرمان ئەوە ناکات، لەبەر ئەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیای خاپوورکراو نەبوو، بەڵکوو فەرەنسا وڵاتێکی داخراو بووە و له و سەردەمەدا دەسەڵاتێکی براوە بوو. لەم نێوانەدا تەنها لە ماوەی شەش هەفتەدا ڕۆمانی منداڵی سووتاو دەنووسێت و لە ساڵی 1948 دا چاپ دەبێت و هەر له و ساڵانەشدا دەنگدانەوەیەکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ڕەنگە ئەم ڕۆمانە خوێنەر ڕووبەڕووی پرسیاری زۆر بکاتەوە، بەڵام ئه و پرسیارەی کە پاش خوێندنەوەی ڕۆمانەکە دەستبەردارت نابێت، ئەوەیە ئایا خۆشەویستی ئه و شتەیە نا توانین نەیکەین؟ بێگومان ئەم پرسیارە ڕەنگە وەڵامی جۆراوجۆر هەڵبگرێت، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، ئەوەیه کە کەس نازانێت خۆشەویستی چۆن دێت و چۆن لە خۆیدا ونمان دەکات، هەر بۆیە وەکوو لە ڕۆمانەکەشدا ئاماژەی بۆ کراوە، خۆشەویستی ئه و شتەیە نەتوانین نەیکەین!
دواجار دەمەوێت بڵێم ئەم ڕۆمانە له و تێکستانەیه، کە پاش خوێندنەوەی تووشی ڕامانت دەکات، چیرۆکەکە چەند سادەیە، بەڵام ئەوەندە قووڵه، کە دەستکاریی بیرکردنەوەی خوێنەر دەکات، بە جۆرێک، بیرکردنەوە بەرامبەر بەشێک لە جووڵەکانی نێو ژیانت دەگۆڕێت .
دەستخۆشی بۆ دلاوەر قەرەداغی و وەرگێڕانە جوان و شیرینەکەی و هیوای سەرکەوتنیش بۆ ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە.