#داعش# لە عێراق تەنیا چەند ناوچەیەکی بچووکی گوندنشینی بەدەستەوە ماوە، حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان جەخت لەسەر تێکشکانی ڕێکخراوەکە دەکەنەوە، بەڵام ژمارەی هێرشەکانی داعش لە دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا دەریدەخات، ئەو ڕێکخراوە تاوەکو ئێستاش هەڕەشەیەکی گەورەی ئەمنییە لەسەر عێراق.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتیی ئەمریکا (CSIS)، ژمارەی هێرشەکانی داعش لە عێراق لە چاو 2016 زیادیان کردووە.
داعش لە لووتکەی دەسەڵاتی خۆیدا 30٪ی خاکی عێراقی بەدەستەوە بوو، لە ساڵی 2016 لە نێوان 10 بۆ 25 هەزار چەکداری لە عێراق هەبوو، وەک لە ڕاپۆرتەکەی (CSIS)دا هاتووە ئەوکات مانگانە 60 هێرشی لە عێراق دەکرد.
ئێستا داعش 99%ی ئەو ناوچانەی لەدەستداوە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتیدا بوون، بەم حاڵەشەوە بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندە ئەمریکییەکە، تێکڕای هێرشەکانیان، مانگانە 75 هێرش بووە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو دابەزیوە کە مانگانە 89 هێرشی کردبوو.
کەمبوونەوەی ژمارەی قوربانیان
هەرچەند ژمارەی هێرشەکانی داعش لەچاو ساڵی 2016 بەرزبوونەتەوە، بەڵام ژمارەی کوژراوانی هێرشەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیون. وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە هێرشەکانی 2016دا ژمارەی کوژراوان 6217 کەس بووە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی دواتر بۆ 5339 کەس دادەبەزێ، ئەمساڵیش کەمبووەتەوە بۆ 1656 کوژراو.
ژمارەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر خەڵکی مەدەنی کەمیکردووە. لەبەرامبەردا هێرشەکانی سەر دامەزراوە حکومی و سەربازییەکان بەرزبوونەتەوە. بەپێی داتاکان، لە ساڵی 2016 دا داعش 588 هێرشی لە عێراق کردووە، لەو ژمارەیە 473 هێرشیان بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان بووە و 115شیان دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکانیان کردووەتە ئامانج. ساڵی ڕابردوو ژمارەی هێرشەکانی داعش لە عێراق بۆ 998 هێرش بەرزبووەتەوە کە 635 هێرشیان بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان بووە و 363 هێرشیشیان لەدژی دامودەزگا حکومی و ئەمنییەکان بووە.
ئەمساڵ داعش 666 هێرشی لە عێراق کردووە، لەو ژمارەیە 272 هێرشیان بۆ سەر شوێنە مەدەنییەکان بووە و 394 هێرشیش دامودەزگا حکومی و ئەمنییەکانیان کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی هێرشەکانی داعش لە پارێزگای #کەرکووک# و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، لە کاتێکدا لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و سەلاحەدین هێرشەکانی داعش ژمارەیەکی پێوانەییان تۆمارکردووە. ڕاپۆرتەکەی (CSIS) بەشێک لە هۆکاری ئەمە بۆ دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دەگەڕێنێتەوە کە لە ئۆکتۆبەری 2017 بەدواوە لە ژێر دەستی #پێشمەرگە#دا نەماون.
لە ساڵی 2016دا، داعش نزیکەی 126 هێرشی لە پارێزگای کەرکووک کردووە، ئەم ژمارەیە لە 2017 بۆ 93 هێرش دادەبەزێ. بەڵام لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ داعش 197 جار لە پارێزگای کەرکووک هێرشی کردووەتە سەر شوێنە مەدەنی و حکومییەکان. بەو پێیەش ژمارەی هێرشەکانی کەرکووک لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو بەرزبووەتەوە. لە پارێزگای #هەولێر#یش ژمارەی هێرشەکانی ئەمساڵ شەش هێرش و هی ساڵی ڕابردوو دوو هێرش بووە. لە ساڵی 2016دا، داعش 10 هێرشی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردبوو. بەو پێیەش ژمارەی هێرشەکانی لە سنووری پارێزگای هەولێر لە نێوان 2017 بۆ 2018 سێ بەرامبەر بەرزبوونەتەوە.
ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو پارێزگای نەینەوا لە تشرینی یەکەمی 2016 دەستیپێکرد و تاوەکو کۆتایی 2017 بەردەوام بوو. هەر بۆیە ژمارەی هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2017 هەتا 343 هێرش چووە، لە کاتێکدا ژمارەی هێرشەکانی هەتا کۆتایی تشرینی یەکەمی 2018 بۆ 74 هێرش دابەزیوە. لە ساڵی 2017، ژمارەی هێرشەکانی داعش 256 هێرش بووە.
پارێزگای سەلاحەدین تاکە پارێزگای عێراقە کە تێیدا ژمارەی هێرشەکانی داعش لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەتەوە. لە 2016دا ژمارەی هێرشەکانی لەو پارێزگایە 52 هێرش بووە، ساڵی دواتر ئەم ژمارەیە بۆ 146 هێرش بەرز بووەتەوە، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا ژمارەکە بۆ 166 هێرش بەرزبووەتەوە.
لە پارێزگای بەغدا ژمارەی هێرشەکانی ئەمساڵی داعش 55 هێرش بووە. بەو پێیەش ژمارەی هێرشەکان لە چاو ساڵی ڕابردوو نیوە بوون. لە ساڵی 2016دا، داعش 102 جار ناوەندە مەدەنی و حکومییەکانی پارێزگای بەغدای کردبووە ئامانج.
داعش سەرهەڵدەداتەوە؟
ئەزموونی 15 ساڵی ڕابردوو سەلماندوویەتی داعش تەنیا بەرهەمی ناکارامەیی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان نییە، بەڵکو ژمارەیەک فاکتەری ئابووری، سیاسی، کولتووری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لە پشت سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ئەو ڕێکخراوەن کە ئەگەر پلانی تۆکمەیان بۆ دانەنرێ دەکرێ ڕێگە بۆ سەرهەڵدانی داعش یان قاعیدەیەکی دیکە خۆشبکەن.
بانکی جیهانی پێشبینی دەکات ڕێژەی گەشەی ئابووری عێراق لە ساڵی 2019 بگاتە 6.2٪، بەڵام ئەوەی ڕوون نییە ئەوەیە ئەو گەشە ئابوورییە چۆن ڕەنگدانەوەی لەسەر هەموو ناوچەکانی عێراق دەبێ، لە کاتێکدا بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەحەدای گەورەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێ.
جیا لەمە فاکتەرە دێموگرافییەکانیش تەحەدای گەورە تووشی حکومەتی عێراق دەکەن. بەگوێرەی فاکتبووکی (سی ئای ئەی)ی ئەمریکی، 58.71٪ی دانیشتووانی عێراق تەمەنیان لەژێر 25 ساڵە، ڕێژەی بێکاریی گەنجان زیاترە لە 16٪، لە کاتێکدا گومان دەکرێ ڕێژەکە لەو پارێزگایانەی شەڕی داعشیان تێداکراوە یەکجار بەرزتر بێ، لەوانەش نەینەوا، ئەنبار و سەلاحەدین.
راپۆرتەکەی (CSIS) بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی یونیسێف ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نزیکەی 3.5 ملیۆن منداڵی تەمەنی خوێندن یان ناچنە خوێندنگا یان ئەگەر بچن بە بەردەوامی ناچن، زیاتر لە 600 هەزار منداڵی ئاوارەش بە تەواوەتی لە پرۆگرامی خوێندنی 2018 بێبەش بوونە.
ناوەندە ئەمریکییە جەخت لەوە دەکاتەو ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێ دەرفەت بۆ ئەو دانیشتووانەی وڵات بڕەخسێنێ، ئەوە داعش دەتوانێ وەکو سەرچاوەیەک بۆ ڕاکێشانی ئەندام و لایەنگر بەکاریان بهێنێ.
#حەشدی شەعبی# ڕۆڵی گەورەیان لە شەڕی دژی داعش لە ناوچە سوننەکانی عێراق و ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووکدا هەبووە، ژمارەیەکی زۆر لەو هێزانەش لەو ناوچانە ماونەتەوە. بەڵام ناوەندە ئەمریکییەکە پێیوایە ئەو هێزانە نەیانتوانیوە بە یەکچاو دانیشتووە شیعە و سوننەکان بپارێزن، لە کاتێکدا هێزەکانی حەشد زیاتر فۆکەسیان لەسەر ناوچە شارییەکانی پارێزگای کەرکووک و سەلاحەدینە و ئاسایشی ناوچە گوندییەکان ناپارێزن کە شوێنی جموجۆڵی چەکدارانی داعشن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نیگەرانیی سەرەکیش سەبارەت بە وجوودی هێزەکانی حەشد لە شار و پارێزگای کەرکووکە کە بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی ئاوارە و کۆچبەرانی عێراق لە ئەنجامی هێرشەکانی ئۆکتۆبەردا 85 هەزار کەسی لێ ئاوارە بووە، ئەوە جگە لەو 30 هەزار کەسەش کە لە توز#خورماتوو# ئاوارە بوون.[1]
#14-12-2018#